ئه‌نجامدانی رێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هه‌نگاونان بۆ بۆنیادنانی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتیكی سه‌رده‌مییانه له كوردستاندا، زۆربه‌ی زۆری هاوسه‌نگییه ناوچه‌یی و جیهانییه‌كانی گۆڕی، ئه‌و هێز و وڵاتانه‌ی كه هاوسه‌نگییه‌كانی خۆیانیان له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان و داگیركردنی كوردستان و به تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان هه‌ڵچینه‌وه به بیستنی بڕیاری رێفراندۆم و به بینینی ئه‌نجامه‌كانی رێفراندۆم له خه‌ونی داگیركه‌ری راچڵه‌كان، جۆش و خرۆشی كوردستانیان بۆ ئازادی، سه‌ربه‌خۆیی، یه‌كسانی و دیموكراسی كه له سهندوقهكاندا به شێوه‌یه‌كی بێ وێنه نیشاندرا هه‌ره‌سی به پلان و ستراتیژیه‌تی دژی گه‌لی كوردستانی ئه‌و هێزانه‌یان هێنا.
ئه‌و هێزانه كه بینییان ئایدۆلۆژیای عه‌ره‌بیزمی تایفی و قه‌ومی حاكم له به‌غدا له به‌رامبه‌ر جۆش و خرۆش و ویستی گه‌لی كوردستاندا بووه‌ته وه‌كو گه‌ڵا وشكه‌كه‌ی به‌ر ره‌شه‌بای تشرینی دووه‌م و به‌غدا به هه‌موو هێزی سه‌ربازی و ملیشایی خۆیه‌وه توانای رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌شه بایه‌دا نییه، ده‌ستیان به كلكهخرتهدانی به‌غدا و هاندانی حاكمه شه‌ڕخوازه ملیتاریستهكانی به‌غدا كرد بۆ ئه‌وه‌ی له دژی حه‌قێك، له دژی گه‌لێكی ماف و به‌رحه‌ق بجه‌نگێت كه ئه‌وان بۆ خۆیان له‌به‌ر مافدار و به‌رحه‌ق بوونی گه‌لی كوردستان توانا و جه‌ساره‌تی رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆی كوردستانیان نییه. ئه‌و به‌غدایه‌ی كه هیچ بنه‌مایه‌كی پێكه‌وه بوون، یه‌كسانی و ئازادی تێیادا به‌دێ ناكرێت و بووه‌ته گۆڕه‌پانی ململانێ مه‌زهه‌بی، قه‌ومی و ته‌ریقه‌تی، له لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه وه‌كو دوایین قه‌ڵغان له به‌رامبه‌ر كوردستانێك به‌كار ده‌هێنرێت كه هیچ جۆره مه‌رگ و كۆمهڵكۆژییهك نه‌یتوانیوه چۆك به ئیراده‌كه‌ی بۆ ئازادی و دیموكراسی و سه‌ربه‌ستی بدات.
دۆخی ئه‌مڕۆی به‌غدا ئه‌و دۆخه نییه كه بتوانێت كێشه و ناكۆكییه‌كانی نێو ئاغا‌كان و ته‌ریقه‌ته‌كانی نێو ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام حاكمانی به‌غدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه مان و نه‌مانیان گرێدراوی پشتگیری و هاوكاری هه‌رێمی و ده‌ره‌كییه، ئه‌م راستییه‌یان وه‌لاوه ناوه و هه‌ڕه‌شه له كوردستانیان ده‌كه‌ن، ئه‌و كوردستانییانه‌ی كه 2003 نامووسی به‌غدا و عێراقیان كڕیه‌وه‌و و له شه‌ڕی داعشیشدا هه‌یبه‌تی سوپا داڕماوه ههڵهاتووهكهی به‌غدای به هاوكاریكردنی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ چه‌ند ناوچه و شوێنێكی دیكه كڕیه‌وه. حاكمانی به‌غدا ئه‌مڕۆ به فه‌رمان و ته‌علیماتی پاڵنه‌ر و پشتیوانه هه‌رێمی و ده‌ره‌كییه‌كانی خۆیان هه‌ڵساون به ناردنی سوپای عێراق بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی كوردستانیان بكات، سوپای عێراقیش ئه‌و سوپایه‌یه كه جه‌نازه‌ی كوژراوانی خۆی هه‌ڵنه‌گرت و هه‌ڵهات، به‌ڵام كوردستانیان جه‌نازه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵگرتوو و دووباره خستیانه‌وه سه‌رپێ.
له پاڵ ئه‌م سوپایهیشدا كۆمه‌ڵێك ملیشای ئاینییان به ناوی حه‌شدی شه‌عبی رێكخستووه و ده‌یانه‌وێت به گووتنه‌وه‌ی درووشمی مه‌زهه‌بی و قه‌ومی خاكێك داگیربكه‌ن كه رابه‌رانی پێشوویان ئه‌و هه‌ڵه‌یان كرد و چاره‌نووسیان بوو به چیرۆك و سه‌مه‌ره‌ی سه‌رده‌م بۆ مرۆڤایه‌تی. ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی خه‌ڵكێك بكه‌ن كه بۆ خۆیانیش بینییان ئه‌نفال، كیمیاباران كردن، ته‌عریب كردن، سه‌ربڕین، تواندنه‌وه له نێو كووره‌ی ئه‌سید و نانبڕین كردنیش چۆكی پێ دانه‌داوه. خۆتاقیكردنه‌وه یا تاقیكردنه‌وه‌ی هێز له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكێكی له‌مجۆره ته‌نیا و ته‌نیا بێ عه‌قڵییه یان خۆكۆژییه له پێناو به‌ره‌ژوه‌ندی وڵاتانی ناوچه‌یی و ده‌ره‌كی.
حه‌شدی شه‌عبی كه بۆ كورد وه‌كو داعش و خرابتره له داعش، به‌شێكه له سوپایه‌كی ده‌ره‌كی له عێراق كه هه‌وڵ بۆ په‌ره پێدانی هزری (مه‌زهه‌بى) و دامه‌زراوه‌ی ئایهتوڵڵایی ده‌دات، ئه‌م دوو ئامانجه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك دوور و نزیك ناتوانن په‌یوه‌ندییان به ئامانج و به‌رنامه‌ی سوپای وڵاتێكه‌وه هه‌بێت، پێش ئه‌وه‌ی بتوانن ببنه هۆكاری لاواز كردنی ویست و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان، بوونه هۆكاری داڕمانێكی تراژیدیانه‌ی له گۆڕه‌پانی سیاسی، سه‌ربازی، مه‌زهه‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی له خۆدی عێراقدا.
شیعه‌ی 12 ئیمامی، شیعه‌ی عه‌له‌وی، شیعه‌ی ئه‌هلی حه‌ق و شیعه‌ی زولفه‌قاری ، ته‌نیا چه‌ند نموونه‌ی پارچه‌بوونی لایه‌نه شیعه‌كانی عێراقن، خۆ سوننه عه‌ره‌به‌كانیش به هه‌مان شێوه دابه‌شی چه‌ندین گرووپ و تاقم بوونه كه هه‌ر یه‌كێكیان داوای شتێكی جیاواز ده‌كات. جا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و سوپایه‌ك كه له نێو خۆیدا ئه‌وه‌نده پارچه پارچه بێت و هه‌ر پارچه‌یه‌كی گرێدراوی وڵات یا هێزێكی هه‌رێمی و ده‌ره‌كی بێت ، داخۆ چۆن ده‌توانێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و دایكه‌ی كه ده‌ڵێت سێ كۆڕم بۆ كوردستان شه‌هید بوونه، ئاماده‌م سێ شه‌هیدی دیكه بۆ كوردستان بده‌م.
ئه‌وه‌ی گرنگ و پێویسته له بیر نه‌كرێت و به‌هه‌ڵه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ نه‌كرێت ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شه‌ڕه به هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب نییه به‌ڵكو شه‌ڕی سه‌پێنراوی وڵاتانی هه‌رێمییه كه ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و چه‌كداره بیانییه‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبی و به ره‌زامه‌ندی و فه‌رمانی به‌غدا به كوردستانیانی بفرۆشن، هه‌ر هه‌مان ئه‌و شه‌ڕه‌یه كه له رێگه‌ی داعشه‌وه له دژی كوردستان ئه‌نجامیاندا به‌ڵام له كۆتاییدا خۆیانیش بینییان كه ژن و منداڵانی داعشه‌كان له ترسی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی خۆیان، خۆیان راده‌ستی هیچ سوپایه‌ك و هیچ چه‌كدارێك به تایبه‌تی حه‌شدی شه‌عبی نه‌كرد به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی مرۆیی خۆیان بپارێزن خۆیان راده‌ستی ئه‌و پێشمه‌رگانه كرد كه تا چه‌ند مانگێك پێش باوك و هاوسه‌ره تیرۆریسته‌كانیان هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربڕین و سووتاندنی لێ ده‌كردن. هۆكاری ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانیش هه‌ر چه‌ند مندال و هاوژینی دڕه‌نده‌ترین تیرۆریستانی مێژووی مرۆڤایه‌تی بوون، به‌ڵام زۆر باش ده‌یانزانی كه ئه‌وه‌ی به‌های مرۆڤایه‌تی بێت ته‌نیا له لای كوردستانیان و رۆڵه‌كانی ئه‌و خاكه به‌دێ ده‌كرێت كه بێشكه‌ی شه‌ش ئاینی یه‌كتا په‌ره‌ستی بووه.
پێش ئه‌نجامدانی رێفراندۆم به‌غدا به فه‌رمانی وڵاتانی هه‌رێمی و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی هه‌رێمی و ده‌راوسێ كوردستان هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی زۆریان له كوردستانیان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی رێفراندۆم ئه‌نجام نه‌ده‌ن، به‌ڵام تینویی كوردستانیان بۆ ئازادی وای له كوردستانیان كرد كه سوور بێت له‌سه‌ر رێگای ئازادیخوازانه‌ی خۆی، دوای رێفراندۆمیش هه‌مان ئه‌و وڵات و ده‌وڵه‌ته دهراوسێیانه كه هیچ خاڵێكی هاوبه‌ش له نێوانیان بێجگه له دژایه‌تی كردنی ئیراده و بڕیار و هه‌بوونی گه‌لی كوردستان نییه، دووباره ده‌ستیان به هه‌ڕه‌شه كردن بۆ به‌كار هێنانی هێز له دژی كوردستانیان كرد. هه‌ر بۆیه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه له دووره‌وه ده‌ستیان به لێدانی دهۆڵێك كردووه كه به‌نی ئه‌و دهۆڵه له ده‌ستی كورد و پێكوته‌كه‌ی دهۆڵهكهیش له ده‌ستی وڵاتانی هه‌رێمییه و سوپا داڕماوه ترسنۆكه‌كه‌ی عێراق و ملیشا مادییه‌كانی حه‌شد و ملیشا بیانییه‌كانی نێو حه‌شدیش له‌گه‌ڵ خۆدی به‌غدا بوونه دهۆڵه كۆن كراوه‌كه‌ی ده‌ستی ئه‌و وڵاتانه، به‌نی دهۆڵ كه كه‌وته خواره‌وه، دهۆڵ له‌سه‌ر سینگ نامێنێت و پێكوتهكهیش پێ ناگات بۆیه ده‌نگ له دهۆڵهكهوه ده‌رناكه‌وێت.
ئه‌و پاساوه‌ی كه كردوویانه ئایه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی له پێناوی شه‌ڕی كورد بكه‌ن، یه‌كێتی عێراقێكه كه هیچ جۆره یه‌كێتییه‌كی تێیادا نه‌ماوه، ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی كوردستان بوون ( بێگۆمان ئه‌مه تا پێش رێفراندۆم وا بوو به‌ڵام ئێستا ئه‌و ناوچانه، ئه‌و ناوچانه‌ن كه دوای زیاتر له نیو سه‌ده له ته‌عریب كردن، كوردستانی بوونی خۆیانیان سه‌لماند.). ئه‌و وڵات و ده‌وڵه‌تانه‌ی هانی به‌غدا ده‌ده‌ن له پێناوی ئه‌م دوو شته شه‌ڕی كوردستان بكات، یا به‌راستی بێ عه‌قڵن و له راستییه‌كان تێ ناگه‌ن، یا مێژوو نازانن یاخۆ له‌به‌ر به‌ره‌ژوه‌ندی خۆیان حاشا له راستییه‌كانی مێژوو ده‌كه‌ن. چونكه هه‌ركه‌س باش ده‌زانێت ئه‌و ناوچانه پێش شارستانییه‌تی سوومهڕ، كوردستانی بوونه و به‌شێك بوونه له خواروی میزۆپۆتامیا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی به‌عسیزم له عێراقدا، دیكتاتۆره به‌عسییه خۆشاردووهكهی ئه‌و كاته‌ی عێراق بۆ له ناوبردنی كوردستانییان و بۆ رێگریكردن له په‌ره سه‌ندنی شۆڕشی ئازادیخوازی كوردی و بۆ گورز وه‌شاندن له هێزی پێشمه‌رگه، دانیشتوانه كورده‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی به زۆره‌ملێ ده‌ركرد و عه‌ره‌بی هاورده‌ی له‌و ناوچانه نیشته‌جێ كرد.
ئه‌م ناوچانه به هیچ شێوه‌یه‌ك عێراقی نه‌بوونه و نابنه عێراقی چونكه پێش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و وڵاتێك به ناوی عێراق نه‌بووه، ئه‌و ناوچانه باشترین ناوچه‌ی مزۆپۆتامیابوون كه پێشه‌نگایه‌تییان بۆ مرۆڤایه‌تی له بواری كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریدا ده‌كرد. ئه‌و خودایانه‌ی كه گه‌ردوونیان خۆلقاندووه و ئه‌و مێژوونووسانه‌ی كه مێژوویان نووسیوه و ئه‌و داگیركارانهیش كه ئه‌و ناوچانه‌یان داگیركردووه باش ده‌زانن كه ئه‌م ناوچانه كوردستانین. ئه‌مه‌یش مافداربوون و به‌رحه‌ق بوونی گه‌لی كوردستان ده‌سه‌لمێنێت. جا له شه‌ڕێكدا كه لایه‌نێك مافدار و له‌سه‌ر حه‌ق بێت و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش له‌سه‌ر ناحه‌ق بێت خۆ دیاره كات و سات به سوودی كامه لایه‌ن بڕیار ده‌دات. وه‌كو ئه‌وه‌ی له قۆرئانیشدا هاتووه ده‌ڵێت " حه‌ق هات و ناحه‌ق له ناوچوو، به‌راستی كه ناحه‌ق له ناوبردنییه.
حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌ربابه بیانییه‌كانیشی هه‌ر چه‌ند باش ده‌زانن له‌سه‌ر ناحه‌قن و به ناحه‌قی شه‌ڕ له دژی حه‌ق ده‌كه‌ن، چه‌ند رۆژێكه ده‌ستیان به شه‌ڕێكی ده‌روونی له دژی كوردستانیان كردووه، به‌ڵام هه‌ر زوو براوه و شكهستخواردووی ئه‌م شه‌ڕه‌ش به‌ده‌ركه‌وت. شه‌وی رابردوو كه گوایا سه‌عات دووی شه‌و حه‌شد ده‌ست به هێرشه‌كانی ده‌كات، پێش هاتنی كاته دیاریكراوه‌كه، چه‌ندان كه‌س رێزه‌كانی حه‌شدیان به‌جێ هێشت و دانیان به شكستی خۆیاندا نا. به‌ڵام كوردستانییان له خورماتو، كه‌ركووك و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان شان به شانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی نێو سه‌نگه‌ر، تا به‌ره به‌یان له نێو كۆڵان و مه‌یدانه‌كاندا ئاماده‌بوون و به‌رگرییان له ماف، ئیراده، بڕیار و ئازادی خۆیان كرد. ئه‌و جۆش و خرۆشه‌ی كوردستانیان، ئه‌و یه‌كده‌نگییه ئازادیخوازانه‌ی نێو پێكهاته و چینه‌كانی كوردستان، هێزی زیاتری به هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئاماده له سه‌نگه‌ردا و هه‌ر له سه‌ره‌تایه‌وه چاره‌نووسی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ستنیشان كرد و ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌ربابه‌كانی به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر دژایه‌تی كردنی كوردستان، ئه‌وا زۆری پێ ناچێت كه ژن و منداڵه‌كانی ئه‌وانیش وه‌كو ژن و منداڵانی داعش له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان راده‌ستی تاران، ئه‌نقه‌ره و به‌غدا بكه‌ن، خۆیان راده‌ستی كوردستانییان ده‌كه‌ن وبه هه‌ولێر ده‌ڵێن په‌شیمانین.