Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 09:04

کچی سه‌رۆک کۆماری عێراق: هه‌موو پۆستێک به‌ قوربانی یه‌ک چرکه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بێت

ده‌سكه‌وته‌كانی ژیان جێگره‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی كوردستان ناگرنه‌وه‌
کوردستان TV
100%

كچی سه‌رۆك كۆماری عێراق رایده‌گه‌ێنێت، هیچ كات و هه‌رگیز خۆشی و ده‌سكه‌وته‌كانی ژیان جێگره‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی كوردستان ناگرنه‌وه‌.

شیرین فوئاد مه‌عسوم،كچی سه‌رۆك كۆماری عێراق رایگه‌یاند: ئه‌م حكوومه‌ته‌ ده‌مارگیرو تائیفیه‌و نا ئازاده‌ی عێراق ده‌یه‌وێت گه‌له‌كه‌مان و به‌رپرسه‌كانمان بترسێنێت به‌وه‌ی تووشی دادگایان بكات وه‌كو كاك هۆشیار زێباری كاتێك به‌ ناعه‌داله‌تی له‌ پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌، یان رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ له‌سه‌ر ئاڵادانانی كوردستان دابوویان به‌ دادگا، ره‌فزكردنه‌وه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و لادانی كاك دكتۆر نه‌جمه‌ددین كه‌ریم به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی شۆڤینی عێراقی هه‌مان نموونه‌ی حكوومه‌ته‌كانی پێشووی عێراقمان دێنێته‌وه‌ یاد.

ده‌شڵێ: ئێمه‌ی كورد هه‌میشه‌ تامه‌زرۆی سه‌رخۆبوون و ئازادی بووین، فێرنه‌كراوین یه‌ك دڵۆپی خوێنی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌موو خۆشیه‌كانی ژیان بده‌ین جگه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت، كاتێك كه‌ گه‌لی ئێمه‌ شۆڕش له‌ دوایی شۆڕش به‌ نه‌پچڕاوی خه‌باتی ده‌كرد نه‌ له‌به‌ر نان بوو، نه‌ له‌به‌ر مووچه‌ بوو، وه‌ نه‌له‌به‌ر بوونی ئاو و كاره‌با بوو، چونكه‌ له‌سه‌رده‌مه‌كانی حوكمڕانی عێراق گه‌لی كوردستان ئه‌مانه‌یان هه‌موو هه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ خاوه‌نی ئازادی و ماف و سه‌ربه‌خۆیی خۆمان نه‌بووین، بۆیه‌ تا ئه‌مڕۆش ئێمه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی شۆڕش و خه‌باتكاری داین، ئامانج و سه‌ربه‌خۆیی پێویستی به‌ فیداكاریه‌.

شیرین جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌:  وه‌كو كچه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك هیچ رۆژێك له‌ ژیانی رۆژانه‌ماندا بیرم له‌وه‌ نه‌كردبووه‌و فێریش نه‌كرابووم كه‌ خه‌باتی گه‌لی كوردستان بۆ ڤێلاو كۆشكی سه‌لام و كۆماریه‌، فێركرابووم كه‌ خه‌باتكارانی وه‌كو موسته‌فا بارزانی و باپیره‌م مه‌لا مه‌عسوم نه‌وه‌ی وه‌كو باوكم و كه‌سانی وه‌كو مام جه‌لال و سه‌رۆك بارزانی ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، با له‌نێو زیندان بین به‌ڵام سه‌ربه‌رز و ئازادو خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆمان بین، هیچ كات و هه‌رگیز خۆشی و ده‌سكه‌وته‌كانی ژیان جێگره‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی كوردستان ناگرنه‌وه‌.

كوردستان تیڤی: ئا/ رزگار تاهیر

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.