Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:30

ناوێك كه‌ دیدیگای دوو ره‌وتی توندڕه‌وی به‌رامبه‌ر به‌ كورد گۆڕی

100%

برینه‌كانی هه‌ر دوو بوومه‌له‌رزه‌ تونده‌كه‌ی باكووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان ( توركیا و سووریا) هێشتا سارێژ نه‌كراون و ئه‌و كاره‌ساته‌ سروشتییه‌ی كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ رووداوه‌، زۆر هاوسه‌نگی گۆڕی و زۆر په‌یامی سیاسی و دیالكتیكی ژیانیشی تیِیادا بوو.

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی یه‌كێكه‌ له‌و فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییانه‌ی كه‌ له‌ شه‌شی سوباته‌وه‌ هه‌م له‌ توركیا و باكووری كوردستان و هه‌م له‌ سووریا و رۆژئاوای كوردستان، زۆرترین مشتومڕی ئیجابی لێكه‌وتووته‌وه‌.

به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ئه‌وه‌ی پێوسته‌ باسی بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م چركه‌ ساتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ یه‌كه‌م ده‌زگا بوو كه‌ توانی هه‌م هاوكاری بۆ لێقه‌وماوان ببات و هه‌م به‌ هاواریانه‌وه‌ بچێت و ده‌ست به‌ رزگاركردنی لێقه‌ومان بكات، له‌ نێو سیاسه‌تی توركیادا له‌به‌ر كار و چالاكییه‌كانی خۆی رۆژه‌ڤێكی نوێ دروست كرد به‌ جۆره‌یه‌ك كه‌ ئۆپۆزسیۆنی سۆسیال دیموكرات و ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆنی شه‌ش قۆڵی كه‌ له‌ به‌ره‌ی راستره‌وی مۆحافێزه‌كاری توركیان، ره‌خنه‌ی زۆر توندیان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی توركیا كرد و هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌ بوو كه‌ حكوومه‌تی توركیا نه‌یه‌ویست ناوی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بهێنێت كه‌ یه‌كه‌م لایه‌ن بووه‌ به‌ هانای لێقه‌وماوانه‌وه‌ چووه‌. هه‌م پێكهاته‌ی سوسیال دیموكرات و هه‌م پێكهاته‌ی مۆحافێزه‌كاری راستڕه‌وی ئۆپۆزسیۆن به‌ هه‌ر دوو باڵی ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی خۆیه‌وه‌، نه‌ته‌نیا ده‌ستخۆشی له‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن به‌ڵكو باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد كه‌ له‌ هه‌رێمێكدا كه‌ هه‌ر چوارلای به‌ نه‌یار و ناحه‌ز گیراوه‌ و گۆشاری زۆریشی له‌سه‌ره‌، ده‌زگایه‌كی وا بتوانێت به‌و ئاسته‌ به‌رز و باشه‌ به‌ هاواری لێقه‌وماوانه‌وه‌ بڕوات. له‌ سه‌ر ئاستی رای گشتیش خه‌ڵكی توركیا كه‌ كار و هاوكارییه‌ مرۆڤ دۆستانه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانییان بینی، دانی به‌ هه‌ڵه‌ی خۆی و هه‌ڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریدا حكوم ده‌كه‌ن نا. له‌ سۆسیال میدیای توركیا، به‌شێكی زۆر دانیشتوانی ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كان، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌وه‌ته‌ی بوومه‌له‌رزه‌ لێداون، نه‌ته‌نیا ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ت به‌ڵ:و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی ناوخۆی توركیایش نه‌یانتوانیوه‌ وه‌كو پێویست به‌ هانایانه‌وه‌ بچن و له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌كانیان پێیان گوتبوون كه‌ ئه‌وانه‌ تیرۆریستن، یه‌كه‌م كه‌س و لایه‌ن بوون كه‌ به‌ هانایانه‌وه‌ چوون و گیرخوارده‌كانیان رزگار كرد. خه‌ڵكی ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كان كه‌ زۆربه‌ی زۆریان ده‌نگده‌ری ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ن بۆ خۆیان دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان پێداون، مردن، برسیتی و مانه‌وه‌ له‌ ژێر داروپه‌رووی خانووه‌ رۆخاوه‌كانیان به‌ شیاوی ئه‌وان زانیوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ئێمه‌ گوترابوو تیرۆریسته‌ هات و ئێمه‌ی رزگار كرد.

ده‌زگای خێرخوازی بازرانی به‌ كار و چالاكییه‌ مرۆڤ دوستانه‌كانی خۆی له‌ توركیا و باكووری كوردستان نه‌ته‌نیا بوو هۆی دووباره‌ زیندووبوونه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزی باكوورییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ بارزانی نه‌مر و هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو هاوكات بوو هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ دیدگای هه‌ر دوو ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی ئه‌تنیكی و چینی مۆحافێزه‌كاری سانترالیستی ملیتاریست به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كوردستان بگاته‌ لووتكه‌ی بێ واتا بوونی خۆی. هه‌ر بۆیه‌ پێ ده‌چێت كه‌ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وام بوونی كار و چالاكییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ توركیا و باكووری كوردستان ببێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و دوو دیدگایه‌ و په‌یڕه‌وانی ئه‌و دوو دیدگایه‌ زیاتر هه‌ست و سۆزیان بۆ كورد، هه‌رێمی كوردستان و بارزانی زیاتر ببێت. به‌ تایبه‌تی لای عه‌له‌وییه‌ كورده‌كان كه‌ به‌شێكی ره‌سه‌نی كوردن له‌ توركیا و باكووری كوردستان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی سیاسه‌تی كوردییه‌وه‌ له‌ باكوور و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ببوونه‌ ده‌نگده‌ری، سوسیال دیموكراته‌كان و ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی توركیا. چونكه‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی نه‌ته‌نیا یه‌كه‌م ده‌زگا بوو كه‌ له‌ ئیسلاحییه‌ و چه‌ند ناوچه‌ی دیكه‌ به‌ هانایانه‌وه‌ چوو، به‌ڵكو یه‌كه‌م ده‌زگایش بوو كه‌ ده‌ستی به‌ دروست كردنی كه‌مپی چادر و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و پاك و خاوێنی به‌ ئه‌وانی كرد كه‌ ئه‌مه‌یش گۆڕانێكی گه‌وره‌ی له‌ نێو رای گشتی عه‌له‌وییه‌كاندا به‌رامبه‌ر به‌ كورد، كوردستان و هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه‌.

له‌ سووریا و رۆژئاوای كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ كار و چالاكییه‌ بێ هه‌مپاكانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بوون هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ رادیكاڵترین ره‌وتی ئیسلامی جیهادی كه‌ زۆر دۆژمن و نه‌یاری كورده‌، سه‌ره‌ڕای گوشاره‌كانی بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزی كوردایه‌تی له‌ نێوان دانیشتوانی عه‌فرین، جندرێس و ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام  ئه‌وی بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وه‌ی زۆر دۆژمنی له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌كه‌ن یه‌كه‌م كه‌سه‌ كه‌ به‌ هاواریانه‌وه‌ ده‌چێت و ئه‌وانه‌یش هانیاندان دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌ بگۆڕن و بیانكه‌نه‌ دۆژمن و نه‌یاری كورد، نه‌ته‌نیا به‌ هانایانه‌وه‌ نه‌چوون به‌ڵكو تا گۆشاره‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌گرتووه‌كان نه‌بوون ئاماده‌ نه‌بوون كه‌ سنووره‌كانیان بۆ بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها گه‌یشتنی هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی بۆ عه‌فرین، جندرێس و ناوچه‌كه‌ بوونه‌ هۆكاری گه‌شه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی گۆڵه‌ سیساوه‌كه‌ی هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناوچه‌كه‌دا و خه‌ڵكیش سه‌ره‌ڕای گۆشاره‌كان به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و وێنه‌ی نه‌مرمه‌لا مسته‌فا بارزانی پێشوازی له‌ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كرد.

به‌ كۆرتی، كار و چالاكییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی له‌ ماوه‌ی 17 رۆژدا توانی گۆڕانكارییه‌كی زۆرگه‌وره‌ی عه‌قڵیه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی له‌ نێو چه‌ند ره‌وت و دیدگایه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست، مۆحافێزه‌كار و رادیكاڵدا به‌رامبه‌ر به‌ كورد دروست بكات كه‌ سیاسه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ بۆ ماوه‌ی 17 ساڵ گۆڕانی له‌و جۆره‌ بهێنێته‌ كایه‌وه‌. بۆیه‌ من پێم وایه‌ كه‌ به‌رده‌وامی كار و چالاكییه‌ خێرخوازانه‌كانی ده‌زگای بارزانی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی گۆڕانكاری زۆر گه‌وره‌ و ئه‌رێنی كه‌ ئه‌مه‌یش بۆ سیاسه‌تی كوردی ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆرگرنگ و گه‌وره‌.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.