Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 12:05

کۆشکی سپی: کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی جەنگ درێژ دەکاتەوە و حەماس بوێرتر دەکات

کوردستان TV
100%

کۆشکی سپی دژایەتیی خۆی بۆ کۆنفڕانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین کە لە نیۆیۆرک بەڕێوە دەچێت ڕاگەیاند و دەڵێ ئەم کۆنفڕانسە کارێکی نمایشییە و حەماس بوێرتر دەکات و جەنگ درێژ دەکاتەوە.

ڕۆژی سێشەممە 29ی تەمووزی 2025، تامی بروس، وتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا دژایەتیی ئەمریکای بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و فەلەستین ڕاگەیاند و کۆنفڕانسەکەی بە کارێکی نمایشیی بێبەرهەم ناو برد کە لە کاتێکی نەگونجاودا بەڕێوە دەچێت و "لە بری ئەوەی ببێتە هاندەری ئاشتی، جەنگ درێژ دەکاتەوە، حەماس بوێرتر دەکات و پاداشتی رێگرییەکانی دەداتەوە؛ هەروەها هەوڵەکانی سەر ئەرزی واقیع بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لاواز دەکات".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە وتەیەکی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کراوە کە وتبووی "ئەم هەوڵە شەقێکە لە ڕووی قوربانییانی 7ی ئۆکتۆبەر و پاداشتێکە بۆ تیرۆر". جەختیش کراوەتەوە "ئەمە بارمتەکان لە ناو تونێلەکاندا بە گیراوی دەهێڵیتەوە".

گوتەبێژی کۆشکی سپی راگەیاندووە: " ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشداری لەم سووکایەتییەدا ناکات، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە پێشەنگایەتیکردنی هەوڵە کردارییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی. تەرکیزی ئێمە لەسەر دیپلۆماسییەتی جیددی دەمێنێتەوە: نەک کۆنفرانسی پێشوەختە ڕێکخراو کە تەنها بۆ خۆدەرخستن و نمایش داڕێژراون".

تامی بروس بە ئاماژە کردن بەوەی ڕاگەیاندراوەکەی ئیمانۆئێل ماکرۆنی سەرۆککۆماری فەڕەنسا لەسەر داننانی ئەم وڵاتە بە دەوڵەتی فەلەستین لە لایەن حەماسەوە پێشوازیی لێ کرا ڕایگەیاندووە: ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکە لە جووڵەی پێچەوانەی ئامانج کە تەنها حەماس بوێرتر دەکات و هانی دەدات بۆ ڕێگری لە ئاگربەست و بە شێوەیەکی گەورە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی غەزە و ئازادکردنی بارمتەکان و جووڵاندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو داهاتوویەکی گەشتر، لاواز دەکات."

ڕۆژی دووشەممە 27ی تەمووزی 2025، بە دەستپێشخەریی فەرەنسا و سعوودیە، کۆنفرانسی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە "چارەسەری دوو دەوڵەتی" بۆ ئیسرائیل و فەلەستین لە شاری نیۆیۆرک دەستی بە کار کردووە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.