بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له ڕاگهێندراوێكدا ڕایگهیاند: مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی - نوسینگەی ڕزگاری، دوو تۆمەتباریان بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ و ماددەی ٣٠ی تایبەت بەماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکرد.
ڕاشیگهیاند: دوای ئەوەی مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی فەرمانێکی دەستگیرکردنی تۆمەتبار (ر، ت، أ لەدایکبووی ١٩٧١)یان جێبەجێکرد لەشوێنی نیشتەجێبوونیدا کە داواکراو بوو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادان، تۆمەتباری ناوبراو لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکەدا بەناوی (ئ، ع، ح لەدایکبووی ١٩٨٠) سەرقاڵی کێشانی مادەی ھۆشبەر بوون، بۆیە لەلایەن مەفرەزەکەی پۆلیسەوە ھەردو تۆمەتبارەکە دەستگیرکران.
ههروهها ڕاشیگهیاندووه: لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستیشیگیرا بەسەر بڕێک ماددەی ھۆشبەردا لەجۆری ھیرۆیین و ئەو ئامێرەی تۆمەتبارەکان ماددەکەیان پێ کێشاوە.
ئاماژهی بهوهشكردووه لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ھەردو تۆمەتبار کراوەتەوەو تۆمەتبار (ر، ت، أ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەکانی ٤٤٦ و ٣٠ ڕاگیراوە. ھەروەھا تۆمەتبار (ئ، ع، ح) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٣٠ی تایبەت بەماددە ھۆشبەرەکان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.