سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا پاش هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند ئەوەی ئیسرائیل دەیکات تەنها شەڕەکە قورستر و زیاتر دەکات بە هیچ جۆرێک هاوکاری نییە و ئامانجی ئاڵۆزکردنی دۆخەکەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەمووزی 2025، ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا رایگەیاند، درووزەکان بەشێکن لە حکوومەتی سووریا و ئیسرائیل نابێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سووریا بکات.
ڕۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل بە مەبەستی بەرگریکردن لە کەمینەی درووزی لە بەرانبەر چەکدارەکانی سوپای سووریا، هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە دەوروبەری پارێزگای سوەیدا و چەند دامەزراوەیەکی سەربازی و حکوومی و لەوانەش کۆشکی کۆماری و وەزارەتی بەرگریی لە دیمەشق بۆردومان کرد.
لە کاردانەوەیەک بەرامبەر بەم هێرشانە سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا رایگەیاند؛ دەستوەردانی حکوومەت لە ڕووداوەکانی سوەیدا بۆ رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان و سەپاندنی یاساکانی دەوڵەت لە هەموو ناوچەکانی سووریا بوو. بەڵێنیشی دا هەموو ئەو کەسانەی بەبێ هۆکار خەڵکی سوەیدایان ئازار دابێت یان لە شەڕ زیادەڕۆییان کردبێت، سزا دەدرێن.
ئەحمەد شەرع بە ئاماژەکردن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ درووزەکان ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە بە ناچاری بوو لەبەر ئەوەی دەبوایە یان لەگەڵ ئیسرائیل شەڕ بکەم و یان لەگەڵ درووزەکان رێک بکەوم بۆیە بڕیارم دا ناوماڵی سووریا بپارێزم.
سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا گوتیشی، ئیسرائیل هەوڵی دا بە شێوەیەکی بەرفراوان دامەزراوە مەدەنییەکان بکاتە ئامانج، بۆ پاڵنانی دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی و پەرەسەندنی شەڕەکە و ئەگەر نێوەندگیریی ئەمریکی و عەرەبی و تورکی نەبوایە، دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی نەخوازراو دەچوو.
بە گوتەی ئەحمەد شەرع، ئیسرائیل لەو کاتەوەی رژێمی سووریا لەناو چووە، دەیەوێت سووریا پارچە پارچە بکات و ئەوەی ئیسرائیل دەیکات تەنها شەڕەکە قورستر و زیاتر دەکات بە هیچ جۆرێک هاوکاری نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.