Erbil 14°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 12:24

کورد خه‌لافه‌تی قه‌بووڵ نه‌کرد و وه‌لایه‌تیش قه‌بووڵ ناکات

كاتێك تیرۆریستانی داعش بۆبنیادنانی خه‌لافه‌ت تا قه‌راغه‌كانی به‌غدا و به‌سره‌ رویشتن
100%


ئه‌و خیانه‌ته‌ی شه‌وی 15ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێك كوردی خائین و خۆفرۆشه‌وه‌ له‌سه‌ر ویستی گه‌وره‌كانیان و به‌ فه‌رمانی ئه‌وان له‌ كه‌ركووك و گه‌لی كوردستان وپێشمه‌رگه‌ كردیان، راسته‌ بووه‌ هۆی نیگه‌رانی و دڵشكاوی كوردانی نیشتمانپه‌روه‌ر و ئازادی خواز و بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیش وره‌ی خه‌ڵكانی كوردستانی دابه‌زاند، به‌ڵام ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و خیانه‌ته‌ بۆ كوردانی نیشتمانپه‌وه‌ر و ئازادیخواز كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا یه‌ك به‌ یه‌ك به‌دی دێن، زۆر زیاترن له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی.

ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ دیدی كورد و به‌ چاوی كوردی سه‌یری ئه‌و خیانه‌ته‌ بكه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵێن ئه‌وه‌ی روویدا خیانه‌تێكی زۆر به‌ سۆیه‌ كه‌ له‌ گه‌لی كوردستان و كاروانی ئازادیخوزای و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردستان كراوه‌ و پلانێكه‌ بۆ سه‌پاندنی به‌عسیزمی نوێ به‌سه‌ر كوردستان. كوردستان كه‌ پێشتر له‌ ده‌ستی به‌عسی عێراقی كه‌ پشت ئه‌ستوور بوو به‌ ئایدئۆلۆژیای سوننه‌ تاڵی زۆری كێشاوه‌، ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك كرا هه‌وڵێكی نه‌زۆكی خۆفرۆشان و نه‌یارانی ئازادی و مرۆڤایه‌تی بوو بۆ سه‌پاندنی به‌عسیزمی نوێ عێراقی  12ی ئیمامی به‌سه‌ر كوردستاندا. به‌عسیزمی ئه‌مجاره‌ كه‌ پشت ئه‌ستووره‌ به‌ ئایدئۆلۆژیای شێعه‌ی 12 ئیمامی، له‌ رووی ره‌ق و كینه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ به‌عسیزمی سه‌ده‌ی 20ی عێراق نییه‌. تاقه‌ جیاوازییه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌عسیزمی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌عسیزمی سوننه‌ی عێراقی بوو به‌ڵام به‌عسیزمی نوێ عێراقی به‌عسیزمی شێعه‌ی ئێرانییه‌. له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا كوردستان كیمیاباران كرا و گونده‌كانی كوردستان سووتێنران و وێران كران، شاروشارۆچكه‌كانی كوردستان ته‌عریب كران، له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌میشدا هه‌مان ئه‌م كریاره‌ نامرۆڤایه‌تییانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام به‌ ره‌نگ، شێواز و قه‌واره‌ی جیاجیا. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌مه‌ تا سه‌ر به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت یاخۆ ئیراده‌ی ئازادیخوزای گه‌لی كوردستان و ویستی مرۆڤ دوستی كوردستانیان ده‌بێته‌ هۆكارێكی گرنگ بۆ پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی نوێ جیهانی له‌ دژی به‌عسیزمی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م كه‌ من پێ ده‌ڵێم به‌عسیزمی شیعه‌ یا وه‌لایه‌ت؟

كاتێك تیرۆریستانی داعش له‌ پێناوی ئیسلام و به‌ مه‌به‌ستی بۆنیادنانی خه‌لافه‌ت تا قه‌راغه‌كانی به‌غدا و به‌سره‌ رویشتن، ده‌ستێكی هه‌رێمی یا هێزێكی هه‌رێمی كه‌ داعشی بۆ رزگاركردنی به‌شار ئه‌سه‌د دامه‌زراند و پڕچه‌كی كرد،  ئه‌و تیرۆریستانه‌ی هاندا كه‌ واز له‌ به‌غدا و به‌سره‌ بهێنن و روو له‌ كوردستان بكه‌ن. له‌ كۆتاییدا جیهان به‌ چاوی خۆی بینی كه‌ كوردستان ئه‌و شوێنه‌ نییه‌ تێیادا ئاڵای ره‌شی خه‌لافه‌ت هه‌ڵبكرێت. كوردستانیان و هێزی پێشمه‌رگه‌ جیهادییه‌ خه‌لافه‌ت خوازه‌كانی یه‌ك به‌ یه‌ك له‌سه‌ر خاكی كوردستان ده‌ركرد و به‌مجۆره‌ به‌ هاوكاری به‌ره‌یه‌كی ئازادیخوازی جیهانی توانرا كۆتایی به‌ پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی خه‌لافه‌ت بهێنرێت.

  پڕۆژه‌كه‌ی خه‌لافه‌ت كه‌ له‌ كوردستان شكه‌ستی خوارد، له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق و سووریایش خۆری ئاوا بوو و كه‌وته‌ نێو چاڵی فه‌نابوون و له‌ ناوچوونه‌وه‌، جیهان و مێژووی مرۆڤایه‌تی ناتوانێت رۆل و پێگه‌ی كورد بۆ له‌ ناوبردنی پڕۆژه‌ی خه‌لافه‌ت نادیده‌ بگرێت، ئه‌و رۆل و پێگه‌یه‌ی كورد بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی داعشیان بۆ رزگاركردنی ئه‌سه‌د دامه‌زراند و پڕچه‌كیان كرد، ئه‌مجاره‌یان سوپایه‌كی دیكه‌ به‌ ناوی حه‌شدی شه‌عبی به‌ره‌و كوردستان هان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی نوێ دیكه‌ كه‌ دژی گه‌لی كوردستانه‌ دابمه‌زرێنن، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژه‌ی وه‌لایه‌تی فه‌قییه‌. وه‌لایه‌تیش سیسته‌مێكی ئۆتۆریته‌ری ئیسلامییه‌ له‌ نێو شیعه‌كاندا، ئه‌م سیسته‌مه‌یش هه‌ر وه‌كو سیسته‌می خه‌لافه‌ت، سیسته‌مێكی تاكڕه‌وی دژه‌ مرۆڤایه‌تییه‌. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ دامه‌زراندنی حه‌شدی شه‌عبی، پڕچه‌ك كردنی حه‌شدی شه‌عبی، هاندانی بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر كوردستان و به‌كار هێنانی كۆمه‌ڵێك كوردی ولاتفرۆشی خائین، ویستیان یه‌كه‌م هه‌نگاوی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن. بۆ كوردستان؟ 

ئه‌وه‌ی جیهان به‌ چاوی خۆی بینی ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوردستان له‌ كاروانی ئازادی خوازی و سه‌ربه‌خۆیی خۆیدا به‌ قوربانیدانێكی گه‌وره‌ و بێ هه‌مپا، رێگایه‌كی دوور و درێژی بڕی بوو و ته‌نیا یه‌ك هه‌نگاوی مابوو بۆ گه‌یشتن به‌ ویسته‌ ره‌وا و مرۆڤایه‌تییه‌كانی خۆی. له‌ پاڵ ئه‌مه‌یشدا ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی له‌ كوردستان ببوو نموونه‌یه‌كی باش بۆ هه‌مووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ بواری حه‌واندنه‌وه‌ و باوه‌ كردنه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئاین و ئاینزاكان و پێكهاته‌ ئه‌تنیكی و كه‌لتوورییه‌كان كوردستان موزائیكێك بوو كه‌ ئاوێنه‌ی راسته‌قینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو. بۆیه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ تۆتالیتاره‌ تاكڕه‌وانه‌ ئه‌م پێگه‌یه‌ی كوردستان و كه‌لتووری پێكه‌وه‌ ژیانه‌ی كوردستانیان به‌لاوه‌ قابیلی قه‌بووڵ نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ له‌ رێگه‌ی خۆفروشه‌ به‌كرێگیراوه‌ كورده‌كانه‌وه‌ ویستیان هه‌م ئه‌م كه‌لتووره‌ی كوردستان له‌ ناو به‌رن و هه‌م یه‌كه‌م هه‌نگاوی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی وه‌لایه‌ت له‌ كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ن.

راسته‌ به‌ هۆی خیانه‌ته‌كه‌ی كه‌ركووكه‌وه‌ كوردستانیان و هێزی پێشمه‌رگه‌ تووشی شۆك و سه‌رسۆڕمان بوون و جێبه‌جێكارانی پڕۆژه‌ی وه‌لایه‌تیش وه‌كو سه‌رخۆشیان لێهات، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند كه‌ پێشمه‌رگه‌ و كوردستانیان سه‌لماندیان كه‌ به‌زاندنی قه‌ڵای كوردستان مه‌حاڵ و ئه‌ستمه‌. داستانی پردێ و زۆمار كه‌ له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ تۆمار كرا، ئه‌وه‌ی به‌ جێبه‌جێكارانی پڕۆژه‌كه‌ی وه‌لایه‌ت و خۆفرۆشان سه‌لماند كه‌ تا تاكێكی ئازادیخوازی كورد مابێت، خاكی كوردستان نابێته‌ جێگه‌ی پڕۆژه‌ی وه‌لایه‌ت و به‌كرێگیراوان.
زۆر كه‌س ده‌ڵێن مه‌به‌ستی ئێران و عێراق له‌م هێرشانه‌ بۆ سه‌ر كوردستان ته‌واو كردنی هیلالی شیعه‌یه‌ و ئێران ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ئه‌مه‌ راسته‌، ویستی ئێران ئه‌مه‌یه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا سیسته‌می جیهانی به‌و ئاسانییه‌ رێگه‌ به‌ ئێران ده‌دات ئه‌م كاره‌ بكات یانا؟

له‌ سه‌ره‌تای هێرشه‌كانی وه‌لایه‌تخوازان بۆ سه‌ر كه‌ركووك و كوردستان، سیسته‌می جیهان به‌ هۆی تێ نه‌گه‌یشتن له‌و خیانه‌ته‌ی كه‌ له‌ كه‌ركووك و كوردستان كرا، تۆزێك بێده‌نگییان نه‌واند، به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو كه‌ چاوی جیهان كرایه‌وه‌ و له‌ خیانه‌ته‌كه‌ تێگه‌یشت. بۆیه‌ ئێستا جیهان به‌ تایبه‌تی وڵاتانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی جیهانی دژی داعش، له‌ پاڵ ئه‌وه‌یدا كه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان به‌رده‌وامن له‌ شه‌ڕی دژی داعش، هاوكات له‌گه‌ڵ كوردستاندا سه‌رقاڵی ئاماده‌كاری و پلان دانانن بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ و له‌ ناو بردنی پڕۆژه‌كه‌ی وه‌لایه‌تی فه‌قیش.

ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی حه‌ریری له‌ لوبنان یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌ گرنگه‌كانی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی جیهانی له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی وه‌لایه‌تدا. چونكه‌ ئه‌و كریارانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا له‌ شاره‌ كوردستانییه‌كانی وه‌كو كه‌ركووك و خورماتۆ له‌ لایه‌ن ملیشاكانی وه‌لایه‌ته‌وه‌ له‌ دژی كوردستانیان ئه‌نجام دران، ئه‌وه‌یان بۆ جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی سه‌لماند كه‌ هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ملیشاكانی وه‌لایه‌ت و جیهادییه‌كانی خه‌لافه‌ت له‌ بواری دژایه‌تی كردنی مرۆڤایه‌تیدا نییه‌ و هه‌ر دوویان هه‌ر چه‌ند ئایدئۆلۆژیا و ئامانجیان جیاواز بێت به‌ڵام له‌ كۆتاییدا دژی مرۆڤایه‌تی و نرخه‌ پیرۆزه‌ مرۆییه‌كانن. ئه‌م كریارانه‌ وایان كرد كه‌ سیسته‌می جیهانی زووتر بێته‌ ده‌نگ و ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ و له‌ ناوبردنی پڕۆژه‌ی وه‌لایه‌ت ده‌ست پێ بكات. 

له‌ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌دا ئه‌و باڵه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌یه‌ كه‌ ئێران سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌كات و له‌ خۆدی ئێرانه‌وه‌ تا لوبنان ریشه‌ی كردووه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج. له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌ و ئاماده‌كارییانه‌دا، سه‌ره‌تا ئه‌و ناوچه‌ كوردستانییانه‌ی كه‌ به‌ هۆی خیانه‌ته‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستی ملیشیا وه‌لایه‌تخوازه‌كان، به‌ ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئازاد ده‌كرن، هاوكات له‌ به‌غدایش ئه‌و باڵه‌ عێراقییه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئیرانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، لاواز ده‌كرێت و باڵێكی دژ به‌ ئێران له‌ به‌غدا سه‌رده‌ست ده‌كرێت. له‌ سووریایش هه‌ر چه‌ند رووسیا به‌رده‌وام بێت له‌ پشتگیریكردنی به‌شار ئه‌سه‌د و رژیمه‌كه‌ی، به‌ڵام به‌ره‌ی جیهانی به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌سه‌د و رژیمه‌كه‌ی لاواز ده‌كات كه‌ توانای به‌رقه‌رار كردنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێراندا نه‌مێنێت. له‌ لوبنانیش وا له‌ حزبوڵڵای لوبنانی كه‌ وه‌كو سوپای قودسی ئێرانییه‌ بۆ ئێرانییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا، ده‌كرێت كه‌ لوبنانیش به‌ یه‌كجاره‌كی له‌ ژێر هه‌ژموون و كاریگه‌ری حزبوڵڵادا رزگار ده‌كرێت.
كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ جێبه‌جێ كران، خۆدی ئێران رووبه‌رووی ده‌ورپێچی زیاتر و گه‌مارۆی توندتر ده‌بێت. سه‌پاندنی ده‌ورپێچ و گه‌مارۆی زیاتر له‌سه‌ر ئێران، ده‌بنه‌ هۆی تێكچوونی دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسی ئه‌و وڵاته‌. ئه‌مه‌یش رێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تا بتوانێت به‌ به‌كار هێنانی هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی و به‌هێزتر كردنی جوڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێو ئێران، وا له‌ ئێران بكات كه‌ چی دیكه‌ توانای هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی وه‌لایه‌تی نه‌مێنێت.
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.