Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 00:48

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دوو تەوەری گرنگ دران

100%

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا دوو تەوەری گرنگ تاوتوێ كران، یەكێك لە تەوەرەكان دیاریكردنی كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی كرێكارانی كەرتی تایبەت بوو كە بە بڕی 500 هەزار دینار دیاری كرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خرایە ڕوو، کە لە ڕۆژی 2026/6/18 لە بەغدا واژۆ کرا.

لەمبارەیەوە لیژنەی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاریی کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەش و لەیەکترگەیشتنی سەرەتایی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ئەنجوومەن خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران بە بایەخەوە لە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا دەڕوانێت کە ئامانجی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان لە سەرتاسەری عێراق و بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان و پەرەپێدانی ڕوونی و شەفافییەتە لە داهاتی سنوورە گومرگییەکان، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی ڕووتین و برەودان بە جوولەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی ئەم هەنگاوانە بووە و برەوی پێداوە.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی لە کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دەستەی گومرگی فیدڕاڵ و هەرێم، لە هەمانکاتدا وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، ناوخۆ، پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، تەندروستی) و دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئامادەسازیی پەسەندکردنی کۆتایی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بکات.

هەر لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری ساز بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان کە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی و بەکارهێنانەوەی لە خزمەتی گشتی هاووڵاتییان و هەروەها ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەستووری و قانوونی نێوان دامەزراوە فیدڕاڵیيەکان و هەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا.

لە بڕگەی دووەمدا ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی بابەتی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران كرد.

سەرەتا وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی پوختی خستەڕوو سەبارەت بە چاکسازییەکانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران، بە تایبەتی بە دیجيتاڵکردنی ڕێکارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و چالاککردنی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و گلدانەوەی لێبڕینی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران و بەشداریی داراییی خاوەنکار لەم سندووقە و چالاکردنی نووسینگەکانی بەکارخستن و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، سەرەڕای سازدانی خولەکانی ڕاهێنان و فێرکردنی پیشەکان، کە ئەم ڕێکارانەش وای کردووە کە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی دەستبەر کراون، بگاتە نزیکەی 64 هەزار پڕۆژە، و سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو بە شێوازێکی بەرچاو، کە ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 320 هەزار کرێکار، ئەوەی ئەم ڕێکارانە بووەتە هۆی هاندانی گەنجان بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و دابینکردنی مافی خانەنشینی و وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆیان دوای گەیشتنیان بە تەمەنی خانەنشینی بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، لە دوا بڕگەی ڕاپۆرتەکەیدا، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پێشنیاری دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت کرد بە بڕی پێنجسەد هەزار دینار.

سەرەتا سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشییان لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری حکوومەتدا، بە هاوکاریی نووسینگەی سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، کار و پڕۆژە و چالاکیی گرنگیان ئەنجامداوە لەم بوارەدا.

ئەنجوومەنی وەزیران بە بایەخەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو هەنگاو و ڕێکارانە كرد کە بوونەتە هۆی برەودان بە بەکارخستن لە دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و هەوڵدان بۆ یەکسانکردنی مافەکانی خانەنشینی و دەستەبەر لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی و پاراستنی مافی کرێکاران و چالاککردنی سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کرد بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.