وەزیری درەوەی ئەمریکا جەخت لە هەڵوێستی ئەمریکا دەکاتەوە و دەڵێت، ئەمریکا لەپاڵ ئیسرائیلدایە لە بەرگریکردن لەخۆی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 08ـی 10ـی 2023 ئەنتۆنی بلینکن وەزیری درەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (CNN) ڕایگەیاند: ڕاپۆرتی کوژرانی چەند هاووڵاتییەکی ئەمریکییمان لە هێرشەکەی دژی ئیسرائیلدا پێگەیشتووە، کار بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەکەین.
سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل گوتی: هێرشێکی تیرۆریستییە و لەلایەن ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە ئەنجام دراوە، حەماسیش لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکایە.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا تاران دەستی لەو هێرشەدا هەبووە یان نا؟ بلینکن ڕایگەیاند: هیچ بەڵگەیەک نابینم کە ئێران لە پشتییەوە بێت.
سەبارەت بە پرسیاری ئایا ئامانجی هێرشی حەماس ڕێگریکردن بووە لە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی نێوان ئیسرائیل و سعودیە؟ بلینکن گوتی: ڕێگریکردن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕەنگە بەشێک بێت لە پاڵنەرەکان.
بەرەبەیانی دوێنێ شەممە، كەتیبەكانی عیزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززە، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكیان بەناوی "گەردەلوولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە دەیان فڕۆكەی جەنگی هێرشێكی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەكانە ڕاگەیاند كە لە كەرتی غەززەوە ئاراستەی دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.