ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢١لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئۆلە دیل باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی بە ئەركەكانی وەك باڵیۆز لە عێراق سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، پابەندبوونی وڵاتەكەی لە بەردەوامی دۆستایەتیی و پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ ئەڵمانیا بایەخێكی تایبەتی هەیە. ئەوەشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان ئەو بەشە نموونەیەی عێراقە كە هەمیشە وەك پەناگەیەك بۆ لێقەوماوانی بەشەكانی تری عێراق بووە.
هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە كاتی شەڕی داعشدا یارمەتیدەری گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوونە و جەختیشی لە بەهێزكردنی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كردەوە. لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ كار و چالاكیی كونسوڵخانە و شاندە دیپلۆماسییەكان و هەروەها چالاكیی مەدەنی دووپاتكردەوە و ئەوەشی ڕاگەیاند گەلی كوردستان لەپێناو گەییشتن بە ئازادی خوێن و قوربانی داوە.
پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و باڵیۆزی ئەڵمانیا ویستی وڵاتەكەی نیشان دا كە لە چوارچێوەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا یارمەتیدەری عێراقییەكان بن.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا كلێمنس سێمتنەر كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە شاری هەولێریش ئامادە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.