Erbil 15°C پێنجشەممە 02 ئایار 09:28

ئەقڵیەتی خۆسەپاندنی شیعەگەرایی لەناو مەحەکی جێبەجێکردنی دەستوردا

عێراق لە ساڵی 2013 تێكرای دامەزراوەكانی پەكی كەوت و سەرەتای شەڕێكی تائیفی گەورە لە نێوان عەرەبی شیعە و سونە دەستی پێكرد
100%

هەفتەی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بریارێكی دادگای فیدرالی عێراق كرد كە ئاماژە بە ماددەی یەكەمی دەستوری عێراق دەكات و دەڵێت ( عێراق دەوڵەتێكی فیدرالی و پەرلەمانی یەكگرتووە) ، ئەم پێشوازییە لەلایەن هەندێكەوە بەو جۆرە لێكدرایەوە بەوەی گوایە ، حكومەتی هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی هەڵوەشاندۆتەوە.

بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم پێشوازییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بڕیارەكەی دادگای فیدرالی عێراق، مانای هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمی كوردستانە كە لە 25ی ئەیلولی رابردوو دەنگیان بۆ سەربەخۆیدا؟

یان ئەم هەنگاوە پیشاندانی نیەت و سیاسەتی حكومەتی كوردستانە بۆ هەموو جیهان بۆ ئەوەی ببنە شاهید و میانگیر بۆ پابەندبوونی حكومەتی بەغدا بە جێبەجێكردنی دەستوری 2005 و دووبارە بونیادنانەوەی عێراقێكی دیموكراتی و فیدرالی و پەرلەمانی و فرەیی و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە؟
دیارە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بەوە هەیە بگەرێنەوە بۆ ئەو پاشخانەی كە كوردستانی ناچار كرد پەنا بۆ ریفراندۆم بەرێت، ئەمەش بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێدەكەین:


1- كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 22ی 12ی 2010 لەبەردەم پەرلەمانی عێراقدا سوێندی یاسایی خوارد ، بەرەنجامی رێككەوتنی هەولێری نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی عێراق بوو كە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مسعود بارزانی ئیمزاكرابوو.

ئامانجی رێككەوتنەكە بۆ كابینەی دووەمی مالیكی ، جێبەجێكردنی ئەو 19 خاڵە بوو كە هەموو لایەك لەسەر ریككەتبوون، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە عێراق ببێتەوە بەدەوڵەتێكی دیموكراتی و پەرلەمانی و فیدرالی و پێكەوە ژیانی ئارەزوومەندانە، ئەم 19 خاڵە تایبەت بوو بە هەموو عێراق نەك تەنها چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و بەغدا.


2- سەرۆك مسعود بارزانی كە سەرپەرشتیاری ریككەوتنی هەولێر بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی كە ئەقڵیەتی شیعەگەرایی لەناو سەركردەكانی شیعەدا ، هەرگیز بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵناگرن رێز لە دەستوری عێراق بگرن و جێ بەجێی بكەن، بەڵام بۆ ئەوەی چانسێكی دیكە بدرێتەوە بە شیعەكان، سەرۆك بارزانی بەو مەرجە رازی بووە كە بەرێز د.رۆژ نوری شاوەیش كە لەو كابینەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران بوو ، وەك نوێنەری تایبەتی خۆی لە بەغدا چاودێری جێبەجێ كردنی تەواوی رێككەوتنەكە بكات.


3- دوای چاوەروانی زیاتر لە 15 مانگ، نوری مالیكی نەك هەر هیچ خاڵێكی رێككەوتنەكەی هەولێری جێ بەجێ نەكرد، بەڵكو بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتایی 2011 لە عێراق، ئیدی بەتەواوەتی رێچكەی دیكتاتۆریەتی گرت و نەك هەر رێككەوتنی هەولێری پێشیلكرد بەڵكو ئەو دەستورەشی پشتگوێ خست كە بە گەرەنتی مانەوەی یەكپارچەیی عێراق لە قەڵەمدەدرێت.

هەربۆیە سەرۆك بارزانی لەپەیامی نەورۆزی 2012 بە هەموو جیهانی راگەیاند كە ئەو سیاسەتەی نوری مالیكی پیادەی دەكات، دوورە لەجێبەجێكردنی دەستور و عێراق بەرەو گێرانەوەی دیكتاتۆریەت دەبات و گەلی ئێمەش جارێكی دیكە نابێتەوە بە بەشێك لە رژێمێكی دیكتاتۆری ، دەگەرێنەوە بۆ رای گەلی كوردستان هەر بریارێك بدات، هەر ئەو بڕِیارە جێ بەجێ دەكەین.


4- ئەم پێشبینەی سەرۆك بارزانی وەك بەرچاوروونیەك بۆ هەموو جیهان، تەنیا تێروانینێكی تاكلایەنەی كوردستانیانە نەبوو ، یان بیانووگرتن نەبوو بە حكومەتەكەی نوری مالیكی، بەڵكو ئەو سیاسەتەی كە نوری مالیكی لە كابینەی دووەمی حكومەتەكەی پیادەی كرد گەیشتە ئەو ئاستەی نید پاركەری بەرپرسی ئۆفیسی رویتەرز لەبەغدا ، تویژنینەوەیەكی مەیدانی لەسەر حكومەتەكەی نوری مالیكی لە ژمارەی نیسان و ئایاری ساڵی 2012ی گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بە ناونیشانی ( ئەوعێراقەی دوای خۆمان بەجێمان هێشت: جیهان پێشوازی لەدەوڵەتێكی دیكەی فاشیل دەكات) بڵاوبكاتەوە ، لەم توێژینەوەیەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە نوری مالیكی نەك هەردەستورەكەی پشت گوێ خستووە و كاری پێ ناكات، بەڵكو تەواوی ئەو دامەزراوانەشی كە بە هاوكاری ئەمریكیەكان بۆ پاراستنی سیستمە فیدرالیەكە لە عێراقدا دامەزراون، هەر هەمووی لەبەر یەكهەڵوەشاندوون و كردونی بە دامەزراوەیەك بۆ پاراستنی سیاسەتی شیعە گەرایی لە عێراقدا.


5- لە میانەی درێژەپێدانی ئەم سیاسەتە شیعەگەراییە پرۆ ئێرانیەی لەلایەن مالیكی یەوە، عێراق لە ساڵی 2013 تێكرای دامەزراوەكانی پەكی كەوت و سەرەتای شەڕێكی تائیفی گەورە لە نێوان عەرەبی شیعە و سونە دەستی پێكرد، مەترسی ئەم شەڕە خوێناوییە گەیشتبووە ئاستێك كە كریستیان ئامانپور رۆژنامەنووسی كەناڵی CNN ئەو پرسیارەی رووبەرووی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی عێراق كردەوە:( ئایا تەواوی دامەزراوەكانی عێراق پەكیان كەتووە .. Is Iraq unraveling ؟)، بیگومان بەرپرسانی عێراقی ئەوكات نكۆڵیان لەوە دەكرد كە عێراق گەیشتبێتە ئەو ئاستە ترسناكە، بەڵام پرۆفیسۆرمایكل نایتس گەورە توێژەری ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی نزیك لە تویژینەوەیەكدا زۆر راشكاوانە وەڵامی پرسیارەكەی CNN ی بەم ناونیشانە دایەوە: ( بەڵێ بە تەواوەتی دامەزراوەكانی عێراق لەكار كەتوون.. yes Iraq is unraveling)، هەربۆیە بەردەوامبوون لەسەر ئەم سیاسەتە تائیفەگەریە و نەگەرانەوە بۆ دەستور، بووە هۆكاری ئەوەی ریكخراوی داعش لەسەرەتای 2014 خۆی رابگەیەنێت و لە حوزەیرانی 2014 شدا دەركەوت كە سوپای عێراق وەك دامەزراوەیەكی سیستمی بەرگری بەئاستێك پەكی كەوتووە كە بەیەكجار 5 فیرقەی سوپا بە چەك و تەواوی ئامێر و كەلوپەلی سەربازیەوە خۆیان تەسلیمی داعش كردوو و موسڵیان بەبێ تەقە داگیركرد و خەلافەتی ئیسلامی داعشیان لە عێراق و سوریا راگەیاند.


6- ئیدارەی باراك ئۆباما بە داگیركردنی موسڵ لەلایەن چەند سەد چەكدارێكی داعشەوە بە ئاستێك تووشی شۆك بوو كە توانای ئەوەی نەبوو هیچ بریارێك بدات، بەڵام گەیشتە ئەو قەناعەتەی داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە و راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی، بەرەنجامی شەڕی ناوخۆی تائیفی نێوان عەرەبی شیعە و سونەیە و هۆكاری سەرەكی ئەو فیتنە و ئاژاوەگێرییە تائیفیەش، ئەو سیاسەتە چەوتەیە كە نوری مالیكی لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پیادەی كردووە، هەربۆیە مەرجی هاریكاریكردنی ئەمریكا بۆ حكومەتی عێراق گرێدایەوە بەوەی دەبێت جارێكی دیكە نوری مالیكی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەرنەگرێتەوە.


7- لە پێكهێنانی كابینەكەی عەبادیدا لە نۆڤمبەری 2014، هەرێمی كوردستان بە گوشاری ئەمریكا و بەریتانیا و نەتەوەیەكگرتووەكان بەو مەرجە بەشداری لەو كابینەی كرد، كە حكومەتی عەبادی پابەند بێت بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق و بڕی 17% بنرێت بۆ كوردستان و لەمەش زیاتر مانگانە بڕی 100 ملێۆن دۆلار بۆ بودجە و مووچەی پێشمەرگە لە بوجەی سەروەریی تەرخان بكات، لەبەرامبەردا هەرێمی كوردستانیش رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل لە بۆرییە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە بكات و تەسلیمی كۆمپانیای سۆمۆی بكات، هەروەها لە یاسای بودجەی 2015 ئەو خاڵە زیاد كرابوو بەوەی (هەر لایەك پابەند نەبێت، ئەوا لایەنەكەی دیكەی دەتوانێت پێوەی پابەند نەبێت)، حكومەتی عەبادی هەر لەمانگی یەكەمی 2015 ەوە بە ریككەوتنەكە پابەند نەبوو، بۆیە هەرێمی كوردستان ناچار بوو لە چوارچێوەی ئەو داهاتە كەمەی لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستانەوە دەستی دەكەوت ، بەرنامەیەكی چاكسازی بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی دابرێژێت ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەم مووچەی فەرمانبەران وهەمیش خەرجی بەرەیەكی 1000 كیلۆمەتری شەڕ و خەرجی نزیكەی 2 ملێون ئاوارە دابین بكات، بۆیە ئەم حاڵەتە گەیشتە ئەوەی ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە: ئەگەر دەسەڵاتدارانی شیعە ناتوانن بەپێی دەستوری عێراق ، دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و فیدرالی لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی دەستوری عێراق بونیاد بنێنەوە، بۆچی دەبێت جارێكی دیكە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان كوردستان و عەرەبی عێراق دروست بێتەوە؟

ئایا باشتر نیە هەردوولا كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی ئاشتیانە بەدوای میكانیزمێكی دیكە بۆ پەیوەندی داهاتووی عێراق و كوردستان بگەرێن؟ ئەم پرسیارە لەماوەی ساڵانی 2015و 2016 و 2017 ، لەهەموو ئەو سەردانانەی سەرۆك مسعود بارزانی كردوویەتی بۆ ئەمریكا و تەواوی دەوڵەتانی ئەورپا، ئاراستەكراون و هەروەها لەمیانەی سەردانی شاندەكانی ئەمریكا و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەردانی شەخسی ئەنتۆنێو گۆتریس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و هەروەها سەردانی شەخسی ئەحمەد ئەبو غەیز ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی بۆ كوردستان ، باس لە پرسی پەیوەندی ئاییندەی نێوان كوردستان و عێراق كراوە و ئەو راستیانە خراونەتە بەرچاو، ئەگەر بەغدا نەتوانێت دەستور جێ بەجێ بكات، ئەوا دەبێت گەلی كوردستان رای خۆی بدات بۆ ئەوەی میكانیزمێكی ئاشتیانە بۆ پەیوەندی داهاتووی نێوان كوردستان و عێراق دابرێژرێت.


8- لەماوەی 3 ساڵی شەڕی دژی داعش، وەڵامی هەموو لایەنەكان بۆ داواكاریەكانی كوردستان ئەوەبوو، كە ئێستا ئەولەویەت شەڕی دژی داعشەو باشترە ئەم پرسە دوابخرێت ، بەڵام كاتێك پلان بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ داریژرا، ئەم پلانەش بەبێ بەشداری و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان جێ بەجێ نەدەكرا، لایەنی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە ، پێش ئازادكردنەوەی موسڵ و هاوكات لەگەڵ گرێدانی رێككەوتنێكی سەربازی بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ، با رێككەوتنێكی سیاسیش لە نێوان كوردستان و عێراق ئیمزا بكرێت بۆ ئەوەی بزانین دوای نەمانی داعش ، پەیوەندیەكانی نێوان كوردستان و عێراق چۆن دەبێت، بەڵام ئەمجارەشیان بە گوشاری ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رێككەوتنی سەربازی بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ دارێژرا بەڵام رێككەوتنی سیاسی پشتگوێ خرا.


9- لە حوزەیرانی 2017 ، پاش ئەوەی سەركەوتنی ئۆپەراسێۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ راگەیەنرا، ئەمەش واتە دوای نزیكبوونەوەی كۆتایهاتنی شەڕی داعش لە عێراقدا، هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان بێجگە ( لە كۆمەڵ و گۆڕان) كۆبوونەوە و گەیشتنە ئەو قەناعەتەی، لەبەر ئەوەی لەماوەی زیاتر لە 3 ساڵ بودجە و مووچە برینی خەڵكی كوردستان و نەبوونی ئامادەباشی لەلایەن حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی ئیتلافی نیشتمانی شیعە بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق، ئەوا گەلی كوردستان مافی خۆیەتی، خۆی بریار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، لەماوەی دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم لە 7ی حوزەیرانی 2017 هەتا رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی 2017 ، سەركردایەتی سیاسی لیژنەی باڵای ریفراندۆم بەردەوام لەگەڵ ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی لە وتوێژدا بوو بۆ ئەوەی ئەوان ببنە گەرەنتی بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق پابەند بێت بەجێبەجێكردنی دەستورەكەوە، هەر بۆ وەڵامدانەوەی گوشارە نێودەوڵەتیەكانیش، شاندی كوردستان بەر لەدوورۆژ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم سەردانی بەغدای كرد، بەڵام ئەو كاتیش هیچ وەڵامێكیان لەبەغداوە چنگ نەكەوت بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە وتویژی راستەوخۆ لە نێوان كوردستان و عێراق، بۆیە هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلوول ریفراندۆمی ئەنجامدا بۆ ئەوەی جیهان بخاتە بەردەم دوو بژارە، یان ئەوەیە دوای ریفراندۆمیش وتو ویژەكانی نێوان كوردستان و عێراق بۆ چارەسەكردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوری عێراق بەردەوام دەبێت، یان ئەگەر بەغدا نەیتوانی دەستورەكە جێ بەجێ بكات، ئەوا بژارەی دووەم كە رای خەڵكی كوردستانە دەبێت جیهان رێزی لێ بگرێت.


10- بەداخەوە ئەو گەرەنتیەی كوردستان پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم داوای دەكرد، بەوەی حكومەتی عێراق ناچار بكرێت پابەندبێت بە دەستور و ریزگرتن لە عێراقێكی فیدرالی و دیموكراتی ، ئەو گەرەنتیە بوونی نەبوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم وەزارەتی دەرەوە و ئەمریكا و شەخسی ریكس تیلرسۆن زۆر بەتوندی هاتنە سەرخەت و داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە رێز لەدەسەڵاتی فیدرالی عێراق بگرێت، ئەم هاتنە سەرخەتەی ئەمریكا، لەلایەن عێراق و ئێران و توركیا وەك پیشاندانی تیشكی سەوز بۆ سڕینەوەی وجودی سیاسی كیانی هەرێمی كوردستان خوێنرایەوە و ، هەر بۆیە هەتا ئەمریكا لەو راستی یە تێگەیشت كە گێڕانەوەی دەسەڵاتی فیدرالی بۆ كوردستان بەمانای تێكشكاندنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان و سڕینەوەی وجودی هەرێمی كوردستان نیە، ئەوا ملیشیا پرۆ ئێرانیەكانی حەشدی شەعبی بە فەرمان راستەوخۆی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران ، هەر تەنیا كەركوكی داگیر نەكردوەوە، بەڵكو پەیامێكی زۆر راشكاوانەشی بۆ سەرۆك ترەمپ نارد و پێی راگەیاند، ئەوەی بریار لەسەر ئایندەی عێراق دەدات، شەخسی قاسمی سولەیمانی و سوپای پاسدارانە نەك ئیدارەی ئەمریكی، بۆیە وەك هەنگاوی یەكەم ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتگیری خۆی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دووپاتكردەوە، بەڵام ئەو هەڵەیەی ئەمریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاكامی ریفراندۆمی كوردستان، هەڵەیەكە بە ئاسانی راستناكرێتەوە و ئەمریكا دڵی دۆستێكی خۆی بریندار كرد كە بە حكومەت و گەلەوە خۆیان بەدۆستی ئەمریكا دەزانی.


لە ئێستادا كە حكومەتی عێراق و شەخسی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوجۆرە خۆی نمایش دەكات كە ئەو رێز لە دەوڵەتی فیدرالی عێراق دەگرێت و پابەندە بەدەستوری عێراقەوە، قۆناخێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسی نێوان كوردستان و عێراق دەست پێدەكات ، حكومەتی عێراق و تەواوی كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەكەونە بەرامبەر دوو بژارە ، ئەویش یان ئەوەیە گوشاری تەواو لە حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بكەن، بۆ ئەوەی وەك خۆی دەستوری عێراق جێ بەجێ بكات و رێز لەتەواوی ماددەكانی ئەو دەستورە و ئەو دەسەڵاتانە بگرێت كە ئەو دەستورە بەهەرێمی كوردستانی داوە، یان دەبێت رێز لەو دەنگانە بگرن كە لە 25ی ئەیلوول گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی داویەتی.


سیاسەتمەدارانی شیعەی عێراق كاتێك بانگێشە بۆ ئەوە دەكەن كە لەدەستوری عێراقدا باس لە ریفراندۆم نەكراوە و دەبێت ئەو ریفراندۆمە هەڵبوەشێتەوە، بەم سیاسەتی ( بانێك و دوو هەوایە) ناتوانن خۆڵ لە چاوی خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەن، راستە لە دەستوردا باس لە ریفراندۆم نەكراوە، بەڵام لەبەرامبەردا لەم دەستورەشدا، سیاسەتی تائیفەگەری و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ئێران نەك هەر رێگەپێدراو نیە بەڵكو تەحریم و تەجریمیش كراوە .

عێراق

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.