Erbil 15°C یەکشەممە 05 ئایار 21:21

دەرکەوتنی رووناکیی هەستانەوە و ..تێپەراندنی کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەر

دەیانگوت كەركووك ئارامە و ئێمە لەناو كەركووكین،ئێستا ئەوان خۆیان دەڵێن كەركووك داگیركراوە و ئەگەر هێزەكانی عێراق بە ئاشتی نەكشێنەوە، ئەوا بە شەڕ ئازادی دەكەنەوه
100%

مامەڵە و رەفتار و هەڵوێستی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، تەواو تەواو لە هەڵوێست و رەفتاری رژێمی بەعس و سەدامی دوای رێكنەكەوتنی بەرەی كوردستانی و بەغدا دەچێت، سەدام و بەعس لە ساڵی 1991 دوای ئەوەی نەیانتوانی بەپێی بەندەكانی رێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 لەگەڵ بەرەی كوردستانی رێكبكەون و لەترسی هاوپەیمانانیش نەیاندەتوانی بە بەكارهێنانی سوپای عێراق كوردستان داگیربكەنەوە، هەستان بە كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەت و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بە سەر كوردستاندا، ئێستاش دوای ئەوەی حكومەتی عەبادی ناتوانێت بەپێی ماددەكانی دەستووری عێراق لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتنێكی هاوبەش، هەروەها ناشتوانێت بە رێگەی هێزی سەربازی كوردستان داگیر بكاتەوە، بەهەمان ئەقڵییەتی بەعس و سەدام، درێژە بە گەمارۆی ئاسمانی و ئابووری و بڕینی بودجەی كوردستان دەدات. بۆ ئەوەی چۆك بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دابدات و تەسلیمی بكات. بەڵام چۆن سەدام و بەعس لە دوای كشانەوەی دامودەزگاكانیان، دەرگایەكیان بۆ كوردستان ئاواڵا كرد، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی سەدام و بەعس دروستیان كرد، بە دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت پڕی بكەنەوە، لە ئێستاشدا پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و گوشار خستنە سەر عەبادی و بەغدا بەرەو ئەوە هەنگاو هەڵدەكرێت، دەرگایەكی دیكە بە رووی كوردستاندا بكرێتەوە. 


لە ئێستادا پێدەچێ ئەو زمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا، قسەی لەگەڵ حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی پێدەكەن، زمانێكی جیاواز بێت لەو زمانەی ئێران و میلیشیا شیعە وەكیلەكانی لەگەڵ عەبادی قسەی پێدەكەن، هەر بۆیە خۆ گێلكردنی عەبادی لە زمانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دیسان لە خۆگێلكردنی سەدام و بەعس دەچێت كە پێیان دەگوت هێزەكانت لە كوەیت بكشێنەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێت قبووڵ ناكات، ئەوە بوو بە قسەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەكرد و ئاكامەكەشی بینی، ئێستا كە جیهان داوا لە عەبادی دەكات لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دیالۆگ لەگەڵ كوردستان بكە و تەواوی ماددەكانی دەستوورەكە جێبەجێ بكە بە ماددەی 140 و هەڵوەشانەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیشەوە، ئەوا دیسان عەبادی داویەتیە عینادی و وەڵامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناداتەوە، بێگومان ئەویش وەك سەدام و بەعس ئاكامەكەی دەبینێت و پاشانیش پەشیمانی چەند سوودی بۆ سەدام و بەعس هەبوو، هەر هێندەش بۆ عەبادی و شیعەش سوودی دەبێت.


كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە لەساڵی 1991، ماوەی 168 رۆژ مۆڵەتی بە عێراقدا كە ملكەچی ئیرادەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت و بكشێتەوە، ئینجا گورزی خۆیان لێوەشاند، بەڵام حەیدەر عەبادی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەوە ماوەی 64 رۆژە وەك سەدام حوسێن خۆی لێ بۆتە پاڵەوان و وەڵامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناداتەوە، بۆیە ئەگەر بە میتۆدی سەدام و بەعس، ئەمجارەشیان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ عەبادی و شیعە بكات، ئەوا پێدەچێت سەبر و ئارمی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 3-4 مانگی دیكە ملهوڕی عەبادییش تاقی بكاتەوە، ئەوجا دەرگایەكی دیكە بە رووی كوردستاندا بكاتەوە و وەك كوەیت ئازادی بكاتەوە.


سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ بەرلین و لەندەن، لەدوای سەردانەكەی سەرەتای ئەم مانگەی بۆ پاریس، وەرچەرخانێكی گرنگە بۆ پێچەوانە بوونەوەی ئاراستەی كێرڤی پشتگیری نێودەوڵەتی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە بەغداوە بەرەو هەولێر، هەر بۆیە هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە لەماوەی تەنیا یەك هەفتەدا، جارێك لە ئامۆژگای ئەتلەنتیك ریكس تیلرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە باسكردنی مەترسییەكانی كۆریای باكوورەوە دێتە سەر قۆناخی دوای داعش لە عێراقدا و راشكاوانە ئەوە بە جیهان رادەگەیەنێت كە ئەمریكا هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەی دەستوور دەست بكەن بە دیالۆگ و دەبێت بەتەواوەتی دەستوورەكە جێبەجێ بكرێت و بەمەش كۆمەڵێك گرفت و نەهامەتی كوردستان چارەسەر دەبێت كە بەهۆی پێشێلكردنی ئەو دەستوورە دووچاری بوون.


هەر یەك دوو رۆژ دوای قسەكانی تیلرسۆن، ئەمجارەیان ماكماستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، جیا لەوەی جەخت لەسەر دیالۆگی نێوان كوردستان و عێراق و جێبەجێكردنی دەستوور دەكاتەوە، لەهەمانكاتدا جەخت لەسەر لێدوانێكی تازە دەكاتەوەو دەڵێت: «ئامانجی ئێمە چۆن پاراستنی یەكپارچەیی عێراقە، بە هەمان شێوەش پاراستنی یەكپارچەیی هەرێمی كورستانە»، ئەم قسە تازەیەی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ئاماژەیەكی راست و راشكاوانەیە بۆ ئەوەی رێگە نادەن، شیعە وەكیلەكانی ئێران بە رێگەی وەكیلەكانیان لە كوردستان زەمینە بۆ دوو ئیدارەیی، یان دابەشكردنی كوردستان خۆش بكەن.


ئەگەر لەسەر ئەم زانیارییە تازەیانە سەرنج لە هەڵوێست و لێدوانی تاقمەكەی ئەنجامدەرانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بدەین، هەست دەكەین لێدوانەكانیان گۆڕانكاری 180 پلەی بەسەردا هاتووە، هەر ئەو كەسانەی تا دوێنێ دەیانگوت كەركووك ئارامە و ئێمە لەناو كەركووكین، ئێستا ئەوان خۆیان دەڵێن كەركووك داگیركراوە و ئەگەر هێزەكانی عێراق بە ئاشتی نەكشێنەوە، ئەوا بە شەڕ ئازادی دەكەنەوە، ئەم قسانە لەوانەیە بۆ خەڵكانێك كە بە وردی هەڵوێستی نێودەوڵەتی نەخوێننەوە، یان ئاگاداری نەبن، جێگەی سەرسوڕمان بێت، بەڵام بۆ ئەوانەی ئاگادارن و دەزانن، ئەم قسانە لەسەر كام بنەما دەكرێن، مەسەلەكە نە ئازادكردنەوەی كەركووكە، نە فشەو فیشاڵ، بەڵكو مەسەلەكە گۆڕینی ئەركی ئەو تاقمەیە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ ئەوەی لە كوردستاندا شەڕێكی ناوخۆی خوێناوی دروست بكەن و تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنن، ئەگەر ئەوانەی ئەمڕۆ باس لە رزگاركردنەوەی كەركووك دەكەن، هەر ئەو خەڵكانەن كە خۆیان پێش لەشكریان بۆ سوپای داگیركاری پاسدار و حەشدی شەعبی كردو كەركووكیان پێشكەش كردن و بەنیازیش بوون سەری نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووكیش بكەن بەسەر تۆپی دیارییەكەیان بۆ ئاغای قاسم سولەیمانی، لە ئێستاشدا دیسان بە بیانووی كەركووكەوە دەیانەوێت شەڕێكی ناوخۆ دروست بكەن، ئەمجارەیان هەولێر و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بە سەرتۆپی دیارییەكەیان و تەسلیمی قاسم سولەیمانی و حەشدی شەعبی بكەنەوە.


لۆژیك و ئەزموونی بەشی هەرە زۆری سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بۆ پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، زەمینەیەكی لەباری دروست كردووە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە قسەی تاقمی ئەنجامدەری 16ی ئۆكتۆبەر فریو نەدرێن و پیلانەكانیان جێبەجێ نەكرێت، هەروەها كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەوە ئاگادارە كە قاسم سولەیمانی و سوپای پاسداران ئامانجیان ئەوەیە بە رێگەی كۆمەڵێك خەڵكی لاواز و خۆفرۆشی كوردستان، زەمینەی هەڵسانەوە و تێپەڕاندنی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن حكومەتی كوردستانەوە رابگرێت. بەڵام ئەوەی قاسم سولەیمانی و سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەر بۆیان چووە سەر، خەوێك بوو دووبارە نابێتەوە و تێگەیشتن لە كوردستانێكی بەهێز و عێراقێكی بەهێز لە گوتاری سیاسیی ئەمریكا، مانای ئەوەیە هەتا ئەگەر لە عێراق نەتوانرێت وەكیلەكانی قاسم سولەیمانی بە تەواوەتی لغاوگیر بكرێن، ئەوا كوردستان ئەو ژینگە لەبارەیە كە بە ئاسانی دەتوانرێت تاقمی ئەنجامدەری 16ی ئۆكتۆبەر و ئەوانی دیكەش كە شێوازی جیاواز خۆیان بە وەكیلی سوپای پاسداران و قاسمی سولەیمانی دەزانن، لغاوگیر دەكرێن و لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا جێگەیان بۆ نامێنێتەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.