Erbil 8°C یەکشەممە 26 کانوونی دووەم 10:06

زرار محه‌مه‌د مسته‌فا چۆنی هه‌ڵڕشت و قوتابییه‌کانی چۆن کۆیان کرده‌وه‌؟

خۆزگه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌مبینیایه‌
کوردستان TV
100%

ن/ وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

پێشتر كه‌ ده‌چوومه‌ رواندز، نه‌ده‌بوو سه‌ردانی مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا نه‌كه‌م كه‌ له‌لای من وه‌ك مێژووی هونه‌ریی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌. ئه‌و پیاوه‌ بۆیه‌ توانی چه‌ند نه‌وه‌یه‌ك له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ پێبگه‌یه‌نێ، چونكه‌ له‌ بنچینه‌وه‌وه‌ خۆی رۆشنبیر بوو به‌تایبه‌تی رۆشنبێرێكی هونه‌ری و بواره‌ جیایاكانی هونه‌ر، له‌وه‌یش زیاتر له‌ناویاندا موزیك و گۆرانی. بۆیه‌ پێشتر گوتوومه‌ و ئێسته‌یش پاته‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ قوتابییه‌كانی ئه‌و زاته‌، مامۆستای ئێسته‌ی موزیكی كوردین.

واته‌ قوتابییه‌كانی دوێنیی مامۆستا زرار، نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌مڕۆ وه‌ك مامۆستا ده‌بینرێن، به‌ڵكو نه‌وه‌یه‌كی نوێی بواره‌كه‌ی خۆیان دروست كردووه‌. بنچینه‌ی هونه‌ره‌كه‌ی ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێك خاوه‌نی ئه‌مه‌ك بن، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مامۆستاكه‌یان كه‌ له‌ دوو بواری زۆر گرنگدا په‌روه‌رده‌ی كردوون، یه‌كیان ده‌ستپێكی فێربوونی موزیك و ئه‌ویتریان ره‌وشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی باڵا. ئه‌وه‌ی قوتابییه‌كانی دوێنیی مامۆستا زرار له‌ نزیكه‌وه‌ بناسێ، ره‌وشته‌ باڵاكه‌یانی به‌لاوه‌ نامۆ نابێ. نموونه‌یان (ئامانج غازی، سه‌ید ئه‌حمه‌د رواندزی، سیروان سیرینی، چه‌تۆ نه‌ورۆز و ئه‌وانی تر). من بۆیه‌ ناوی ئه‌و چوار كه‌سه‌ ده‌هێنم، چونكه‌ ئه‌وان ئێسته‌ ناوی دیاری هونه‌رن له‌ كوردستاندا. ده‌مێنێته‌وه‌ بزانین قوتابییه‌كان تا چه‌ند خاوه‌نی ئه‌مه‌كن به‌رانبه‌ر به‌ مامۆستاكه‌یان كه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ وه‌ك بنچینه‌ ئه‌و بووه‌ پێی گه‌یاندوون.

له‌دوا گه‌شتم به‌مدواییه‌ بۆ رواندز، ماوه‌یه‌كی زۆر بوو مامۆستام نه‌بینیبوو، نه‌ده‌بوو سه‌ردانی نه‌كه‌م. له‌ناو بازاڕه‌كه‌ی رواندز مام فه‌رهادم بینی كه‌ ده‌كاته‌ برای زرار محه‌مه‌د مسته‌فا و مامۆستا له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌و ژیان ده‌كات، چونكه‌ مامۆستا تا ئێسته‌یش سه‌ڵته‌. چووینه‌ لای و بینیم، به‌ڵام چۆن بینینێك؟ خۆزگه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نه‌مبینیایه‌، ده‌سته‌ پیرۆزه‌كانیم ماچ كرد و دانیشتم، ئه‌و منی نه‌ناسییه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ نا كه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ بیر و بیروه‌رییه‌كانی هه‌بێت، به‌ڵكو مامۆستا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ چاودا هه‌یه‌ و ئێسته‌ ناتوانێ به‌ ئاسان ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بناسێته‌وه‌، كه‌ ناوی خۆم پێ گوت، دووباره‌ هه‌ستایه‌وه‌ سه‌رپێ و به‌ رێزه‌ باڵاكه‌ی شه‌رمه‌زاری كردم. له‌وه‌ به‌دواوه‌ كه‌وتینه‌ ناو باسی دۆخی ته‌ندروستیی خۆی و هاوكات مێژووی هونه‌ریی شارۆچكه‌كه‌. ئه‌وه‌ی له‌و دانیشتنه‌ هه‌ستم پێ كرد. مامۆستا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی كوردی فه‌رامۆش و په‌راوێز كراوه‌. له‌وه‌یش زیاتر ئه‌گه‌ر فه‌رامۆشكردنه‌ی له‌لایه‌ن قوتابییه‌كانی خۆی بێت، مرۆی خاوه‌ن ویژدان چۆن تووشی نیگه‌رانی و خه‌م نابێ و بێده‌نگ ده‌بێ. ئاخر من بێئاگا نیم له‌و دۆخه‌ هونه‌رییه‌ی له‌و شارۆچكه‌یه‌ گوزه‌راوه‌. له‌وه‌یش زیاتر باش ده‌زانم ئه‌وه‌ی مامۆستا وه‌ك هونه‌ر و كاری هونه‌ریی هه‌ڵیڕشت، قوتابییه‌كانی كۆیان كرده‌وه‌. كورد ده‌ڵێ "چۆله‌كه‌ی ئه‌مساڵ بۆ چۆله‌كه‌ی پار ده‌جریوێنێ". كه‌چی ته‌نانه‌ت هه‌ستم به‌وه‌یش نه‌كرد كه‌ قوتابییه‌كانی مامۆستا، له‌و قۆناغه‌ ناسكه‌ی ژیانی ئه‌و و دۆخی ته‌ندروستیی ئه‌ودا، ئاماده‌ییان هه‌بێ بۆی بجریوێنن.

زۆر گوتوومه‌ هه‌ر داهێنه‌رێك یان هه‌ر رۆشنبیرێك ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ره‌وشتێكی باڵای كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت و له‌وه‌یش زیاتر كه‌سێكی خاوه‌ن ویژدان نه‌بێت، ناتوانێ به‌ رۆشنبیرییه‌كه‌ی یان داهێنانه‌كه‌ی خزمه‌تی خه‌ڵك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات. كه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا زرار داده‌نیشی، هه‌ست به‌و ره‌وشته‌ باڵایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌یت كه‌ ناتوانێ خۆی لێ ته‌ریك بكات. ئه‌و دوور و نزیك گله‌یی له‌ قوتابییه‌كانی ناكات كه‌ فه‌رامۆش و په‌راوێز خراوه‌، به‌ڵكو شانازییان پێوه‌ ده‌كات، زیاتر پێی وایه‌ ئه‌ركی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌ ئاوڕ له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بداته‌وه‌.

به‌ڵام بۆ كه‌سانێكی وه‌ك ئێمه‌ومانان كه‌ له‌ناو دۆخه‌كه‌دا ژیان ده‌كه‌ین، وه‌ك كورد ده‌ڵێ "خۆ گیامان به‌ گوێ نه‌خواردووه‌"، لۆجیك نییه‌ هه‌ست به‌و په‌راوێزییه‌ی مامۆستا نه‌كه‌ین كه‌ به‌شێكی گرنگی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر قوتابییه‌كانی و ده‌بوو بۆی بكه‌ن، كه‌چی نه‌ك هه‌ر نه‌یانكردووه‌، به‌ڵكو به‌و هه‌ڵوێسته‌ لاوازه‌ مێژووی خۆیانیش شێلوو ده‌كه‌ن یان له‌ بیر ده‌به‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان هه‌ریه‌كه‌یان ناوی دیار و هونه‌رمه‌ندی باڵای ئه‌م كوردستانه‌ن كه‌ روو له‌ هه‌ر شوێنێك بكه‌ن، ده‌ناسرێنه‌وه‌ و كاریان بۆ ده‌كرێ، كه‌چی ئه‌وه‌یان بۆ مامۆستاكه‌یان نه‌كردووه‌، هه‌ندێكیان نه‌ك هه‌ر به‌دوایدا نه‌بوون، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بوون به‌سه‌ری بكه‌نه‌وه‌ و له‌و دۆخه‌ ناسكه‌ی دۆخی ته‌ندروستیدا سه‌ردانی بكه‌ن. (مه‌به‌ستم نییه‌ ناو بهێنم).

من باش ده‌زانم به‌م نووسینه‌م ته‌نیا ره‌زای خۆم له‌لای قوتابییه‌كانی مامۆستا گران ده‌كه‌م. چونكه‌ ئه‌وان هاوڕێی نزیكی من بوون یان هیچ نه‌بێ وه‌ك نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسێك كارم بۆ كردوون، راسته‌ ئه‌وان شایانی رێزی زۆرن، به‌ڵام قسه‌كردن له‌باره‌ی مامۆستاكه‌یانه‌وه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی كورده‌، ئه‌ركی ئێمه‌یشه‌. بۆیه‌ په‌راوێزخستنی مامۆستا زرار ئاسان نییه‌ و ناكرێ دۆخی ئه‌و پیاوه‌ به‌و شێوه‌یه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌. ده‌بوو به‌رله‌ ئێمه‌ قوتابییه‌كان بكه‌ونه‌ به‌ر نقورچێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مندا نییه‌ نه‌كا لێم بڕه‌نجێن، راستییه‌كه‌ی بۆ قوتابییه‌كان ئه‌مه‌كێكه‌ و ده‌بێ قوتابی بۆ مامۆستاكه‌ی بنوێنێ.

ئه‌م نموونه‌یه‌م لێ وه‌ربگرن:

له‌ كۆتای شه‌ست و سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان خاوه‌نی گۆرانیی "بێ ئومێدی" مامۆستام بوو، مه‌به‌ستم مامۆستای قوتابخانه‌. كه‌ پیچێك گه‌وره‌تر بووم و خۆم له‌ دنیای هونه‌ردا دۆزییه‌وه‌، ته‌نیا پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵیدا باش بوو، ئه‌گه‌ر نا وه‌ك كۆرسیش كاری هونه‌ریمان پێكه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ڵام وه‌ك مامۆستا له‌لای ئێمه‌ومانان زۆر باڵا بوو. له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ته‌كاندا كه‌ قادر مه‌ردان چووه‌ ناو ته‌مه‌نه‌وه‌ و دۆخی ته‌ندروستیی باش نه‌بوو، له‌ ره‌حیماوای كه‌ركووك كه‌ ماڵی له‌وێ بوو، من و هونه‌رمه‌ند واحید ته‌نیا "كه‌ خۆمان دۆخی ژیانمان باش نه‌بوو"هه‌فتانه‌ یه‌ك یان دوو جار له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی سه‌ردانیمان ده‌كرد ته‌نیا وه‌ك ئه‌مه‌كێك ده‌بوو بیكه‌ین. چه‌ندین جار بابه‌تم له‌باره‌یه‌وه‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، دواتریش ئه‌و چووه‌ سوید و هه‌ر له‌وێیش كۆچی دوایی كرد، به‌ بابه‌تێكی رژد و درێژ به‌سه‌رم كرده‌وه‌. ئه‌و له‌ كاری هونه‌ریدا مامۆستای من نه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌بوو وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی شاره‌كه‌مان كه‌ركووك وریای بین و ئاگامان لێ بێت.

كه‌چی ئێوه‌ قوتابییه‌كانی مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا كه‌ ده‌ستپێكتان له‌لای ئه‌و بوو و ئێسته‌ هه‌ریه‌كه‌تان له‌ شوێنێك كارتان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ویژدانتان ئاسووده‌یه‌ كه‌ دۆخی ئێوه‌ زۆرباش و مامۆستاكه‌تان له‌ په‌راوێزدا بێت؟ خۆزگه‌ پرساره‌كانم به‌بێ وه‌ڵام نه‌ده‌مانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا قسه‌ی ترم ده‌بێ.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.