Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 20:18

ئەردۆغان چۆن سوڵتانەتیەکەی دۆڕاند 

ئەردۆغان حەقی خۆیەتی گلەیی ئەوە لە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بکات کە بەر لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پرسیان پێی نەکردووە
ئاسۆ حاجی
100%

ئەگەر کارەساتی کەرکوک بەڕوە خیانەتکاریە ناوخۆیەکە و گەلەکۆمە دەرەکیەکەی وەک غەسان شەڕبلی نووسەری عەرەب و بەناو دۆستی کورد ناوی لێنا ( تەئدیب – تەمبێ کردن کورد) چەند پاشەکشێی بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و ئامانجە مێژوویەکەی گەلی کوردستان کرد لە سەر بەخۆیی زیاتر لەوەش زیاتر پاشەکشێ کردن بوو بە ئەردۆغان و حیزبەکەی و وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا.
ئەردۆغان لە بەرامبەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گەلی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەوەی سەڵماند کە سیاسیێکی عیناد و کورت بینە و ئەو کەسە نیە کە بتوانێ سەروەریەکانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە چونکە لەیەکەمین ڕوبەڕوبوونەوەی فیعلی لەگەڵ میراتگری ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی لە کەرکوک شکستی هێنا و لە شەڕەکە دۆڕا.


هاتنە پێشی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان زیاتر لە بژاردەیێکی خستە پێش ئەردۆغان وەک چۆن خستیە بەردەم ئەزمونێکی گەورە،بەڵام ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم سەلماندیان لەهیچیان سەرکەوتوو نەبوو،ئەردۆغان سەلماندی کە زیاتر دەیەوێ ئەتاتۆرکێکی دیکە بێ نەک خەلیفەیەکی عوسمانی،بەوەی کە هەموو توانا و قسە و کرداری لە دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد کورت کردەوە و تەواو ئیڕادە و عەقڵی خۆی تەسلیمی نەتەوە پەرستەکانی تورک کرد و زیاتر وەک دەروێشێکی باخچەلی دەدوا و بڕیاری دەدا نەک وەک میراتگرێکی سوڵتان سولەیمان قانونی و محەمەد فاتیح و سوڵتان سەلیم.


پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەرگای گەڕاندنەوەی سەروەریە لە دەست چووەکانی عوسمانی بۆ ئەردۆغان کردەوە لە گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ و بەو کارەش لەهەموو ڕوێکەوە سەردەکەوت و پاشەکشێی بە نەیارە ئیقلیمیەکان دەکرد و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش حیساباتی تورکیا دەچووە ئاستێکی دیکە کە هەموو مەمنونی مەرحەبایێکی دەبوون.


ئەردۆغان حەقی خۆیەتی گلەیی ئەوە لە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بکات کە بەر لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پرسیان پێی نەکردووە و ئەوە یەکێکە لەو خاڵە هەرە گرنگانەی کە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بەبێ یەکلایی کردنەوەی نەدەبوایە هەنگاو بۆ ڕیفراندۆم بهاوێژن،بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ئەردۆغان دەیتوانی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان بەگشتی بباتە قۆناغێکی پێشکەوتووتە کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا بوو بەوەی کە مەرجی پاڵپشتی کردنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە دامەزراندینی کۆنفیدڕاڵی لەگەڵ تورکیا ببەستێتەوە کە بەوە خەونی گەڕاندنەوەی ویلاتی موسڵ بە شێوەیێک کە لەگەڵ سەردەم بگونجێ و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش مەقبوڵ بێ،هەروەها چەندین هەنگاو پاشەکشێ بە ئێران بکات و تۆڵەی سوریا و ئەو شەڕەی لە ڕێگای پەکەکەوە خستیەوە ناو تورکیا بکاتەوە.


بەڵام ئەردۆغان چون پشتی باشترین دۆستی خۆی بە زەوی دادا بەهەمان شێوە خەونە مەزنەکەی خۆشی بەنەزانی لەگەڵ بەزەویدا کێشا و هەپڕون بە هەپڕونی کرد و زەحمەتە بتوانێ پارچەکانی کۆبکاتەوە و بەیەکیان بنوسێنێتەوە،مەگەر دۆخەکە بە هەر جۆرێک بێت بگەڕێتەوە بەر لە شازدەی ئۆکتۆبەر.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.