فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بڕیاریدا بە گۆڕینی کاتی دابەشکردنی ئاو لە چەند گەڕەکێکی ناو شارەکە لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ سوودوەرگرتن لە زیادبوونی ئاوی سەرچاوەی "هەڵشۆ" و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئاو.
ئەمڕۆ هەینی، فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ ئاگادارییەکی ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە کردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی ئاوی سەرچاوەی "هەڵشۆ" و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئاو، گۆڕانکاری لە کاتی پێدانی ئاودا دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەی ئاو، ڕۆژانی هەینی بەشێک لە گەڕەکی ڕاپەڕین و ناو شاری قەڵادزێ ئاویان پێ دەدرێت، بەڵام هەمان ئەو بەشانە ڕۆژی شەممە ئاویان پێ نادرێت.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم گۆڕانکارییە تەنها ڕۆژانی (هەینی و شەممە) دەبێت و گەڕەکەکانی (ڕاپەڕین، مام قاسم، ناو بازاڕ و دەوروبەری) دەگرێتەوە. فەرمانگەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە لە ڕۆژانی تری هەفتەدا دابەشکردنی ئاو وەک خۆی دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.