Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 23:47

هەولێر و بێرن جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە

100%

ڕێبەر ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، ڕۆژی چوارشەممە (5ی ئابی 2026)، پێشوازی لە دانیال هون، باڵیۆزی سویسرا لە عێراق کرد، ئەمەش بە مەبەستی ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماسییەکەی لە وڵاتەکەدا.

لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی سویسرا سوپاسی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە بەهێزەی لە ماوەی کارکردنیدا پێشکەشیان کردووە. دانیال هون ئاماژەی بەوە کرد کە بێرن خوازیارە ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لەو سێکتەرانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولان، بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.


لای خۆیەوە، ڕێبەر ئەحمەد بە ناوی حكوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێزانینی بۆ هەوڵەکانی باڵیۆزی سویسرا دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان جەختی کردەوە کە هەولێر ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە بۆ باڵیۆزی داهاتووی سویسرا، تاوەکو پەرە بەو پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییانە بدرێت کە لە نێوان هەردوولادا هەیە.


لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان تاووتوێ کران. هەردوولا باسیان لە گرنگیی سەقامگیریی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد، لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزیی سەربازیدا تێپەڕ دەبێت.

سویسرا وەک یەکێک لە وڵاتە بێلایەن و کاریگەرەکانی ئەورووپا، هەمیشە دەورێکی مرۆیی و دیپلۆماسیی لە عێراقدا گێڕاوە. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی فرەچەشنکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگەی سیاسی و ئابووریی خۆی لە ناو هاوکێشە هەرێمییەکاندا بپارێزێت.


کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دوایین هەواڵ

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.