نەسرەدین گۆرۆنی
سی و دووسال لەمەوپێش گەلی کورد لە کوردستانی باشوور لە گەورەترین گۆڕانکاری مێژووییدا بەهۆی راپەرێنێکی فراوانی تێکەڵاو لە جەماوەر و پێشمەرگە، توانیان یەکێک لە دڕەندەترین رژێمی دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیستەم لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان لەناو بەرن و تێكڕای شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە لەدەست ڕژێمی درەندی بەعس رزگار بکەن.
هەر لەو کاتەوە (ئازاری ساڵی 1991) هەتا ئێستا سەڕەرای چەندەها کێشە و قەیران و پێشکەوتنی مەزن و سەرکەوتنی دیکە و کەوتن و هەستانەوەی بچووک و گەورە، بە شەڕی ناوخۆ و پەلامارە هەمەلایەن و جۆراوجۆرەکانی دیکەی دوژمنانیشەوە بۆ سەر کوردستان، بەڵام گەلی کورد بە ڕابەرایەتی پارتی و بارزانی تێکرای بزووتنەوەی رزگاری کورد لە کوردستانی عێراق توانیویانە ئەم ئەزموونە مەزنە لە هەموو هەڕەشەیەک بپارێزن و بەهەر جۆرێک بێت نەیەڵن هیچ جۆرە دوژمنێک جارێکی تر بتوانێت ئەم ئازادی و رزگاری و دەستەڵاتی خۆجێیەی کورد لەناو ببات.
ئەم حوکمڕانییهی دەستەڵاتی کورد کە (بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) سەرەڕای هەموو کەم و کورتییەکانی، گەورەترین دەستکەوتی زێڕینە لەتەواوی هەموو میژووی کورددا، هەر لەو کاتەوەی کورد وەک کارکتەرێکی سیاسی کەلتووری و نەتەوەیی بوونی هەبووە. بۆیەش هەر کەس و لایەن و گرووپێک دژی ئەم ئەزموونە بووەستێتەوە واتە دوژمنایەتی هەموو کورد و میژووەکەی دەکات، دوژمنایەتی ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوژمنایەتی هیچ پارتێکی سیاسی کوردستانی نییە، بەڵکو دوژمنایەتی ملیۆنەها کوردی دلسۆزە بۆ خاک و نیشتمانەکەی، دوژمنایەتیکردنی خەونی باوباپیرانمان و هەزاران شەهیدە کە لە دێر زەمانەوە ئەم گەلە قوربانی بۆ داوە، ئەنفال و کیماباران و جینۆساید و ڕاگواستن و کاولکردنی هەزاران گوند و شارۆچکەکانی کوردستان هەمووی قوربانی بووە لەپێناوی دروستبوونی ئەزموونێکی وای دەستەڵاتی کوردی دوور لە دەستەڵاتێکی بێگانەی خوێنرێژ.
ئەوەی جێگەی باس و تێرامان و هەڵوێستەی گرینگە کە لە یادی 32 ساڵەی ڕاپەریندا ئاماژەی پێ بدرێ ئەوەیە؛ کە ئایا وتاری سیاسی یەکگرتووی کورد پاش ئەو هەموو و رووداو و بەسەرهاتانە لە چی ئاستێکدایە؟
ئایا باری سیاسی و ئابووری و ئەمنی نیشتمانی هەرێمی کوردستان بە تێپەربوونی سی و دوو ساڵ بهسەر ڕاپەریندا لەچی بار و ئاستێکدا خۆی بینیووەتەوە؟
ئایا کورد و دەستەڵاتی ناوەندیی حکوومەتی عێراق لە ڕووی پەیوەندییە ستراتیژی و جێبەجێکردنی دەستوور و دیبلۆماسی لە ئاستی پێشکەوتن و بەرەوپێشجوونی باشدایە بۆ کورد یان لەپاشەکشێدایە؟
ئاشکرایە سەرەتا هەموو پێشکەوتنە سیاسی و نەتەوەیی یەکانی کورد نەک هەر لە ئیستادا بەڵکو لە تەواوی مێژوودا پەیوەستە بە ئاستی ڕادەی یەکگرتووی ناوخۆیی بزووتنەوەی سیاسی کورد و گەلەکەی، بەتایبەتی لە کوردستانی عێراق پەیوەندی سیاسی یەکێتی و پارتی (کە هەمیشە لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا یەکانگیربوونە بۆ بەرێوبردنی دەستەلاتی کوردی) پەیوەندییەکی ستراتیژی گرینگی ژیانی بووە بۆ بەروپێشچوونی باری سیاسی کورد بە گشتی، هەر بۆیەشه پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی کوردستان بەو ئاستە بەرزەی، بەڵام هەرگیز ئەو ڕۆڵەی یەکێتی وەک کورسی پەرلەمانی بەشێوەی ڕەها سەیر نەکردووە، بەڵکو زۆر زیاتر لە ئیستیحاق و مافی یاسای هەلبژاردن مامەڵەی لەگەل یەکێتی کردووە، بەجۆرێک هەمیشە وەک هاوپەیمانییەکی نزیکی ستراتیژی زۆر توند و تۆڵی سیاسی تەماشای کردووە و بە کردەوەش پراکتیکی ئەم پەیوەندییەی کردووە، بەڵام بەداخەوە لە دوای کۆتاهاتنی شەڕی براکوژی کێشە ناوخۆی و دووبەرەکییە توندەکانی ناو یەکێتی هەمیشە بۆتە بەربەست و کێشەی گەورە نەک هەر بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵکو بۆ کورد و حکوومەتی هەرێم و ناوخۆی کوردستاندا هەتا دەگاتە و پەیوەندییەکانی لەگەل حکوومەتی عێراقیشدا.
لە قۆناخی یەکەمی کێشەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ هەر لەسەرەتای جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و نانەوەی ئاژاوەی مەترسیدار لە باشترین دۆخی هەرێمی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردسان و خودی سەرۆک مەسعوود بارزانی لەپێناوی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، پشتی یەکێتی و بەرنەدا و بە شێوەیەکی زۆر هەستیار مامەڵەی لەگەل دۆخەکە کرد هەتا توانی بە سیاسەتێکی زۆر وشیارانەی ئاوێک بەو ئاگرەدا بکات، سەرەڕای یەکێتی خودی خۆی لە زۆر باردا پشتی لە پارتی کرد و بوو بە هاوپەیمانی دژە پارتی لە پەرلەماندا، بەڵام پارتی و سەرۆک مەسعوود بارززانی هەر بەشێوەیەکی زۆر ژیرانە مامەڵەیان لەگەل یەکێتی کرد و دەستی یارمەتیان بۆ درێژکردن.
لە قۆناخی دووەمدا بە وەفاتی مام جەلال کە هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەکێتی نیشتمانی بەهۆی فرە دەنگ و ڕەنگ و ئاژاوەی سیاسی ناوخۆیاندا پارتی دیموکراتی کوردستانی دووچاری سەریەشەیەکی سیاسی تووند کرد، لە هەمانکاتدا جەند کەسانێکیان هەوڵی ئەوەیان دا بە یەکجارەکی ئەم ئەزموونەی هەرێم بخنە ژێر پۆستاڵەکانی حەشدی شەعبی و دوژمنانی کوردەوە، بەڵام لە ئاکامدا پارتی نەکەوت و کورد و ئەزموونەکەی بە وردبینی سیاسی سەرۆک بارزانی زۆر بەسەر بڵندی هەستایەوە.
لە قۆناخی سێیەمی ئاژاوە و کێشە ناوخۆیی یەکانی یەکێتی نیشتمانیدا کە خۆیان بەناوی (گۆڕانکاری هەشتی شوبات) ناوی دەبەن، لێکترازانی هاوسەرۆکەکان و دەرمانخواردنی سەرکردەکان و تیرۆری سیاسی یەکتری و هەتا بنبەستبوونی هەموو دانیشتن و گفتوگۆیەکی سیاسی لەگەڵ یەکتری بە بردن و دیارنەمانی سامانی داراییی حکوومی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، دیسانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان وە زۆر بەتایبەتی حکوومەتی هەرێمیان دووچاری بارێکی دژوار و هەڵوێستێکی سەختکردەوە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کاراکتەرە سیاسییەکانی یەکێتی لەلایەک و مەسەلەی گەڕانەوەی داهاتە حکوومییەکان لەلایەکی ترەوە.
هەڵبەتە ئەمە هەر بەوەوە نەوەستایەوە کە بەرێز بافڵ تالەبانی بوو بەسەرۆک و لەبەرامبەریشدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەوپەڕی ڕێز و دوور لە هەموو دەستتێوەردان و ڕادەربڕینی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیەی یەکێتیدا کرد.
هاوکات پەیوەندیی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەل حکوومەتی ناوەندیی عیراقیش بەهۆی ئەو رووداوانەوە کاریگەری نێگەتیڤی دروست کرد، هەڵبەتە نەبوونی یەکڕیزیی کورد هەمیشە کاریگەری خراپی هەیە لەبارەی پێشجوونی دۆزی کورد بە گشتی.
ئەوەی جێگای تێڕوانینە، ساردی و کێشە لەنێوان یەکێتی و پارتی وەک جاران سەردەمی ڕەحمەتی مام جەلال نییە کە یەک یەکێتی هەبوو، ئێستا دۆخی یەکێتی بە جۆرێکە هەتا ناتوانیت ناوی یەکێتی لێ بێنیت، بە جۆرێک نەک هەر لە ڕووی کورسی پەرلەمانی، بەڵکو لە ڕووی یاسا و نەریتی سیاسی حیزبی و کەسایەتییە دیارەکانی ناو خودی خۆشییەوە لاواز و پەرتەوازە و شێواوییەکی وای بەسەرهاتووە، مامەڵەکردن لەگەڵی وەک جەستەیەکی یەکانگیر و لایەنێکی سیاسی یەک رەنگ، ئەوەندە سەختە مەگەر هەر وشیاری سیاسی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی بتوانێت بازدات بەسەری دا و سەری لێ دربچێت، لە ڕاستیش پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە دوای نەمانی مام جەلال سەبر و ئارامییەکی لە ڕادەبەدەری هەیە و هاوکات توانایەکی وردی تیژی دیبلۆماسی ژیری هەیە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی و ئارامی سیاسی، هەموو ئەمانەش پارتی دەیکات لەپێناوی راگرتن و مانەوە و بەرەوپێشجوونی ئەم ئەزموونەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە کە سی و دوو ساڵ لەمەوپێش لە سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی 1991 لە راپەڕینێکی جەماوەریدا بەدەستی هێناوە، بۆیە پارتی و ڕێڕەوانی رێبازی بارزانی هەمیشە لە تێکۆشاندان بۆ پاراستنی خۆ بەختکردن لەپیناویدا.
دڵنیاین کە سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە خوێنی خۆیان ئەم ئەزموونە دەپارێزن و هەرگیز نایەڵن یەکڕیزی گەلی کورد بەجۆرێکی وا تێک بچێت کاریگەری خراپ لەسەر چارەنووسی بەرهەمی ئەم ڕاپەرینە دروست بکات کە بە ڕەنج و ماندووبوون و شەهیدبوونی هەزارەها رۆلەی ئەم میلـلەتە ئەنجامگیر بووە، بۆیە زۆر پێویستە پارتی دیموکرات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو گەلی کورد شەهیدان و خەباتگێران و بەردەبازەکانی ئەم کاروانە لەیاد نەکات.