Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 09:01

دیدارە بڵاونەکراوەکەی هێرۆخان و پەیامەکەی قوباد

ئەو ئامانجەی قوباد کاری بۆ دەکات و دایکی پاڵپشتی لێدەکات وەدیهێنانی زۆر ئاسان نیە
ئاسۆ حاجی
#7
100%

دوای کارەساتەکەی 16 ئۆکتۆبەری کەرکوک هێرۆخان لە دانیشتنی مەکتەبی سیاسی داوای لێکۆڵینەوەی لەو ڕووداوە کردووە،دوا ئەوەش لەسەر دوای خۆی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنە سازداوە کە لەلایەن دوو ڕۆژنامەنووس چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئەنجامدراوە کە هێرۆخان لە وەڵامی پرسیارەکاندا زۆر زانیاری و ڕاستی دەربارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و ڕووداوەکەی 16 ئۆکتۆبەر خستۆتە ڕوو و داوای کردووە کە ئەو کەسانە سزا بدرێن کە لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕێکەوتوون و کەرکوکیان تەسلیم کردووە و هێرۆ خان بە ڕاشکاوی ئەوەی گووتوە:"ئەگەر یەکێتی یەکێتی بێت دەبێ باڤێل بەر لەوانەی دیکە سزا بدا".
ئەو دیدارەی هێرۆخان کە بە فەرمانی ماڵباتەکەی لە بڵاوکردنەوە دوورخرایەوە و ڕەنگە قەتیش بڵاونەکرێتەوە.
پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی وەک تەواوکەر قسە و هەڵوێستەکانی دایکی دێت بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی دەتواندرێ لەو یەکێتیەی دوای 16 ئۆکتۆبەر ماوەتەوە،بە تایبەتیش دوای دوورکەوتنەوەی کۆسرەت ڕەسوڵ لە یەکێتی و کوردستان بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی کە مەترسی ماڵی هێرۆخان زیاتر بووە لەوەی کودەتایەکەی منداڵەکانی شێخ جەنگی بچێتەسەر و بەتەواوی دەست بەسەر یەکێتی دا بگرن.
لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا بەڕوونی هانا بردن بۆ ناوی باوکی و خۆناساندن وەک کوڕی مام جەلال بەتایبەتی لە شێوەی ئیمزایەکەی کە بە (قوبادی مام جەلال تاڵەبانی) کردوویەتی تەئکیدکردنەوەیە لەوەی سەرکردایەتی یەکێتی دەبی لەناو ئەو ماڵە بمێنێتەوە،لەناو ئەو ماڵەش خۆی وەک جێگرەوەی باوکی دەناسێنێ.
ئەو ئامانجەی قوباد کاری بۆ دەکات و دایکی پاڵپشتی لێدەکات وەدیهێنانی زۆر ئاسان نیە بە تایبەتی کە براگەورەکەی هێشتا لەسەر ئەوگروپە هەژماردەکرێ کە 16ئۆکتۆبەریان دروست کرد و کۆنڕۆلی زۆربەی جومگە بەهێزەکانی یەکێتان لەژێردەست دایە وەک دەزگاکانی میدیا و دەزگای زانیاری و پاڵپشتی ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی،لەلایەکی دیکەشەوە هێشتا دیار نیە کۆسرەت و کوڕەکانی پاڵپشتی لە قوباد دەکەن یان ئەگەر بیکەن لە بەرامبەر چ؟
شانسی قوباد لە پاڵپشتی ئەمەریکیەکان دایە بۆی هەروەها لە تەفزیلکردنی پارتی بەسەر ڕکابەرەکانی و لەوانەش گرنگتر یەکێتی لەو دابەشبوونە و لێکترازانەی دوای کەوتنی کەرکوک لە قوباد کەسێکی دیکەی باشتر نادۆزنەوە وەک خاڵی هاوبەش و دەرچەیێک بۆ هێشتنەوەی یەکێتی بە قەبارەی ئێستایەوە.


لەگەڵ ئەوانەی باسم کردن خاڵێکی دیکە هەیە کە خزمەت بە قوباد و ئامانجەکەی دەکا بۆ جێگرتنەوەی باوکی لەناو ماڵباتەکەیاندا تەنها ئەو ماوە وەک کارتێکی بەکارنەهاتوو کە ڕەنگە بتواندرێ بە سازش کردن و ڕێکەوتن لەگەڵ باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ بە دوورخستنەوەی کوڕانی شێخ جەنگی و کەسانی وەک ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی کە ڕۆژ بەڕۆژ فایلی کەتنەکانیان لەناو یەکێتی زیاد دەبن بەتایبەتیش کە ئاڵا ئێستا تۆمەتبارە بە دانی ناوی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و چەند ئەندامێکی دیکە بەو کۆمیتەیەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پەرلەمانتارە کوردانە پێکهێندراوە کە دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان داوە،پێشتریش بە تۆمەتی بڕوانامەی تەزویر سکاڵای لەسەر سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتی لە دادگایەکی بەغدا تۆمارکردووە،جگە لەوانەش زیاتر ئەو دووانە وەک ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالیکی هەڵوێست لە دژی کۆدەنگی کورد و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەردەگرن.
قوباد تاڵەبانی ڕەنگە هەوڵ بۆ ڕاکێشانی برا گەورەکەی بدا بۆ لای خۆی بۆ ئەوەی بەڕە لەبن پێی ئامۆزایەکانی دەربێنێ و سەرکردایەتی کردنی حیزبەکەی باوکی لەو قۆناغە هەستیارەدا مسۆگەر بکات.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.