Erbil 15°C پێنجشەممە 02 ئایار 09:54

وادەی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل ئاشكرا كرا

کوردستان TV
100%

رۆژنامەیەكی ئەمەریكی وادەی هێرشی تۆڵەكردنەوەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیلی ئاشكرا كرد، جەختیشی كردەوە كە سوپای ئیسڕائیلیش بەڵێنی داوە لە ئەگەری هەر هێرشێكدا لەناو جەرگەی تەهران وەڵامی ئێران بداتەوە.

رۆژنامەی (ووڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاوی كردەوە: ئێران لە ماوەی 24 یان 48 كاتژمێری داهاتوودا هێرش دەكاتە سەر ئیسڕائیل لە تۆڵەی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا.

لای خۆشییەوە رۆژنامەی (یەدعوت ئیحرنووت)ی ئیسڕائیلیش بڵاوی كردۆتەوە: سوپا و دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیل (مۆساد) ئامادەكاری تەواویان بۆ هەر ئەگەرێك كردووە و هەروەها لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی ئێرانیش رێككەوتوون.

بڵاویشی كردەوە: وەڵامی ئیسڕائیل بۆ ئێران بە هەماهەنگی و ئاگاداری ئەمەریكا دەبێت و تێیدا گورزێكی بەهێز و توند لە ناوخۆی ئێران دەدرێت.

ئێوارەی رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆردومان كرا.

لە بۆردومانەكەدا 7 فەرماندە و بەرپرسی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژران كە لە كاتی بۆردومانەكەدا لەنێو باڵەخانەدا بوون.

لەبارەی ژمارەی كوژراوەكان، سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی رایگەیاندبوو كە دوو عەمیدی سەربازی و 5 ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لە بۆردومانەكەدا كوژراون.

یەكێك لە كوژراوەكان محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان بوو لەگەڵ راوێژكار و بەڕێوەبەری نووسینگەكەی بەناوی محەمەد حاجی رەحیمی.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤیش سەبارەت بە دوایین ئاماری قوربانییەكان لە بۆردومانەكەدا رایگەیاندبوو كە بەشێوەیەكی گشتی 16 كەس كوژران.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.