Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:37

به‌ پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌روازه‌ی ده‌رفه‌تێكی نوێ

100%

عرفان عه‌زیز عه‌زیز

ئه‌مرۆ دووشه‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران عێراق ڕه‌زامه‌ندی دا هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك 19‌مین پارێزگاری عێراق بناسێنێت، پێشووتر به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌رجه‌م رێكاره‌كانی ته‌واو كرابوو و سه‌رۆك بارزانی به‌لێنی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به‌جێ گه‌یاند، وێڕای پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌ت خوشك و برا هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانمان، به ‌پێویستی ده‌زانم ئه‌م خاڵانه‌ له‌ كاتی ئه‌م بڕیاره‌ بیری براده‌ران بهێنمه‌وه‌.

یه‌كه‌م: دادگه‌ی فیدڕالی هه‌وڵی زۆر ده‌دات گرژییه‌كانی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان خاو بكاته‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستان ڕازی بكات به‌ ڕه‌زامه‌ندیدان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسایی دادگه‌ له ‌په‌رله‌مان و پێداچوونه‌وه‌ بكه‌ن به ‌بڕیاره‌كانی خۆیاندا ئه‌مه‌ جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ و ده‌بوو زووتر بكرابایه‌.

دووه‌م: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی بۆ ساڵانی دارایی 2023-2024-2025 پەسەند کرد، بڕیارە هەر ئەمڕۆ پرۆژەیاساکـە بگـاتە پەرلەمان كه‌ گـەورەترین بودجەیە لە مێژووی 20 ساڵه‌ی دەوڵەتی عێراقدا و 200 ترلیۆن دینار کۆی گشتیی بودجەیە، هه‌روه‌ها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش لەو بڕەیه‌ بریتییه‌ له‌ 25 ترلیۆن دینار كه‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ئومێد و ده‌ستخۆشییه‌ و ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی دیكه‌.

سێیه‌م: رێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسای نه‌وت و گاز كراوه‌ و بڕیاره‌ بچێته‌ په‌رله‌مان و خوێدنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ گرفته‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌رده‌م هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

چواره‌م: گرینگترین خاڵیش‌ هاتنی محه‌مه‌د شیاع سوودانییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌‌ سه‌رۆك وه‌زیران نایه‌وێ ده‌روازه‌ی گرفتی بۆ بكرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌وڵ ده‌دات حكوومه‌ته‌كه‌ی بخاته‌وه‌ سه‌ر سكه‌ و ئومێدیش زۆره‌ به‌و رێره‌وه‌ گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ببن.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.