Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 00:57

پارێزگاری هه‌ولێر: گەلی کوردستان و ده‌ڤه‌رى بارزان بەسەربەرزی مایەوە

ئومێد خۆشناو له‌ یادی 38 ساڵه‌ی ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%


ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ یادی 38 ساڵه‌ی ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی گەلەكەماندا، (38) ساڵ لەمەوبەر لە 31ی7ی 1983، ڕژێمی فاشی و دیکتاتۆری بەعس بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە هەشت هەزار پیاوی بارزانیی لە پیر و گەنج، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵانه‌وه‌ هەتا بەساڵاچووی نەوەت ساڵەى راپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمه‌ڵكوژى كردن، ئەنفالی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوێكى رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان و ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانییەی بەسەر گەلی كوردستانیدا هێنا، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەكانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەی تری کوردستانی بەدوا داهات.
پارێزگاری هه‌ولێر رایده‌گه‌ێنێت: دەڤەری بارزان كه‌ بەدرێژایی مێژووی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان، بە دەیان جار دووچاری وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی هاتووه‌، كه‌ دواترینیان جینۆسایدکردنی هەشت هەزار بارزانی بوو، کە ئەوەش تاوانێکی دیکەی گەورە و خاڵێکی ڕەش بوو لەمێژووی دەسەڵاتداریەتی ڕژێمی بەعس كه‌ ئەوەی لەدەسەڵاتی هات ئه‌نجامیدا بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد، بەڵام سەرباری هەموو ئەو تاوان و زوڵم و ستەم و زۆردارییە، نەیتوانی تێکۆشان و خۆڕاگری و بەرگری ده‌ڤه‌رى بارزان و گەلەکەمان کپ بکاتەوە و گەلی کوردستان و ده‌ڤه‌رى بارزان بەسەربەرزی مایەوە. 
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر راشیده‌گه‌ێنێت: له‌كاتێدا كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ شكۆوه‌ یادى (38) ساڵه‌ى جینۆسایدکردنی هەشت هەزار بارزانی به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌، سڵاو و رێز بۆ خێزان و كه‌سوكاریان ده‌نێرین و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌وان کەس و کاری ئێمه‌ن و شایستەی هەموو جۆره‌ خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان، سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتیان
بژی كورد، بژى كوردستان
نەمری بۆ شەهیدان
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.