بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی کەیسێکی کوشتنی ڕاگەیاند، کە تێیدا هاوڵاتییەکی بە نەتەوە عەرەب لە یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری هەولێر خرایە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: ڕووداوەکە لە ڕێکەوتی (27-12-2025) لە باڵەخانەکانی "گوندی لوبنانی" لە شاری هەولێر ڕوویداوە. هاوڵاتییەک بە نەتەوە عەرەب بەناوی (نایف فاضل نایف) لە لایەن دوو تۆمەتبارەوە کە "هاوڕێی خۆی بوون" لە باڵەخانە خراوەتە خوارەوە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەجێ تیمەکانیان دەستیان بە بەدواداچوون کردووە و ناسنامەی تۆمەتبارەکانیان ئاشکرا کردووە. دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ و ئاسایشی قەزای بەردەڕەش)، تۆمەتباری سەرەکی بەناوی (ح. ب. أ) دەستگیر کرا.
سەبارەت بە تۆمەتباری دووەم، ئاسایش ڕایگەیاندووە: "تۆمەتبارێکی تر بەناوی (خ. م. أ) کە بەشداربووە لە ئەنجامدانی تاوانەکە، لە ئێستادا بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵهاتووە. فەرمانی دەستگیرکردنی لە لایەن دادگاوە بۆ دەرچووە و ڕێکاری یاسایی پێویست لە دژی گیراوەتە بەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.