Erbil 11°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 11:19

لە نێوان شەڕی بەرژەوەندی رووسیا و ئەمریکادا، دەوڵەتە کوردستانییەکە لە دایک دەبێت

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رێگا به‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌و سزادانێك له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان نادات
رووسیا و ئەمریکا
100%


ئارام کاکەخان

رکابەری وڵاتە زلهێزەکان دەستی پێکردووە و کاتی هەڵهاتنی خۆری سەربەخۆیی کوردستانە، دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکە دروست دەبێت، خاوەنی نزیکەی ٤٥ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوە و بە پێنجەمین وڵات دادەنریت لە یەدەگی گازی سروشتی لە جیهان، ئەمەش وای کردووە لەمەودوا کورد دۆستی زیاتر بێت لە دژ و کاتی هەڵهاتنی خۆری سەربەخۆیی نزیک بوەتەوە، ئەمەش بەوپێیەی لە ئێستاوە ولاتانی زلهێز کەوتوونەتە خۆ بۆ ئەوەی لە بەشێکی گۆرەپانی ئەو دەوڵەتە نوێیە دەوڵەمەندە جێیان ببێتەوە و گۆرەپانەکە بۆ تەنیا دەولەتێک نەبێت، ئەمەش وا دەکات لە ئیستا بە دواوە کورد خاوەن بڕیار بێت سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی، ئەمە جگە لەوەی ئاساییش و ئارامی دەوڵەتە نوێیەکە گرەنتی کراو دەبێت.

بەر لە چەند رۆژێک سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان چاوەروانی ئەوەبوو وڵاتان پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان بکات، بەڵام لێدوان و سەردانەکانی رووسیا وا ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ویلایەتە یەکگرتووەکان رەتیکردوە و وڵاتانی دراوسێ دژایەتی توندیان راگەیاند و دژی ئامانجەکانی ریفراندۆم وەستانەوە، کە نزیکەی ٩٣% دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان داوای سەربەخۆییان کردبوو.

بەڵام ئەم لێدوان و هەرەشە توندانەی دراوسێیەکان زۆری نەخایاند و نەیانتوانی هەڕەشەکانیان بکەنە کردار، ئێستا و دوای کەمتر لە مانگێک گۆڕانکاری لە هەڵوێستی وڵاتان هاتووەتە ئاراوە سەبارەت بە پرسی کورد و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی.

کوردەکان مکوڕن لەسەر ئەوەی بە سەربەخۆیی نەبێت رازی نابن و وڵاتی فەڕەنساش ویستی نێوەندگیری بکات بەڵام چونکە بابەتی سەربەخۆیی ئامانجی نێوەندگیرییەکە نەبوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری کردنی رەتکردەوە.

پرسی کورد وڵاتانی هێناوەتە سەرخەت و رکابەرییەک لەسەر پرسی کورد لەلایەن وڵاتە زلهیزەکانەوە دروست بووە، سەرەتای ئەو هەوڵەش روسیا دەستی پێکرد، لێدوان و سەردانەکانی ڤلادیمێر پۆتین بارودۆخەکەی گۆڕی، تورکیا تاوەکو ئەم چەند رۆژەی رابردوو دژایەتییەکی توندی کوردی دەکرد، لەگەڵ چوونی سەرۆکی رووسیا بۆ ئەو وڵاتە، لێدوانی ئەردۆگان گۆڕانی بەسەردا هات و پاش سەردانیشی بۆ وڵاتی تورکیا نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک ، لەکاتێکدا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکەی ئەردۆگان ئەوەبوو لەگەڵ وڵاتی ئێران دژ بە ئامانجەکانی ریفراندم رێککەوتنێک ئەنجام بدەن، شایەنی وەبیر هێنانەوەیە لەگەڵ گەیشتنی ئەردۆگان بۆ وڵاتی ئێران، سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پۆتین لە میانەی کۆنفڕانسی هەفتەی وزەی رووسیا رایگەیاند:  لە بەرژەوەندی کەسدا نییە رێگە لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بگرێت ھەر لەم کۆنفڕانسەدا سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە: رووسیا دەست وەرنادات لە پرسی کوردەکانی کوردستانی عێراق.

پسپۆڕان و شارەزایان پێیان وایە لێدوان و سەردانەکانی سەرۆکی رووسیا بە بەرژەوەندی کورد دەشکێتەوە و پێیان وایە پۆتین لە هەوڵدایە کە تورکیا و کوردستان رازی بکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆمپانیاکانی نەوت و گازی رووسیا گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا کردووە بە نزیکەی ٤ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکەن.

ماڵپه‌ری ئه‌لمۆنیته‌ری ئه‌مریكیدا رایده‌گه‌ێنێت: گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ڕووسیا ڕێگر بوون، له‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی توركیادا و ناتوانێت هه‌ڕه‌شه‌كانی له‌ دژی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی ماڵپه‌ری ئه‌لمۆنیته‌ری ئه‌مریكیدا هاتووه‌: به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی ڕووسیا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، ڕێگه‌ نادات توركیا سنوور له‌سه‌ر كوردستان دابخات.

پێچەوانەی زۆربەی سەرۆک و وڵاتانی دونیا پێشتر پۆتین ناڕەزایی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەرنەبڕی لە دوایین لێدوانیشدا سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پۆتین لە دەستپێکی کۆنفرانسی هەفتەی وزەی رووسیا  ئاماژەی بەوەداوە: رووسیا ھەوڵی ئەوە دەدات ئارامی ناوچەکە بپارێزێت بۆ ئه‌وه‌ی  گرژی و ئاڵۆزی پەرەنەسێنێت.

ئەمەش لەلایەن سیاسییەکان و پسپۆڕان و شارەزایانەوە بەبەرژەوەندی کورد خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و پێیان وایە سەرۆکی رووسیا دەیەویت نێوەندگیری تورکیا و هەریمی کوردستان بکات و وا بکات هەردوولا بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و کورد بە کۆنفیدڕالی رازی بکات،ئەمەش وەکو کورد دەڵێت رووسیا دەیەوێت بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت.

ماڵپه‌ری ئه‌لمۆنیته‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ده‌شڵێت، ڕووسیا به‌ وه‌به‌رهێنانی ٤ ملیار دۆلاری له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری پیشه‌سازیی نه‌وت و گازدا، پێش وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ئه‌مریكاییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌وتووه‌ و ئه‌وه‌ش هۆكارێك بووه‌ له‌ به‌رده‌م سه‌رۆك كۆماری توركیادا بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی دژی هه‌رێمی كوردستان. چونكه‌ ڕووسیا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت به‌ داخستنی بۆڕیی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ نێو توركیادا.

هەرچی ئەمریکایە تا ئێستا راستەوخۆ پشتگیری کورد و ریفراندۆمی نەکردووە، بەڵام پاش هەوڵەکانی پۆتین کەوتونەتە خۆیان و پشتگیری بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەردەبڕن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هاتووەتە سەرخەت و رایگەیاندووە: نایانەوێت گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا ببێت؟

ئەمریکا پێشتر بە فەرمی ریفراندۆمی رەتکردەوە، بەڵام ئێستا کەوتوونەتە خۆیان، دواهەمین هەوڵیان ئەوەبوو کە کۆنگرێسمانی ئەمریکی هەنتەر، نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە و باس لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات و بە تڕامپ دەڵێت، کوردەکان دەیانەوێت خۆیان حاکمی خۆیان بن.

لەلایەکی دیکەوە لێكۆڵه‌رێكی ئه‌مریكی رایده‌گه‌ێنێت، واشنتۆن چیدیكه‌ بێ ده‌نگ نابێت، به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڕه‌شه‌و سزایانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

ده‌یڤید پۆلۆك لێكۆڵه‌ری سیاسی له‌ په‌یمانگای واشنتۆن رایگه‌یاند: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رێگا به‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌و سزادانێك له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان نادات، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامدا.

روی جۆتمان رۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسی رایگه‌یاندووه: ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، پاڵپشتی له‌ به‌هێزكردنی كوردستان ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی دونیا پێویستییان به‌ كوردستانێكی به‌هێزه‌.
گوتیشی: ئه‌گه‌ر سزادان، یان ئابڵووقه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بسه‌پێنرێت، كاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌مریكا رێگا به‌م كاره‌ نادات.

گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکا وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانەی ئەمریکا لەگەڵ هه‌رێمی كوردستان لەسەرووی نیو ملیار دۆلارەوەیە، هەروەکو پێشبینی دەکرا ئەمریکا بە بێدەنگی نەمایەوە، ئێستا جۆرە فشارێک لەسەر کۆشکی سپی دروست بووە بۆ دانی بڕیارێک کە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا بێت و گۆرەپانەکە تەنیا بۆ رووسیا جێنەهێڵرێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لەمەودوا وڵاتان چاوەروانی بڕیارەکانی کوردستان دەبن، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دەوڵەتە نوێیەکەدا و لە بەشێک لە گۆڕەپانەکەدا جێیان ببێتەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.