ئەمڕۆ هەینی، پارتی دادو گەشەپێدان بە فەرمیی داواکاریی پێشکەشی دەستەی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستانبوڵ.
رۆژنامەی "حوڕیەت"ی تورکی بڵاوی کردەوە؛ ئاکەپە لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە تۆماری دەنگدەرانی ئیستانبوڵ نایاسایی بووە و بەهۆیەوە کاریگەریی لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان دورستکردوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ رایگەیاند" سەرەڕای جیاکردنەوەی دەنگەکان هێشتا (18742) دەنگ لە پێش بیناڵی یەڵدرمی رکابەری و کاندیدی ئاکەپەوەیە.
رۆژی دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، سەعدی گوڤەن سەرۆکی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند" تائێستا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ (چوار) ملیۆن و (159) ھەزار و (650) دەنگی بەدەستھێناوە، لەبەرامبەردا بیناڵی یەڵدرم کاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە)، بە گشتی (چوار) ملیۆن و (131) ھەزار و (761) دەنگی بەدەستهێناوە و هێشتا قۆناغی تانە و سکاڵاکانیش بەردەوامە.
ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پارتەکەی ئەردۆغان شارەوانی ئەنقەرەی پایتەختیشی لەدەستدابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.