سیاسەتمەداری عێراقی، ئیبراهیم سومەیدەعی، ئاماژەی بەوە کرد سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی، جاسم عومێری، حکوومەتی فیدراڵیی لە دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێوەگلاندووە.
سومەیدەعی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "ئەلڕەشید" گوتی: "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەناو بودجەی هەرێمدا بوو، بەڵام جاسم عومێری، سەرۆکی دادگای فیدراڵی، گواستییەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەبێ وەرگرتنی ڕاوێژی لایەنە پسپۆڕەکان".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لایەنە سیاسییەکان پێیان وابوو بە گواستنەوەی مووچەکانیان بۆ بەغدا، فشار دەخەنە سەر هەولێر بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەرپەرشتی و کۆنترۆڵکردنی فەرمانبەرەکانی لێ بسەننەوە".
ڕوونیشی کردەوە، "سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیەیە و لایەنە سیاسییەکانیش لە ئاستی هۆشیاریی قۆناغەکەدا نەبوون و فشاریان کرد بۆ لاوازکردنی هەولێر".
گوتیشی: "گواستنەوەی مووچەکان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، دۆخەکەی ئاڵۆز کرد و بەمەش حکوومەتی فیدراڵیی خستە ناو کێشەیەکەوە کە نەدەبوو تێی بکەوێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.