لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەزموونەكانی كۆتایی ساڵ بۆ تەواوی قۆناغەكانی خوێندن، پێویستە خێزانەكان بە ئەركی خۆیان هەستن لە چاودێریكردنی منداڵەكانیان و رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ خوێندن لەناو ماڵدا.
پێویستە خێزانەكان واتا خزم وكەسەكان سەردانەكان لەماوەی خوێندن و نزیكبوونەوەی ئەزموونەكان كەم بكەنەوە یاخود ڕاگرن تا كاریگەری نەرێنی نەكاتە سەر قوتابییان .
تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ واتا دروێنەی ساڵێكی خوێندن، بۆیە دایك و باوكان پێویستە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن كەشێكی لەبار بۆ رۆڵەكانیان دروستبكەن بۆ ئەوەی بەبابەتەكاندا بچنەوە و كاتی خۆیان دابەش بكەن بۆ خوێندن، خێزانهكان پێويسته رەچاوی باری دەروونی منداڵەكانیان بكەن، هەروەها ئیدارە و قوتابخانەش رێنمایی قوتابییان بكهن كە چۆن خۆیان بۆ تاقیكردنەوە ئامادە دەكەن.
هەروەها هۆڵی تاقیكردنەوە بەشێوەیەك ئامادە بكرێت كە گونجاو بێت بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە، له بهشێك له خێزانهكان كەمتەرخەمیەكی زۆر دەبینرێت بە تایبەتی لە دایك وباوكان و نەریتێكیش سەری هەڵداوە كە باوك و دایك لەپێناو سەركەوتنی منداڵەكەیان لە تاقیكردنەوەكان پەنا بۆ كاری دزێو دەبەن و هەوڵ دەدەن بەشێوەیەكی نایاسایی رەفتار بكەن و خۆیان لە مامۆستایان و كارگێری قوتابخانە نزیك بكەنەوە و هەوڵ دەدەن كە بەڕێوەبەری تاقیكردنەوەی هۆڵە ئەزموونییەكانی گشتیی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی منداڵەكەیان یارمەتی بدەن، كە ئەمە ناشیاوترین ڕەفتاری خێزانە و یەكێكە لە نەخۆشییەكانی خێزان كە نە متمانەیان بەخۆیان و بە منداڵەكەیان هەیە و پەناش بۆ كاری ساختە دەبەن ئەمەش لە ئایندەدا هەم لە بەرچاوی خەڵك هەم لەبەرچاوی منداڵەكانیان وهك پێویست نابینرێن، بەمەش ناگوترێت سۆز و خۆشەویستی بۆ منداڵ.
خۆزگە دایك و باوكانی ئەمڕۆ وەك دایك و باوكانی دوێنێ بن كە بتوانن منداڵەكانیان بەشێوەیەك ئاراستە بكەن كە واتای سۆز و خۆشەویستی تیا بێت، رەفتارەكانیان لە ئاست وشەی دایك و باوك بێت، رابەر بن، پێشەنگ بن، نەك بۆ بەرژەوەندیەكی تەسك كەسایەتی خۆیان بكەنە قوربانی.
لەكۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ تەواوی قوتابیان دەخوازین كە خۆیان بەدوور بگرن لەكاری دزێو و پەنا بردن بۆ گزی كردن، با تواناكانی خۆیان تاقی بكەنەوە، با ئەوان چاو لەكەسانێك نەكەنەوە كە بە ساختە نمرەیان بەدەستهێناوە، چونكە كاری نابەجێ وساختە نابێتە هۆی سەركەوتن ، بەڵكو كەسایەتی لاواز دەكات و ویژدانیان هیچ كاتێك ئاسوودە نابێت، بەڵام ئەگەر قوتابی بەتوانای خۆی نمرەی بەرز بەدەست بێنیت ئەوا سەركەوتن بۆ خۆی و خانەوادە و كۆمەڵگە تۆمار دەكات.