Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 00:46

ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتی راگەیاندن لە خزمەتی نەتەوە و نیشتمان

100%

رێبوار حەمەلاو شوانی

ماوەی چەند ساڵیكە هەندێك دەزگەی راگەیاندن نەك هەر نەیانتوانیوە هەستی نیشتمانپەوەری و نەتەوەپەروەری لەنێو گەلەكەیان پەرەپێدان و كۆمەڵگەی كوردستان بە ئاڕاستەكی خۆشەویستی و تەبایی ئاڕاستە بكەن، بەڵكو بە پێچەوانە ئەوەی نەیارانی ئەم گەل و نیشتمانە مەبەستییانە وەك زمانحاڵی ئەوان لە دژی مێژوو و خەبات و شانازیی و كەسایەتییەكانی بە خراپترین شێوە ئەنجامی دەدەن، ئەوەش زیانێكی گەورەی بە هەستی كوردپەوەری و نیشتمانپەوەری گەیاندووە.

رۆڵ و بەرپرسیارێتی دەزگاكانی راگەیاندن، لە كاتی هەبوونی پشێوی و قەیرانە سیاسییەكان دەردەكەوێت، چونكە میدیاكان بە هەموو جۆرەكانی چ حزبی و چ ئۆپۆزیسیۆن و حكوومەت دەتوانن كاریگەریی ئەرێنی و گرینگ لەسەر باری دەروونی  هاونیشتمانیان بەجێبهێڵن و پێیان دەكرێ، لە چارەسەریی زۆرێك لە تەنگژە سیاسییەكان و بنیادنانی ئاشتی و تەبایی بگێرن، ئەویش لە ڕێگای خستنەڕووی بەرنامەی گرینگ و كاریگەر و پێشنیاری ئەرێنی لە خزمەتی بەژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە و نیشتمان، بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، كە دەكرێ دەزگا میدیاییەكان بیانكەنە كلیلی چارەسەر بۆ كێشە و قەیرانەكان.

بۆیە، رۆڵی راگەیاندن بە هەموو جۆرەكانییەوە لە ناو كۆمەڵگە دەتوانن لە دروستكردنی رای گشتیی رۆڵێكی گرینگ بگێڕن، كار بكەن بۆ دورستكردنی رای گشتی لەسەر بابەتێك یاخود لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی دیاردەیەك، یا دروستكردنی كۆدەنگییەك بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی بۆتە پێوەری كاری میدیایی سەركەوتوو، وا باشە ئەركی لە پێشینەی میدیاكان بكرێتە ئامرازی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی، بۆ سەركەوتن و پەرەپێدانی پیشەی بەرپرسیارێتی رۆژنامەوانی، وا پێویست دەكات كە كارمەندەكانیان رابهێندرێن لەسەر گرینگی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، تا زیاتر رۆڵیان هەبێ لەسەر پەروەردەكردنی راگەیاندنكاری ئەرێنی و گەشبین و پێویست. ڕاگەیاندن بە گشتی لە كاتی قەیرانی سیاسی و گرژییەكاندا هەلێكی زۆری لەبەردەمدایە، دەكرێ كار لەسەر هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و فەرهەنگی بكات، بە ئەركی پیشەیی خۆی هەڵبستێت، خۆی لە  دووڕوویی و گومان دورستكردن و پیلانگێڕی بە دوور بگرێت، لای بینەر و گوێگر و خوێنەر بێزرا و قێزەون دەرنەكەوێ.

ئەوەی دەبینرێت، كێشەی چەند دەزگەیەكی راگەیاندە لە هەرێمی كوردستان كە لە قەیرانی قوڵدان و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام نادەن و بۆ بەرژەوەندی شەخسی و ئاڕاستەكردنیان لەلایەن نەیارانی كورد و كوردستان و ئینجا حزب و موزایەدەی سیاسی رۆڵی خراپ دەبینن هەر لە ڕۆحی ناوچەگەرێتی و دابەشكاری خاك و بەشبەشكردنی كۆمەڵگە، هەندێ كەناڵی راگەیاندن و هەندێ راگەیاندنكار، نەزانانە بێت یا بە مەبەست لە خزمەتی بەرژه‌وەندی و نەخشە و پیلانەكانیان دەكەن، كێشەی كورد و پرسە نەتەوەییەكان لە كەناڵەكانیان بێ بایەخ نمایش دەكرێ، بەوەش ناوەستن لە ڕێگەی میدیای بە ناو ئازاد و سێبەر ژەهری دوژمنكاری دەڕێژن.

ئەوەی جێگەی پرسیار و هەڵوەستەكردنە ئەو راستییەیە كه‌ دەزگەكانی راگەیاندن لە جیاتی ئەوەی لە كاتی قەیرانی سیاسی و هەستیارەكاندا رۆڵی نیشتمانی و نەتەوەیی  بگێرن و بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبستن، پێویست بوو هەوڵی زیاتر و هیمەتی بەردەوامیان بكردایە بۆ كاراكردنەوەی حكوومەت و پەرلەمان و گێڕانەوەی سەروەری یاسا، نەك پەنا بردنە بەر شكاندنی یەكتری و دەستبردن بۆ پیرۆزییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و برەودان بە چەواشەكاری و مێژووی ناراست و پشتڕاستكردنەوەی درۆ و بۆچوونە قێزەوەنەكانیان، چونكە ئەو جۆرە میدیایە دەتوانێت بۆ تێكدان و بونیادنانی ئاشتی و ئاشتەوایی و تەبایی  كۆمەڵایەتی بخرێتەگەڕ، ئەوەش هەمان ئەو خەون و مەڕامەی نەیارانی كورد و كوردستانە.

روونە وەك دەزانرێت میدیا و راگەیاندن لە زۆر حاڵەتدا ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێ لەسەر دروستكردنی بڕیاری سیاسیی و ئاشتی، ئەوەش بەهۆی ئەو كاریگەرییەیە كە لە دروستكردنی رای گشتی هەیەتی و پێچەوانەكەشی تەنها سوودمەندی بۆ دووژمنان و نەیاران و زیانگەیاندنە بە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.