بە مەبەستی پاراستنی سروشتی دەڤەری باڵەکایەتی، ڕێگە بەهیچ کۆمپانیایەکی گەشتیاری نادرێت بە شەوانە کەمپین لە ناوچە گەشتیارییەکانی (گۆمی فێڵاو، تاڤگەی کانی بەست، پڕژە) دابنێن.
قائیمقامیەتی قەزای چۆمان لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمپانیا گەشتیاریەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، دانانی کەمپین و مانەوەیان لە شەودا لەهەندێک لە ناوچە گەشتیارییەکان، بەتایبەتی گۆمی فێڵاو ڕێگە پێدراو نییە و دەبێتە هۆکاری تێکدانی سروشتی ناوچەکە.
دەشڵێن: ھێنانی گەشتیار بۆ ناوچە گەشتیاریەکانی سنورەکەمان، لەچوارچێوەی ڕێنمایەکان ھەوڵێکی گرنگیانە بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران بۆ جوانیەکانی سروشتی ناوچەکەمان.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕێگە بەھیچ کۆمپانیایەکی گەشتیاری نادرێت لە ھەریەک لە (گۆمی فێڵاو، تاڤگەی کانی بەست، تونێلە بەفرینەکانی پڕژێ) خێوەتگای مانەوەی شەوانە دابنێن، بەھۆکاری ڕووبەری ئەو شوێنانەو تێک نەچوونی سروشتی ئەو شوێنانە تەنیا بۆیان ھەیە لەکاتەکانی ڕۆژدا بمێننەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: گەشتیاری بەڕێز لەپێناو سوود وەرگرتن و چێژ بینینی ئێوە لەسروشتی جوانی ناوچەکە ھەموو ئاسانکاریەک کراوە، ھەر کاتێک ھەستتان کرد پارەتان لەبەرامبەر سەردانی ئەو شوێنانە لێوەرگیرا، ئاگادارمان بکەنەوە تا لە چواچێوەی یاسادا کاردانەوە بکەین.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.