Erbil 16°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:14

یادی لەدایكبوونی بارزانی..بە ئاگاهێنانەوەی سیاسییەكانی كورد لەدەست پاكی ورەوشت بەرزی و نیشتمانپەروەری

نەسرەدین گۆرۆنی
100%

ئەمساڵ لە یادی 120 ساڵرۆژی لەدایك بوونی بارزانی دا، بزوتنەوەی سیاسی كورد  زیاتر لە جاران پێویستی بەیەك دەستەیی و یەك گوتاری هەیە، بەتایبەتی كە جیهان و ناوچەكە بۆی هەیە دووچاری رووبەرووبوونەوە و تەنگژەی هەمەجۆری تری نوێ ببێتەوە، رێبازی بارزانی هەمیشە سابات و ماڵێكی بێ دەرگایە بۆ هەموو نیشتیمانپەروەرێكی كورد كە دەیەوێ لەرێی سیاسەتەوە خزمەتی گەلی كوردستان بكات.
یادی لەدایكبوونی سەركردەی مەزنی كورد مستەفا بارزانی ، یادێكی یەكجار كاریگەرە بۆ هەموو گەلی  كورد، بەتایبەتی بۆ ئەو سیاسی و دەستەڵاتدارانەی لە مەیدانی فەرمانڕەوایی و كارگێری لە حوكمرانی رۆڵی سەرەكیان هەیە یاخود لە رەوتی هەنووكەی بزووتنەوی سیاسی رزگاری گەلی كوردا لێپرسراوەتی و دەنگ و رەنگیان هەیە. سەرڕاستی و دەست پاكی و كوردپەروەری بارزانی هۆكاری یەكەمی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەدەستهێنانی ئەوە سەركەوتنانەشە كە گەلی كورد تا ئێستا بەدەستەبەری كردووە. وەلانانی بەرژەوەنی تایبەتی و دووركەوتنەوە لە كۆكردنەوەی سەروەت و سامان لە ڕیگەی سیاسەتەوە، هەروەها دەست تێكەڵاونەكردن لەگەڵ بەرەی دوژمن یەكێكن لە بەها مەزنەكانی ڕێبازی بارزانی.
 یادی لەدایكبوونی بارزانی؛ یادی لەدایكبوونی ڕیبازێكی مەزنە لەسەردەستی ئەو سەركردەیە خاكییەی كە خەبات دەكا لە پێناو رزگاربوون لە زۆرداری و هەستان و چوونە ناومێژووی گەل و نەتەوەیەكی یەكجار دێرینی ناوچەكە كە سەدان و هەزاران ساڵە لەژێر چەوساندنەوەی دەستەڵاتدارانی دوڵەتداری  تورك و عەرەب و فارسەكاندا دەناڵێنێ و خاك و ماڵی خاپوور دەكرێت،  هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی كەلتور و زمان و ئەدەب و فەرهەنگی دەدرێ، تاڵان و دەربەدر و ئاوەرەدەكرێت و مرۆڤەكانی ئەنفال و كۆمەڵكوژدەكرێت؛ ئەم ڕێبازە هەموو تاكێكی كورد ئاگادار دەكاتەوە و ئامادەیان دەكات بۆ یەكگرتن و  خەباتكردن دژی ئەو پاكتاوكردنانە.هەر بۆیەش ڕێبازی بارزانی تەنها پەیوەست و موڵك و ڕێبازی فەلسەفەی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، بەڵكو بەرنامە و دنیابینی و دیدگایەكی زێرینی بەنرخە بۆ هەموو تاكێكی كورد و هاونیشتیمانیەكی كوردستانی كە دەیەوێ بەسەربەستی دوور لە ژێردەستی لە ژێر ئاڵای كوردستاندا بەو پەڕی سەرفرازی شەرەفەوە دریژە بەژیانی بدات.
پێویستە لایەنە سیاسیەكانی كوردی دەستەڵاتدارانی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەم یادەی لەدایكبوونی بارزانی نەمر بەرز رابگرن و هەمووساڵی بیكەنە سەكۆیەكی نیشتیمانی پیرۆز بۆ یەكگرتن و گفتوگۆكردن و ساڕێژكردنی هەموو ئەو برینانەی لەناو جەستەی كوردا دروستدەبێت، لەهەمانكات ئەم یادە بكرێتە ووزە و گڕ وتینێكی جودا بۆ گیانبەبەرهێنانەوەیەكی نوێی نێشتیمانی شۆرشگێڕی بۆ سووربوون لەسەر خەبات دژی هەموو ستەمكارییەك و دوژمنایەتییەكی نوێ دژی گەلی كوردستان و خەباتە رەواكەی.
پێویستە ئەم یادە بكرێتە بەئاگا ‌هێنانەوی هەستی بەرپرسیارێتی و ویژدان جوڵاندنی  هەموو ئەو  كاراكتەرە سیاسی و  تاكی كوردەی دەیەوێ بە بەسەربەرزی بە كەرامەتەوە بژی یان خەونی سەربەخۆی و رزگاری خاكی كوردساتنی هەبێ، لەهەمان كات هەستی بەرپرسیارییەتی دژی هەموو نابەرامبەرییە كۆمەڵایەتییەكان، دژی  گەندەڵی پیسخۆری و بەهەداردانی سامانی گەل و هەموو جۆرە كلكایەتییەك بۆ دوژمنانی كورد.
یادی لەدایكبوونی بارزانی یادی یەكێتی بزوتنەوەی گەلی كورد و یەگرتنی و یەكدەستی پارتەسیاسییەكانی كوردستانە، یادی راپەرینی گەلی كوردە دژی ڕژێمی بەعس و وەدەرهێنانی ، دوژمنانە لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان، یادی بەرەی كوردستانی و هەڵمەتی قارەمانێتی پێشمەرگەیە، یادی سەرەتای بەهارێكی نوێی یە كە هەمیشە مژدەی لێزمە بارانێكی نوێی ئازادی و سەربەخۆی كوردانی پێیە.
 لەیادی سەد و بیست ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیدا ، گەلی كورد هەمیشە هەموو ساڵیك ئەم یادە  بەرزو پڕ بە شكۆوە دەگێڕێ و ڕێباز و هیوا و خەون و نەبەردییەكانی بارزانی  وەك ڕێگایەكی پرشنگدار بۆ ئازادی و رزگاری كوردستان تەماشا دەكات ، خودی ئەم سەركردە مەزنە بەموڵكی هەموو كورد و كوردستان  دەزانێت دوور لە هەموو بەرتەسكی و ئینتیمایەكی حیزبی و سیاسیش.
 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.