پارتی گەلی توركمانی راگەیەنراوێكی لەبارەی توندوتیژییەكانی ئەمڕۆی گوندەكانی سنووری پارێزگای كەركووك بڵاو كردەوە كە تێیدا بەشێك لە ئەندامانی سوپای عێراق هێرشیان كردبووە سەر جوتیارانی كورد.
پارتی گەلی توركمانی لە راگەیەنراوەكەدا بە توندی ئیدانەی ئەو توندوتیژییانە دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانە بكرێت كە بەرپرسن لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی جوتیارانی كورد.
هەروەها داواشی كرد رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە لە داهاتوودا.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوە ناڕەزایەتییەكەی پارتی گەلی توركمانییە:-
بە ناوی پارتی گەلی تورکمانەوە، بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەکەین دژی جوتیارە کوردەکانی گوندی شەناغە سەر بە قەزای دوبز، کە هەوڵی گەڕانەوەیان دەدا بۆ زەوییەکانیان و کێڵانیان دوای ئەوەی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە گەڕێندرانەوە بۆیان، دوای ئەوەی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا بە زۆر دەستیان بەسەردا گیرابوو و دابەش کرابوون بەسەر هاوردەکان لە پارێزگاکانی ترەوە.
ئێمە لە پارتی گەلی تورکمانی جەخت لەسەر مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەینەوە بۆ گەڕاندنەوەی زەوییەکانیان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان، و هەر کردارێکی سەرکوتکارانە رەت دەکەینەوە دژی هاوڵاتیانی بێ چەک کە هەوڵی گەڕاندنەوەی مافە رەواکانیان دەدەن. هەروەها جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستی دەست تێوەرنەدانی سوپا لەم کێشانەدا، چونکە ئەرکی سەرەکی سوپا پاراستنی سنورەکانی وڵات و بەرگری کردنە لێی، نەک دەست تێوەردان لە کێشە مەدەنییەکان کە دەبێت لە رێگای کەناڵە یاسایی و کارگێڕییە تایبەتمەندەکانەوە چارەسەر بکرێن.
داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە لە رووداوەکانی دواییدا بکەن، و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی بەرپرسن لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی جوتیاران بکرێت، و رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە لە داهاتوودا. هەروەها داوای هێورکردنەوە و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ دەکەین بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەک کە دادپەروەری بەدی بهێنێت و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراقی بپارێزێت.
مەكتەبى سياسى
پارتی گەلی تورکمان
2025-2-17
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.