دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە دوای 30ی ئەیلوول و بەپێی ئەو گۆڕانکاری و بارودۆخەی ئێستای عێراق، تا ساڵی 2030 عێراق ڕووبەڕووی پێنج مەترسی و تەنگەژەی سەرەکی دەبێتەوە. بەگشتی گەر سەیری کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی عێراق بکەین، ئەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە عێراق لە 4 ساڵی داهاتوو، واتە تا ساڵی 2030، ڕووبەڕووی 5 گرفتی سەرەکی دەبێتەوە کە ئەوانیش خۆیان لە بوارە سەرەکییەکانی وەک (بۆشایی ئەمنییەکان و ئەکتیڤبوونەوەی داعش، هەڵکشانی کێشەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هێزە میلیشیاکان، وابەستەبوونی بە ئابووریی کرێخۆرە و گوشاری دارایی، ئاسایشی ئاو و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، و کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ) دەبیننەوە. ئەم پێنج پرسە گرنگترین پرسن بۆ ئەوەی شیکردنەوەیان بۆ بکرێت، ئەمە پێشبینیی حەتمیی نییە، بەڵکوو پشت بەستنە بەو مەترسییە سەرچاوەدارانەی کە دەتوانن کاریگەری لەسەر داهاتووی عێراق دروست بکەن.
بۆشایی ئەمنی و جموجۆڵەکان و هەڕەشەی داعش
دوابەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزی هاوپەیمانان، بەرپرسیارێتی و قورساییەکی زۆر دەکەوێتە سەر هێزە عێراقییەکان. هەرچەندە داعش هەمان هێزی ساڵانی ڕابردووی نییە، بەڵام تا ئێستاش شانەی چالاکیان هەن و بەردەوام لە جموجۆڵدان، دەکرێت سوود لەم بۆشاییە ئەمنییە وەربگرن، هەروەک چۆن لە ڕووداوەکەی پردێ کاتێک دژەتیرۆری عێراقی ڕووبەڕووی گروپێکی داعش بوونەوە، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەکەشدا دوو گەنجی کورد بوونە قوربانی. یاخود هەڵوەشاندنەوە و دەستگیرکردنی گروپێکی 22 کەسی لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە دەیانویست ئەمارەتێکی تیرۆریستی بەناوی ویلایەتی کوردستان ڕابگەیەنن. بەگشتی لە ئێستادا بێت یاخود لە ئایندەیەکی دوور یان نزیک، عێراق دەبێتە گۆڕەپان و مۆڵگەیەکی فراوان بۆ تیرۆریستان.
هەڵکشان و زیادبوونی کێشە ناوخۆییەکان لە نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان (میلیشیاکان)
یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان یاخود یەکێک لە گەڕە سەرەکییەکان بۆ چوار ساڵی ئایندە، واتە لە نێوان 2026 بۆ 2030، بریتی دەبێت لەوەی کە دەوڵەت تا چەند دەتوانێت میلیشیا و گروپەکان کۆنتڕۆڵ و چەک بکات. هەروەها بەغدا داماڵین و ڕادەستکردنی چەکی بۆ 2027 دواخستووە، لە کاتێکدا بەشێک لە گروپەکانی وەک (کەتائیبی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نەجەبا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، بزووتنەوەی ئەوفیا، بەشێکی تر لە بەرەی موقاوەمە)، ئەمانەش لە بەهێزترین هێزە میلیشیاکانی عێراقن؛ ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حکومەت و بڕیارەکانی حکومەت لاواز بکەن.
وابەستەبوونی بە ئابووریی کرێخۆرە و گوشاری دارایی
حکومەتی عێراق هێشتا 88٪ـی داهات و 91٪ـی هاوردەی کاڵاکانی بە نەوتەوە بەستراوەتەوە، لە حاڵەتی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و دابەزینی نرخی نەوت بە هەر هۆکارێک، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ناسەقامگیریی بودجە و بارودۆخی ئابووریی عێراق. بەگشتی گەر لە 4 ساڵی ئایندەدا ئابووریی عێراق پشت بە کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و تەکنەلۆژیا و کەرتی تایبەت نەبەستێت، ئەوە هەر ناسەقامگیرییەک لە بازاڕی نەوتدا ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیەکی قووڵی دەبێت لەسەر بودجە و قووتی هاووڵاتیان.
کێشەی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو دەکرێت تا ساڵی 2030، ببێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی قووڵی ئاسایشی و ئابووری ببێتەوە. جگە لە ژینگە، نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی خەزانی ئاوی عێراق دابەزیوە بۆ 4 ملیار مەتر سێجا ئاو، ئەمەش بە کەمترین ئاستی خەزانی ئاوی عێراق دادەنرێت؛ ئەمەش عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی قووڵی ئاسایشی ئاو دەکات و دەکرێت مەترسی لەسەر ملیۆنان هاووڵاتی دروست بکات.
ناکۆکییە سیاسییەکان و کێشەی بەغدا – هەولێر
ناکۆکییە سیاسی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم یەکێکن لە پرسە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو حکومەت، لەسەر پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان، یاسای نەوت و گاز، مووچە و بودجەی گشتی و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. هەموو ئەو کێشە و ئاریشانە فاکتەرێکن بۆ ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی مەترسی و تەنگەژە ناوخۆییەکان ببێتەوە و ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سەقامگیریی سیاسی و ئابووری. عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، ئەم 5 مەترسییەیان بەیەکەوە بەستراوەتەوە؛ واتە گەر بە هەمان سیستەم و عەقڵیەت عێراق بەڕێوەبچێت، ناسەقامگیریی ئاسایشی و ئابووری و پشت بەستن بە نەوت بەردەوام بێت، ئەوە فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام و زیاتر دەبێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا ڕێککەوتنی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەتوانێت فشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەمتر بکاتەوە.
مستەفا گەردی