Erbil 34°C سێشەممە 17 ئەیلوول 15:06

توڕه‌یی به‌غدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى کورده‌!

شرۆڤه‌یه‌ك بۆ دۆخى ئێستاى ناوچه‌كه‌ شایه‌نى خوێندنه‌وه‌یه‌.
100%


نووسینی: عه‌تا قه‌ره‌داخی


ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان بده‌ین، ده‌بینین چۆن وروژاون و وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ریفراندۆمی خه‌ڵكی باشوورى كوردستان نه‌ك هه‌ر زیانی گه‌وره‌ى بۆ ئه‌وان هه‌بێت به‌ڵكو سوكایه‌تی بێت بۆ بوون و كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی ئه‌وان ئه‌گه‌ر هه‌یان بێت. ئه‌وه‌ى ئه‌م داگیركه‌ره‌ خوێنڕێژانه‌ى كوردستانی كردووه‌ته‌ هاوهه‌ڵوێست ئه‌و عه‌قڵه‌ وه‌حشیگه‌رییه‌یه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ بوونی عه‌ره‌ب و تورك و فارس، به‌شێكیشی به‌رهه‌می ئه‌و شۆڤێنیستیه‌یه‌ كه‌ رۆح و گه‌وهه‌رى ناسیونالیستی عه‌ره‌ب و تورك و فارسه‌.


به‌ڵام له‌ ئاستێكی تردا ئه‌و خۆته‌نگه‌تاوكردنه‌ى داگیركه‌رانی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان واهه‌ست ده‌كه‌ن درووستبوونی ده‌وڵه‌تی باشوورى كوردستان ده‌شێ كاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌شه‌ داگیركراوه‌كانی ترى كوردستان هه‌بێت و پرۆژه‌ى ناسیونالیزمی كوردى له‌و به‌شانه‌ش به‌هێز بكات. هه‌روه‌ك له‌و ئیراده‌ى كورد ده‌ترسن كه‌ سه‌ربارى ناڕه‌زایی ئه‌وان و به‌شێكی ئاشكراى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌م راپرسیه‌ به‌رهه‌می ئیراده‌ى گه‌لی كوردستانه‌ له‌ ده‌نگداندا كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌مجۆره‌ ژێرده‌سته‌یی و پاشكۆیه‌تی ئه‌وان ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌شه‌داگیركراوه‌كانی ترى كوردستانیش له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، رۆژێك له‌ رۆژان بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ى راپرسی و ده‌نگدان و ده‌سه‌ڵاتی رژێمه‌ تۆتالیتاره‌كانی ئه‌وان ره‌تبكه‌نه‌وه‌،هه‌روه‌ك خۆیشیان ده‌زانن كه‌ ئه‌گه‌ر كورد به‌م راپرسیه‌ى ده‌وڵه‌ت درووست بكات، ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین گه‌لی رۆژهه‌ڵات كه‌ به‌ ئیراده‌ى خۆى و به‌ده‌نگی راپرسی ئه‌و ده‌وله‌َته‌ى درووستكردووه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌و ده‌وله‌َتانه‌ى زۆربه‌یان كه‌ ده‌وڵه‌تانی بڕیار به‌ده‌ست له‌سه‌ر مێزى رێكه‌وتن و بێ ئیراده‌ى گه‌له‌كانیان درووستیان كردوون.

 

به‌هه‌رحاڵ كورد له‌ راپرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا بۆ یه‌كه‌مجار به‌ گیانێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ده‌نیانه‌وه‌و له‌ رێگاى بڕیاردانی راپرسی و پیاده‌كردنی ئه‌و بڕیاره‌شه‌وه‌ له‌ رووى داگیركه‌رى شۆڤێنیست تایفه‌گه‌ر مه‌زهه‌بی كۆنه‌په‌رستی عێراقیدا راوه‌ستاو له‌ دواى سه‌دو یه‌ك ساڵ له‌ سایكس پیكۆو نه‌وه‌دو شه‌ش ساڵ دواى درووستبوونی ده‌وڵه‌ته‌ درووستكراوه‌كه‌ى عێراق، كورد به‌ده‌نگی به‌رز به‌ عێراق و به‌ جیهانی راگه‌یاند كه‌ چیتر نایه‌وێت له‌ سایه‌ى سیستێمی كۆڵۆنیالییستی عه‌ره‌بیدا بژى.


وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی عێراقی عه‌ره‌بی به‌ شیعه‌و سونه‌وه‌، به‌ مه‌زهه‌بی و به‌ناو عه‌لمانیه‌وه‌، به‌ خۆپارێزو رادیكاڵه‌وه‌، یه‌ك هه‌ڵوێسته‌و هه‌موویان یه‌ك بۆچوونیان هه‌یه‌، كه‌ له‌ كانیاوى ژه‌هراوى شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌و هیچ بنه‌مایه‌كی مرۆیی و شارستانێتی پێوه‌دیار نیه‌. ئافه‌رم كۆمه‌ڵگه‌ى عه‌ره‌بی عێراقی، له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌وروبه‌رى سی ملیۆن كه‌سیدا، گوێت له‌ ده‌نگی كه‌سێك نه‌بێت له‌ كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌م نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌به‌وه‌ تا سیاسی و به‌رپرس و نووسه‌رو رۆشنبیرو رۆژنامه‌نووس، بڵێت باشه‌ ئه‌م كورده‌ش مرۆڤن و نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازن له‌ عه‌ره‌ب و بۆ ده‌بێ مافی بڕیاردانی چارنووسی خۆیانیان نه‌بێت. با ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى عه‌ره‌بی عێراق به‌راورد بكه‌ین به‌وكوردانه‌ى كه‌ تاكو ئێستاش گۆرانی به‌ باڵاى به‌غداى ئه‌نفال و كیمیایی باراندا ده‌ڵێن پێیان وایه‌ نه‌ده‌بوو كورد ریفراندۆمی بكردایه‌!!!


ئێستا كورد پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی تره‌وه‌و دۆزى كورد به‌ته‌واوه‌تی له‌ بابه‌تێكی ناوخۆى عێراقه‌وه‌ بووه‌ته‌ بابه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌ربارى فشارو گوشارو هاژه‌وهوژه‌ى عێراقیه‌كان و خه‌لیفه‌ ئه‌ردۆگان و ئاخونده‌كانی مامۆستاو ئاغاى شیعه‌ عێراقیه‌كان.. ناتوانرێت داواى ره‌واى كورد سه‌ركوتبكرێت و سه‌رئه‌نجام ئاسۆیه‌كی گه‌ش له‌به‌رده‌مماندایه‌، به‌ڵام ده‌بێ چاوه‌ڕوانی گرفت و زه‌حمه‌ت و كێشه‌و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینیش بكه‌ین.. به‌ڵام ئه‌وانه‌ كاتین و ئیراده‌ى كوردیش پێموایه‌ له‌سه‌ر ئاستی گشتی له‌وه‌ به‌هێزتره‌ كه‌ به‌ئاسانی ببه‌زێت، به‌ تایبه‌تی له‌بارودۆخێكدا كه‌ حكومه‌تی عێراقی بێجگه‌ له‌ ده‌ركردنی بڕیار شتێكی ئه‌وتۆى پێناكرێت، به‌تایبه‌تیش پێگه‌ى عه‌بادى و حكومه‌ته‌كه‌ى به‌جۆرێك لاوازه‌ بڕیاره‌كانی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غداشدا جێبه‌جێ ناكرێن.

 

سه‌رۆك وه‌زیرانێك هێنده‌ كورتبین بێت، بیه‌وێت به‌ ده‌ستووره‌ تۆپیوه‌كه‌ى عێراق ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر كوردستاندا بسه‌پێنێت، هه‌ق نیه‌ زۆر گوێی پێبدرێت، چونكه‌ بیرچووه‌ ئه‌گه‌ر ئێستاش فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمان نه‌بن داعش زۆر شوێنی ترى عێراقه‌كه‌ى ئه‌و ده‌كه‌ن به‌ موسڵ به‌ تایبه‌تی قه‌ڵاكانی شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، ئه‌گه‌ر داعش درووستكراوى ئێران نه‌بێت. تاكه‌ شتێك كه‌ حكومه‌تی مه‌زهه‌بی عێراق بتوانێت به‌ دژى كورد بیكات و تاكو ئێستا نه‌یكردبێت، راگرتنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێرو سلێمانیه‌ كه‌ پێموایه‌ هه‌رهه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌و ته‌نانه‌ت تووندتریش له‌ جۆرى ئه‌وه‌ى دكتۆر فوئاد مه‌عسوم و وه‌زیرو به‌رپرسانی كوردو ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی كورد له‌ به‌غدا ده‌ربكه‌ن... هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ قازانجی كورد ده‌شكێنه‌وه‌و زووتر له‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت نزیكمان ده‌كه‌نه‌وه‌.


ماڵی شیعه‌ كه‌ ده‌یان كه‌له‌به‌رى تێدایه‌ و ماڵی سونه‌ش كه‌ وێرانبووه‌و چه‌ند كه‌سێكی لاوزو پشكۆى شیعه‌ى وه‌كو سه‌لیم جبورى له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراقیدا ماون، هه‌موویان له‌به‌رئه‌وه‌ى خاوه‌نی هیچ پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی و خزمه‌تگوزارى و زانستی و په‌روه‌رده‌یی و ... نین بۆ عێراق، له‌م كاته‌دا كه‌ نزیكه‌ى هه‌شت مانگێكی ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن، ده‌یانه‌وێت له‌ رێگاى دژایه‌تیكردنی كورده‌وه‌ پێگه‌ى هه‌ڵبژاردنی خۆیان به‌هێزبكه‌ن و ده‌نگی جه‌ماوه‌ر كۆبكه‌نه‌وه‌. ئایا كورده‌ پرۆعێراقیه‌كان به‌چ هیوایه‌كه‌وه‌ به‌ته‌ماى هاوپه‌یمانی و ژیانن له‌گه‌ڵ ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ى شیعه‌و سونه‌ى عه‌ره‌بی عێراقدا؟
بێگومان ره‌نگه‌ ئه‌م هاژه‌وهوژه‌ى بڕیارده‌ركردن و قسه‌كردن دژى كورد له‌ عێراق تا كاتی هه‌ڵبژاردن بخایه‌نێت. چاره‌نووسی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش هێزى یه‌كێك له‌ دوو لایه‌نی ئێرانی یان ئه‌مه‌ریكی دیارى ده‌كات.

 

ئێران پشتگیرى مالیكی و پاشكۆكانی له‌ شیعه‌و هه‌ندێ كه‌سێتی لاوازى سونه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى سیاسی پێكبهێنن و كۆتایی به‌ ته‌وافوق بهێنن له‌ عێراقدا، كه‌ ئێستا به‌ كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ كۆتاییهاتووه‌. ئه‌مه‌ریكیه‌كان پشتگیرى عه‌بادى ده‌كه‌ن به‌ڵام عه‌بادى پێگه‌یه‌كی زۆر لاوزى هه‌یه‌، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌رى شیعه‌ى عێراق و هه‌م له‌ ناو حیزبی ده‌عوه‌شدا. بۆیه‌ ئه‌گه‌رى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌بادى بدۆڕێت كه‌ ئه‌وه‌ش دۆڕاندنی ئه‌مه‌ریكایه‌و شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌. به‌ڵام ئایا ئه‌ڵته‌رنایتیڤى ئه‌مه‌ریكا بۆ دۆڕاندنی لایه‌نگرانی خۆیی و سه‌ركه‌وتنی پرۆئێرانیه‌كان چی ده‌بێت؟


من ئێستا وایده‌بینم سه‌ركه‌وتنی مالیكی مسۆگه‌رتره‌ له‌ عه‌بادى. له‌ عێراقی عه‌ره‌بدا سه‌ركیترین و به‌هێزترین كه‌سێتی میحوه‌رى ئێستا مالیكیه‌و كۆى ئه‌وانه‌ى تر به‌ شیعه‌و سونه‌ ناتوانن له‌ هه‌ژموونی ئه‌و ده‌ربازبن. هه‌رچۆن له‌ كوردستان مه‌سعود بارزانی میحوه‌رو ئه‌وانی تریش به‌ ئاستی جیاواز به‌ده‌ورى ئه‌وه‌وه‌ن. له‌حاڵه‌تی سه‌ركه‌وتنی مالیكیدا هیچ بوارێك بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌ عێراقی یه‌كگرتوو ناوى ده‌به‌ن نامێنێته‌وه‌و ئه‌مه‌ریكا خۆى ده‌بێته‌ ئه‌ندازیارى دابه‌شكردنی عێراق و به‌ زیاده‌وه‌ به‌رنامه‌كه‌ى جۆ بایدن كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا بۆ ئاینده‌ى عێراقی پێشنیاركردبوو، جێبه‌جێ ده‌كرێت. خۆ ئه‌گه‌ر عه‌بادى له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا به‌ پشتگیرى ئه‌مه‌ریكا بیباته‌وه‌ ئه‌وه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى له‌مه‌ى ئێستاى به‌هێزتر نابێت و ناتوانێت هیچ رێگرییه‌ك له‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردى بكات.

 

له‌ بارێكی وه‌هاشدا ئێران كه‌ له‌ عێراقدا ده‌دۆڕێت، هه‌روا به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌ردارى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نابێت و له‌لایه‌ك له‌ نێو ماڵی شیعه‌ خۆیه‌وه‌ دژایه‌تی عه‌بادى و شیعه‌ پرۆئه‌مه‌ریكیه‌كان ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ریشدا پشتگیرى مالیكی و ئه‌وانه‌ى تر ده‌كات كه‌ بووكه‌شووشه‌ى ئێرانین. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئێران ئه‌گه‌ر پشتگیرى كوردیش نه‌كات بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت ئه‌وا دژایه‌تی ناكات.


ئایا راگه‌یاندنه‌ شێلگیرییه‌كانی ئه‌ردۆگان به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌وه‌ى ده‌ریده‌برَێت بۆ ماوه‌ى دوورو درێژ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع جێبه‌جێ ده‌كات؟ ئایا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان و كۆمپانیه‌ وه‌به‌رهێنره‌كانی توركیا له‌ باشوورى كوردستان له‌م رووه‌وه‌ چ رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كیان ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ى پێشبینی ده‌كرێت، پێناچێت هاژه‌وهوژه‌كانی سولتان ئه‌ردۆگان زۆر به‌رده‌وام بێت، ئه‌و سولتان ئه‌ردۆگانه‌ى كه‌ ئێستا گڕى گرتووه‌و وا ره‌فتار ده‌كات كه‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردى ماناى ناردنه‌وه‌ى ئه‌وى توركه‌ بۆ ئاسیاى ناوه‌ند. پێشتریش زۆر گوێمان له‌وه‌ ده‌بوو كه‌ ریفراندۆم پرۆژه‌ى درووستكردنی میرنشینێكی ئه‌رۆگانیه‌ له‌ لایه‌ن مه‌سعود بارزانیه‌وه‌. ئایا ده‌شێت هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆكان جۆرێك له‌ نواندن بێت و له‌ بنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردى یان به‌ روانینی ئه‌وانه‌ى گوتمان له‌گه‌ڵ درووستكرنی میرنشینی ئه‌ردۆگانیدا بێت. هه‌روه‌ك ده‌شێت هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌ردۆگان بۆ راگرتنی سۆزى توركه‌ كه‌مالیسته‌كان و جه‌ماوه‌رى ده‌نگده‌رى خۆیشی بێت كه‌ ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا كه‌سی ئه‌ردۆگان فڕبدرێته‌ ده‌روه‌ى ده‌سه‌ڵات.


به‌هه‌رحاڵ دواى ریفراندۆم كورد پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی ترى ژیانی سیاسیه‌وه‌و فایلی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌و هه‌تا له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیعیش ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ پێكنه‌یه‌ت، فایلی كوردى له‌سه‌ر مێزى سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ناپێچرێته‌وه‌. به‌ڵام گرنگه‌ كورد یه‌كه‌م خۆڕاگربێت، دووه‌م دوور له‌ هه‌ڵچوون و به‌ هێمنی و به‌ لۆجیكی عه‌قڵ و پشوودرێژانه‌ كاربكات و به‌ بریاره‌ هه‌رزه‌كارییه‌كانی عه‌بادى وپه‌رله‌مانه‌ كارتۆنیه‌كه‌ى عێراق نه‌وروژێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ خۆى بۆ هه‌موو پێشهاتێك ئاماده‌ بكات. بێگومان هێمنی كوردو هه‌ڵوێستی هسترییانه‌ى عه‌ره‌بی عێراق، له‌ سوودى كورد ده‌شكێته‌وه‌و چه‌ند عێراقیه‌كان به‌و شێوه‌ دڕندانه‌و به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ نالۆجیكیه‌وه‌ هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ كورد و خواسته‌كانی وه‌ربگرن و نیشان بده‌ن.. هه‌نگاوه‌كانی گه‌یشتنی كورد به‌ سه‌ربه‌خۆیی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت كورتتر ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ك گرنگه‌ كورد له‌و بڕیاره‌ى داوێتی پاشكشه‌ نه‌كات چونكه‌ پاشه‌كشه‌كردن ماناى خۆكوشتن و له‌ ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ داهاتوویه‌كی دوورو درێژ.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.