سەرەتای تەعریب دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپریاتۆرییەتی عوسمانی و لەسەر دەستی مەدحەت پاشا ئەنجام درا، كە ژمارەیەك عەرەبی كۆچەر و حوشتر و مەڕلەوەڕێنی لە حەویجە جێنشین كرد، كە لە ناوچەكانی باشووری كەركووك بەدوای لەوەڕگە و پاواندا دەگەڕان بۆ مەڕوماڵاتیان. مەدحەت پاشا لە چوارچێوەی (پەرەپێدانی كشتوكاڵ و بڕەوپێدانی كشتوكاڵی!) ئەو عەرەبە كۆچەرییانەی هێنا و لە ناوچەكە نیشتەجێی كردن، بەڵام وەك مێژوونووسان دەیڵێن ئەو هەنگاوە هیچ مەبەستێكی سیاسیی لەپشتەوە نەبوو، جگە لە هەنگاوی بە كشتوكاڵكردنی ناوچەكە و جێنشینكردنی ئەو عەرەبە كۆچەرییانە، ناوچەی حەویجە و دەوروبەریشی زەوییەكی بەپیتی كشتوكاڵیی هەبوو، تا ئەو كاتە هیچ سوودێكی لێ نەبینرابوو.
بەڵام هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی عەرەبییەوە، لەسەر دەستی ڕژێمەكانییەوە ناوچە هەستیار و دەوڵەمەندە بە نەوتەكانی كوردستان وەك كەركووك و دەوروبەری، لە سییەكانی سەدەی رابردووەوە كەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب و هەنگاو بە هەنگاو زیاتر پەیڕەویان دەكرد، بەتایبەت دوای ئەوەی بەعسییەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست، پرۆسەی تەعریبیان بە شێوەیەكی زۆر ڕێكخراو خستە بەرنامەی كاری خۆیانەوە، ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەكانیان لە كورد چۆڵ كرد و عەرەبیان لە شوێنیان نیشتەجێ كرد.
لەو پرۆسەیەشدا گەورەترین توانای خۆیان خستە گەڕ بۆ سەركەوتنی كارەكانیان و كرێكارانی كۆمپانیای نەوتی كەركووك، كە زۆربەیان كورد بوون دەركران و عەرەبی هاوردەیان لە شوێنیان دامەزراند، زەویی كشتوكاڵیی جووتیارانیان لەسەر عەرەبە هاوردەكان تاپۆ كرد و خاوەنە ڕەسەنەكانیان، كە كورد بوون و تاپۆی ڕەشی سەردەمی عوسمانییان هەبوو، بێ زەوی و ماڵ و موڵكیان كردن و وەدەریان نان.
واتا بەعس بە شێوەیەكی زۆر ڕێكخراو دەستی بە پرۆسەی تەعریبی ناوچەكە كرد و زۆرترین توانای سەربازی و لوجستیشی خستە خزمەتی مەرامەكانییەوە، بۆ بەئەنجامگەیاندنی خەونە گڵاوەكانی، جگە لەوەش، پشتێنەیەكی ئەمنیی سەربازیی لە ناوچەكە دروست كرد، بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان و سەدان كیلۆمەتری لە ناوچە كوردییەكان چۆڵ كرد و كردییە سەربازگە و قەدەغەی هاتوچۆی كوردی لێ راگەیاند، ئەم پرۆسەیەش لەلایەن سەرانی بەغدا بەردەوام چاودێریی دەكرا و نوێ دەكرایەوە، تا ڕووخانی بەعس و پێچانەوەی دامودەزگا سەركوتكەرەكانی.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، لە عێراقی نوێ و فیدڕاڵیدا، كە كورد بەپێی دەستوورەكەی هاوبەشە لە حوكمڕانیكردنی، تەعریب هەر بەردەوامە و بە شێوەیەكی چڕتر ئەوەی بەعس پێی تەواو نەكرا، سەركردە عەرەبە چاوڕەشەكانی دوێنێی دۆستی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ، خەریكی پلانگێڕانن و لە جێبەجێكردنی بەرنامەی بەعسدان.
قۆناغێكی دیكەی تەعریب لەكەركوك
100%