راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە لە چەند رۆژی داهاتوودا هێزەكانی هاوپەیمانان بەفەرمی بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباڕ رادەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەنەوە.
حوسێن عەلاوی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند: بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان كە لە ئەیلوول ساڵی 2024 واژۆی لەسەر كرابوو، لە سەرەتای ساڵی 2026 هێزەكانی هاوپەیمانان بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد چۆل دەكەن و رادەستی هێزە ئەمنییەكانی عێراقی دەكەنەوە.
راشیگەیاند: لەمەودوا ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندیی دوولایەنە و رێككەوتنی هاوبەش لەبواری ئەمنیدا بە تایبەت پێشكەشكردنی زانیاری و پێدانی مەشق و راهێنان لە چوارچێوەی رێككەوتنی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە بەم هەنگاوە كۆتایی بە قۆناغی هاوكاری و هەماهەنگییە راستەوخۆكانی هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان دەهێنرێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش كە ماوەی 11 ساڵە بەردەوامە.
بنكەی سەربازی عەین ئەسەد دەكەوێتە پارێزگای ئەنبار و یەكێكە لەو بنكە سەربازییانەی ماوەی چەند ساڵێك بوو بەدەست هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەتیش هێزەكانی ئەمریكاوە بوو، لەم دواییەدا 2500 راوێژكاری ئەمریكی تێدا مابووەوە كە ئەركیان پێدانی زانیاریی سەربازی و مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەكان بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.