یوونس حەمەد – ئۆسلۆ
دوای شۆڕشی ئەوروپی، سیستەم له سیاسەت و ستراتیژی گۆڕانکاری بەسەردا هات، ئەم ستراتیژییە زیاتر دوای کۆتاییهێنانی جەنگی جیهانی یەکەم خۆی وێنا کرد. ستراتیژییەت چ لەسەردەمی دێریندا که له سۆنگەی شۆڕشی پیشەسازی و کۆڵۆنیزمەوە دۆزرایەوە، دواتر بەرەو ئاقاری سەردەمی هاوچەرخدا بەرجەستەبوو، هەردوو جەنگی سەدەی بیستەم سەردەمیان زۆر پێشخست، چ لە ڕووی دانانی سیاسەت، هەروەها هەڵسوکەوت لەگەڵ ستراتیژیەتی نوێی بەرژەوەندی و بەرگریدا، بەمەش توانرا به هەستیاری و دوور له ئاڵۆزی و کێشەدا بیر بکەیتەوە، هەروەها دۆستایەتی لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی و ستراتیژی دوورمەودا خۆی وێنا بکات.
سیاسەتی وڵاتان لە زۆر حاڵ و خاڵدا خۆی له بەرژەوەندیی هاوبەش دەدۆزێتەوە، لە هەندێک لایەندا بەرژەوەندیان زۆر پتەون و لەسەر بنچینەیەکی ستراتیژی دروستدا بنیات دەنرێت، جا لێرەدا سیاسەت ڕۆڵ لەم ستراتیژیەدا دەبینێت.. نموونه لە ستراتیژییەتی سیاسەت و بەرژەوەندی و بەرگریدا زۆرن کە لە بابەتە هەستیارەکاندا بەرچاو بخرێن، ئەم نموونانەش بوونەتە ڕاستییەک تێکەڵ به هەستی سیاسەتی وڵات بۆتەوە، ئەگەر سەیرێکی مێژوو بکەین دەبینین نموونەی زۆر هەن که باسی ستراتیژییەت دەکات چ دێرین و هەروەها لە سەردەمی ئێستادا.. ڕاستی ئەو بەرژەوەندییانه به ستراتیژی سیاسی دەکرێت بە لێکۆڵینەوەیەک به چۆنیەتی داهێنانی سیاسەت بە مەبەستی بەکارهێنانی بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکە پێناسە بکرێت، چەمکی ستراتیژی سیاسی پەیوەستە بە بنەچەیەکی سەربازییەوە، ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی کارکردن و خەڵک و بەرژەوەندییە گشتییەکان بەرچاو بگیرێت.
لەم سوونگەیەدا پێویستە ئامانجێک دابنرێت کە ڕوون و یەکگرتوو و گشتگیر بێت لەگەڵ کەرتە جیاوازەکاندا، بە یەکدەنگی ناوخۆیی بەبێ دژایەتی و هەماهەنگی و ڕێکخستنی ڕوون. واقیعی ئامانجەکان ئەو ئامانجانەی کە دانراون لەبەرچاو دەگیرێن کە هاوتابن لەگەڵ توانا و سەرچاوەکاندا، بە جۆرێک کە پێداویستییە پێویستەکان لەگەڵ دەستنیشانکردنی توانا بەردەستەکان، و بەراوردکردنی تواناکان لەگەڵ پێداویستییەکان خەمڵێندرێت، ئەمانه چەند خاڵێکن وەک ئاماژەپێکردن دەکرێت ببێتە پێناسەیەک بۆ ئەوەی هاوشێوە ستراتیژییەکان لە هەموو ڕووێکەوە یەکتر بگرنەوە.. ستراتیژی نێوان گەل و وڵاتان یان دەوڵەت و دەوڵەت ئەمیش خاڵێکه دەبێت ببێتە نموونەی زیندوو بۆ کارکردنی هاوبەش لەم پێناوەدا.
دوای کۆتاهێنانی جەنگی یەکەم دەرگا بۆ ستراتیژییە پەیوەندییەکان واڵا کرا تا زیاتر ئەم بنچینەیە بچەسپێت، بەریتانیا خۆی کردە خاوەن ستراتیژییەکی پتەو بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نموونه پەیوەندیەکانی میرنشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) لەگەڵ میرنیشینەکانی کەنداو بۆتە ڕاستییەکی ستراتیژی دروست و بەرژەوەندییەکانی هاوبەش پارێزراون، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتێکی ستراتیژی قووڵی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیلدا کردۆتە هاوبەشێکی گرینگ له سیاسەتی دەرەوەیدا و هەمیش بۆ ناوەوە وڵات، بەم پێیەی سیاسەت دەبێت پەیوەست بێت به هەموو چهمکەکان چ ناوخۆیی یان دەرەوە، چونکه زۆر حاڵەت دێنه پێش سیاسەتی ناوخۆی پێویستی به دەرەوە هەیه و بە پێچەوانەوەش.. ستراتیژ لە زۆر حاڵەتدا دووربینتر خۆی وێنا دەکات، لەم خاڵی کلاسیکی دەردەچێت و دەچێتە قۆناخی گرنگتر، بۆ نموونه کۆماری فەڕەنسا که به ڕووحی کلاسیکی و کلتووری و سیاسی جیهان ناسراوە پەیوەندییەکی ستراتیژی پتەوی لەگەڵ کورد دروست کردووە، ئەم پەیوەندییەش لە ڕووحییەتێکی قووڵی سیاسەت و بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا پێناسەکراوە، پەیوەست نییه به کەسێک یان لایەنێک، چونکه بۆتە ڕاستییەک بۆ داهاتوو و دواتریش.. جا ئەمه سیاسەتە وڵاتان به تایبەت زلهێزەکان پەیڕەوی دەکەن له مامەڵەی درێژخایەن و دوور مەودای خۆیاندا، هەروەها له زۆر حاڵەتدا پابەندبوون بەم ستراتیژییانه لە ڕووی پەیوەندی دووقۆڵی و هاوبەشیدا یاخود یارمەتی دپلۆماسی و هەتا سەربازیش لەخۆ دەگرێت.