Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 02:53

سه‌رۆک بارزانی: ئیرادەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان زۆر لە زەبر و زەنگ و تۆقاندن و جینۆساید و ئەنفال بەهێزتر بوو

دوژمنان شكست و سەرشۆڕییان بۆ مایەوە
کوردستان TV
100%


سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ یادی 38 ساڵه‌ی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: ئەمڕۆ سی و هەشت ساڵ بەسەر تاوانێكی گەورەی ڕژێمی پێشووی عێراقدا تێدەپەڕێت. 
سه‌رۆك بارزانی راشیده‌گه‌ێنێت: سی و هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی بەعس بە شێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن. 
 له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیدا هاتووه‌: ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە ستەمكارییانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان.
 سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێت: لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا بەپێویستی دەزانم سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران بكەم كە لە ڕۆژگارە تاریكەكاندا كوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەم كە ساڵانێكی دوورودرێژ تەحەمولی چاوەڕوانی و ئازاری لەدەستدانی یٔازیزانیان كردووە و، بوونە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی و، سەربەرزانە ڕۆڵەكانیان لەسەر ئەخلاقی باڵا و كوردایەتی و ڕێبازی بارزانی پەروەردە كرد و پێگەیاند.
 له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی رایده‌گه‌ێنێت: ئەو تاوان و زوڵمەی دەرهەق بارزانییەكان و ڕۆڵەكانی تری گەلی كورد كرا لەبەر كوردبوون و ئازادیخوازییانەوە بوو و، ئامانجی دوژمنان ئەوە بوو كە ئیرادەی كوردایەتی و ئازادیخوازیی گەلی كوردستان تێكبشكێنن. بەڵام ئیرادەی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان زۆر لە زەبروزەنگ و تۆقاندن و جینۆساید و ئەنفال بەهێزتر بوو و، سەرئەنجام ئەو ئیرادە بەرزە سەركەوت و دوژمنانیش شكست و سەرشۆڕییان بۆ مایەوە. ئەمە دەبێ ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ نەیارانی گەلی كوردستان كە لەبەرانبەر میللەتی مەزلوومی كورد دەستبەرداری عەقڵیەتی نكۆڵیكاری و شۆڤینیەت بن.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.