رێبوار حەمەلاو شوانی
لەگەڵ پێش و دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆ بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، هەرێمی كوردستان لەنێو بارودۆخێكی خراپی ئابووری و دارایی دابوو، هەڵبەت ئەو كێشە و گرفتانە لە دەرهوەی دەسەڵاتەكانی گەلی كورد و هەرێمی كوردستان بوو و بەشێوەی بەرنامەدارێژراو و دروستكردنی گوشاربوون لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان كە تێیدا رێگری لە گەشەسەندن و ئاوەدانی و بەهێزبوونی كوردستان بگرن بە رێگەی گەماڕۆی دارایی و ئابووری و سیاسییەوە كە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە پلەی یەكەم و ئینجا گوشاری هەندێك له وڵاتانی دراوسێ كە چاویان بە سەركەوتنهكانی كوردستان هەڵنەهاتووە و نایەت، دەمەوێت بڵێم بە هاتنە سەركاری كابینەی نۆ، لەگەڵ هەموو ئەو كێشە و كۆسپانەی كە بە رۆكی گڕت بە ئێستاشەوە، بەڵام بە میكانیزم و پلانێكی وردبینانە و ستراتیژ لە گشت روویەكەوە توانی هەنگاو بە هەنگاو گەل و نیشتمانەكەی لە پیلانگێڕی و قەیرانەكان بەرەو پێشەوە ببات، دەتوانین بڵێن كە پێشكەوتنی ئابووریی هەر وڵاتێك دەشێت گەشەسەندنێكی هاوتەریب و هاوئاهەنگی هەبێت، ئەگینا نابێت بەو كۆڵەكە پتەوەی وڵاتێكی لەسەر بەڕێوەبچێت و ببێتە هۆی ئاسوودەیی زیاتری هاووڵاتییان و خۆشگوزەرانی زیاتر.
گەشەپێدانی كەرتی نەوت لەپاڵ كەرت و سێكتەرەكانی تردا بینایەكی پتەو و ئەمنی ئابووری ڕۆ دەنێت، هەنگاونانە لە ئابوورییەكی بەرخۆرانەوە بەرەو ئابوورییەكی داهێنەرانە و بەرهەمهێن، خۆشبەختانە ئەم تێڕوانینە بۆ ئابووری یەكێك لە پێڕەو و پرۆگرامەكانی كابینەی نۆیەم بووه، بە ئاڕاستەی بنیاتنانی ئابوورییەكی بەرهەمهێن و چەند بەرهەم و دوور لە پشتبەستنی تەنیا بە نەوت.
لە ماوەی ڕابردوودا هەناردەكردنی هەناری كوردستان بۆ وڵاتانی كەنداو و دواتریش بۆ بازاڕەكانی یەكێتی ئەورووپا، خۆی سەركێشییەكی گەورە بوو لە شكاندنی ئەو ڕێچكەیەی كە ئابووری كوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە سەری هاتووە. ئەم ڕێچكە تازەیە تەنیا كاتێك بە ئامانجی خۆی واتە سەربەخۆیییەكی ڕێژەیی ئابووریی و بووژانەوەی كوردستان و كەرتە جیاوازەكانی دەگات كە بەردەوام بێت، وەك گوتم ئابووری ڕیتمێكی هاوئاهەنگ و هاوتەریبی هەموو كەرت و سێكتەرەكانە بە نەوتیشەوە لە ئاڕاستەیەكی زەمەنی درێژخایەندا.
كوردستان هەم وڵاتێكی دەوڵەمەندە و هەمیش سەرمایەیەكی مرۆیی باش و دروستی هەیە، بەتایبەتی جووتیار و ئاژەڵدارانی كورد كە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی ئابووری پێش مۆدێڕن و ئێستەیشمانن.
تێڕوانینی كابینەی نۆیەم و ئاوڕدانەوەی لە توانا و پۆتانشێلەكانی ئابووریی هاووڵاتییانی كوردستان، مزگێنیی ئاسۆیەكی گەش بۆ هەموو كوردستان دەدات، خاڵی جیێ سەرنج ئەوەیە ئەم گەشەپێدان و پەرەپێدانە ئابوورییە لە ڕێگەی هەوڵ و تواناییە دیپلۆماسییەكانی كابینەی نۆیەمەوە بووە، ئەمەش خاڵێكی گرینگی دیكەیە كە سیاسەت و ئابووری پیكەوە دەبەستێتەوە و هەم متمانەیهكی سیاسیی-ئابووری زیاتریشە بۆ حكوومەتی كوردستان و هەمیش سەركەوتن و هەنگاونانە بۆ بووژانەوە و گەشەپێدانی كوردستان و دڵخۆشكردنی جووتیاران و كشتووكاڵكاران.
بەهەمانشێوە بەهۆی ئەو پێوەندییە بەهێزانەی سەرۆك وەزیران بناغەیەكی بەهێزی بۆ دروستكردووە، ئەم تێڕوانین و سیاسەتە ئابوورییەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، پشتگیریی و پاڵپشتیی گەورەی هەموو جومگەكانی ئابووری هەرێمی كوردستانە و دەروازەی كردنەوەی دەیان دەرفەتی ترە بۆ بوژانەوەی زیاتری ئابووریی هەرێم و هەناردەكردنی بەرهەم و هاوردەكردنی سەرمایە بۆ كوردستان، لە ماوەیەكی كورتدا ئەمە درەوشاوەی كابینەی نۆیەم لەم بوارەدا بوو، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە بەوەی كە پیلانگێری و قەیران و سیناریۆ دروستكراوەكان لەماوەی نزیكەی چوار ساڵی رابردوودا نەیانتوانی پێش بە كاروانی پێشكەوتنی ئابووری وئاوەدانی و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان كە ڕێزدار مەسروور بارزانی پێشەنگ و ئاڵا هەڵگری بوون بگرن، دەبێت ئەو راستییەش بزانین كە دوژمنان و نەیاران هەرگیز نەیانویستووە و نایانەوێت گەلی كورد پشت بە توانا ئابووری و سیاسی و دارایییەكانی خۆی ببەستێت و بهپێچهوانهوهدهیانهوێت هەردەم لە رووی ئابووری و داراییشەوە ژێردەست و پاشكۆ بێت، بەڵام هەوڵ و تێكۆشانەكانی بارزانی و كابینەی نۆ بەردەوامن دەبن بۆ ئاسۆیەكی گەشتری كوردستانێكی بەهێزتر.