Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:58

به‌خێر بێن بۆ سووریای دووه‌م (ئێران)

100%

زیاتر له‌ 50 رۆژه‌ ئێران كه‌وتووته‌ نێو دۆخێكه‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 43 ساڵی رابردوو به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رژیمی ئه‌و وڵاته‌ چاوچه‌شنی نه‌بینیوه‌ و چاوه‌ڕوانیشی نه‌ده‌كرد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رووبه‌رووی قه‌یرانێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و جۆره‌ ببێته‌وه‌. ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی كه‌ به‌ هۆی شه‌هید كردنی كچێكی كورد به‌ناوی ژینا ئه‌منییه‌وه‌ سه‌ره‌تا له‌ شاری شه‌قز ده‌ستیان پێكرد زیاتر له‌ 50 رۆژه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ئێران درێژه‌یان هه‌یه‌. سه‌ره‌تا خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ دژی پۆلیس، به‌سیج و سوپا بوون و ورده‌ ورده‌ له‌به‌ر هۆكاره‌ سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقییه‌كانی دیكه‌ ره‌نگ و بۆی خۆپیشاندانه‌كان گۆڕدرا بۆ دژی رژیمی ئێران. 
تا ئێستا به‌ هۆی ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌وه‌ زیاتر له‌ 200 كه‌س كه‌ زۆربه‌ی زۆریان گه‌نج و مێر منداڵن و 60یان هاووڵاتی كوردن به‌ ده‌ستی هێزه‌كانی رژیم به‌ تایبه‌تی به‌سیج، پۆلیسی ئه‌خلاق، چه‌كداره‌ جلوبه‌رگ مه‌ده‌نییه‌كان و ئیتلاعات كۆژراون ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ 5 فه‌رمانداری گه‌وره‌ی به‌سیج، پۆلیسی ئه‌خلاق، ئیتلاعات و به‌ ده‌یان ئه‌ندامی ئه‌و هێزانه‌ی رژیمیش له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ كۆژراون.
رژیمی ئێران سه‌ره‌تا وای زانی كه‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌یش وه‌كو ساڵانی رابردوون و ده‌توانێت به‌ به‌كار هێنانی هێز و توندوتیژی بڵاوه‌یان پێ بكات، به‌ڵام خه‌ڵكی ئێران تاكتیكێكی نوێ دیكه‌یان له‌ دژی رژیم و هێزه‌كانی به‌كار هێنا كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئیفلیج كردنی رژیم و هێزه‌كانی رژیم. خه‌ڵك ئه‌مجاره‌ كه‌ درۆشمی سه‌ره‌كی له‌ ناوبردنی رژیمه‌، له‌ هه‌ر شارێك له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا خۆپیشاندان ده‌كات و خۆپیشاندانه‌كان له‌ یه‌ك شوێندا نین، چونكه‌ هه‌بوونی خۆپیشاندان له‌ یه‌ك گه‌ڕه‌ك یا گۆڕه‌پان، كاری رژیم بۆ سه‌ركوت كردنیان ئاسانتر ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ تاكتیكی خه‌ڵك خۆپیشاندانی به‌رده‌وامی به‌ربڵاوه‌یه‌ و به‌مجۆره‌ رژیم له‌ كۆنترۆڵ كردنی دۆخه‌كه‌ شكه‌ستی هێناوه‌.
هۆكارگه‌لی زۆر هه‌ن بۆ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی ئێران، چونكه‌ 43 ساڵه‌ ئێرانییه‌كان له‌ دۆخێكی دوور له‌ پیوانه‌كانی سه‌دای 21 ده‌ژێت و رژیم له‌ بواری سیاسی، ئازادی ده‌ربڕین، دیموكراسی، مافی مرۆڤ، ئاین و ئابووریدا وای له‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران كردووه‌ كه‌ ئێستا تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی له‌به‌ر شۆڕشی ساڵی 57 نفرین له‌ خۆیان ده‌كه‌ن و ئاوات به‌ سه‌رده‌می شا ده‌خوازن.
ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای به‌كار هێنانی هه‌موو هێز و تواناكان له‌لایه‌ن رژیمه‌وه‌ به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كان رۆژ له‌ دوای رۆژ گشتگیرتر و سه‌راسه‌ریتر ده‌بن و خه‌ڵكیش له‌سه‌ر راپه‌رین گه‌رم و گۆڕتر ده‌بێت. پرسه‌كه‌ له‌ پرسی سه‌رپۆش له‌سه‌ر كردن یا لادانی سه‌رپۆش تێپه‌ڕیوه‌ و بووه‌ته‌ پرسی شۆرشی ناوخۆیی له‌ دژی رژیم. به‌لووچ، ئازه‌ری، كورد و  توركمانه‌كان هه‌ر یه‌ك داواكاری ره‌وای خۆیانیان هه‌یه‌ و هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و داواكارییانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. حاڵیحازر له‌ باشووری ئێران به‌لووچه‌كان كه‌ له‌ ماوه‌ی 50 رۆژی رابردوودا دووجار رووبه‌رووی كۆمه‌ڵكۆژی زۆر گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌، كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ده‌كه‌ن و خۆیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ رێكخستووه‌ و خۆپیشاندانه‌كانیشیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌رده‌وامه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئازه‌رییه‌كانی ناوچه‌ی ته‌ورێز و ئه‌رده‌بیلیش كه‌ تا ئێستا وه‌كو كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی پشتیوانی رژیم بوون، به‌ ده‌ستپێشخه‌ری و پێشه‌نگایه‌تی پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیان ستراتیژیه‌تێكی نوێیان بۆ خۆیان داناوه‌ و ناوی ناوچه‌كه‌یان كردووه‌ ئازه‌ربایجانی باشوور و ورده‌ ورده‌ نه‌غمه‌ی جیابوونه‌وه‌ له‌ تاران سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. گه‌لی كوردیش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ چه‌وساوه‌ترین و زۆڵم لێكراوترین نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ ئێران ئامانج و ستراتیژیه‌تی دیار و به‌رچاوه‌ و ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی كه‌ بۆ كۆشتنی ژینا ئه‌مینی له‌ سه‌قز سه‌ری هه‌ڵدا ئێستا له‌ سه‌رانسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌ته‌ خۆپیشاندانی به‌ده‌سته‌وه‌ هێنانی ماف و ئازادییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
فارسه‌كانیش كه‌ له‌ ناوه‌راستی ئێران ده‌ژین له‌ ده‌ست زۆڵم و گۆشاره‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی رژیم وه‌ره‌ز بوونه‌ و شانبه‌شانی پێكهاته‌كانی دیكه‌ی ئێران داوای ئازادی و سه‌ربه‌ستی ده‌كه‌ن. له‌ به‌رامبه‌ردا رژیم بێجگه‌ له‌وه‌ی هێز له‌ دژی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌كار بهێنێت هیچی دیكه‌ی پێ نه‌ماوه‌ كه‌ ئێرانییه‌كانی پێ دڵخۆش بكات و ده‌ستبه‌رداری خۆپیشاندانی دژی  رژیم بن. ئه‌رته‌شی ئێران هه‌ر چه‌ند له‌ ژێر فه‌مانی خامنه‌ییدایه‌ به‌ڵام ده‌ستوه‌ردانی دۆخه‌كه‌ ناكات و هێرشی سه‌ر خه‌ڵك ناكات. ئه‌و هێزه‌ی هێرشی سه‌ر خه‌ڵك ده‌كه‌ن بریتین له‌ به‌سیج، ئیتلاعات و سوپا كه‌ توانایی دامركاندنی ئاگره‌كه‌یان نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌گوترێت رژیمی ئێران چه‌كداری حزبوڵلا، حه‌شدی شه‌عبی و چه‌كداری ئه‌فغانی به‌تالیۆنی فاتمیوونی بۆ سه‌ركوت كردنی خه‌ڵك گواستووته‌وه‌ بۆ ئێران. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ نێو شار و گۆڕه‌پانه‌كانی نێو ئێراندا به‌دێ ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌م چه‌كدارانه‌یش ناترسێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵك ستراتیژیه‌تی هێرش كردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی رژیم په‌یڕه‌و ده‌كات و جاشه‌كان له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان ناتوانن سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه‌، له‌ باشووری ئێران به‌ هه‌مان شێوه‌ هێزه‌كانی رژیم ته‌نیا رۆژانه‌ ئه‌ویش چه‌ند كاتژمێرێك خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و شه‌وانه‌ ده‌كێشنه‌وه‌. له‌ ئازه‌ربایجانیش به‌ هه‌مان شێوه‌. بۆیه‌ باڵانسی هێز حاڵیحازر به‌ سوودی خه‌ڵك گۆڕاوه‌ و به‌ جۆرێكیش گۆڕاوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ مه‌رجه‌عی دینی شێعه‌كان له‌ قوم فتوای دژی چه‌كداره‌ جل مه‌ده‌نییه‌كان ( له‌ ئێران ئه‌م هێزه‌ به‌ گه‌وره‌ترین هێزی جاشی رژیم ده‌ناسرێت) ده‌ركردووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ئه‌ركی دینی، ئه‌خلاقی، سیاسی و مرۆیی هه‌ر تاكێكی ئێرانییه‌. 
ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئێراندا هه‌یه‌، رێك كۆپی كراوی دۆخی 11 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری سووریایه‌، ئه‌وه‌ی كه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا هێزی چه‌كداری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی یا هه‌ر هێزێكی دیكه‌ به‌ وه‌كاله‌تیش بێت، راسته‌وخۆ ده‌ستوه‌ردانی دۆخه‌كه‌ی نه‌كردووه‌. بێگۆمان ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌ینێت كه‌ دۆخه‌كه‌ به‌مجۆره‌ ده‌بێت و هێزی چه‌كداری دژی رژیم ده‌ستوه‌ردانی ناكات، لایه‌نه‌كان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا تا ئێستا زۆر عاقڵانه‌ هه‌ڵسووكه‌وتیان كردووه‌ و بیانوو و پاساویان نه‌داوه‌ته‌ رژیم كه‌ بڵێت خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستی ده‌ره‌كییان له‌ پشته‌وه‌یه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ كار بۆ سه‌ردكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ خۆپیشاندان راپه‌رین بكات، ئه‌مه‌یش بێ گۆمان پووچ كردنه‌وه‌ی پلانێكی رژیمی ئێرانه‌ كه‌ زۆر پێ دڵ خۆش بوو. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ تا چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ده‌ستوه‌ردانی چه‌كداریش مۆسگه‌ر ده‌بێت و سێ به‌ره‌ی گه‌وره‌ له‌ ئێران سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن كه‌ بریتین له‌ كورد، به‌لووچ و ئازه‌ری. له‌ كاتی ده‌ستوه‌ردانی ئه‌م سێ به‌ره‌یه‌دا بێگۆمان هێزه‌ هه‌رێمی و جیهانییه‌كانیش هه‌ر یه‌كه‌و به‌ گوێره‌ی به‌ره‌ژوه‌ندی خۆی ده‌ستوه‌ردانی له‌ دۆخه‌كه‌دا ده‌كه‌ن و ره‌نگه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ئێران تووشی دۆخێكی زۆر خراپتر له‌ دۆخی سووریا ببێت. 
بوونی ئێران به‌ سووریای دووه‌م به‌شێكی زۆری هاوسه‌نگییه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕێت و ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی هاوسه‌نگی نوێ. بۆ نموونه‌ لاواز بوون و نه‌مانی رژیمی هه‌نۆكه‌یی ئێران ده‌بێته‌ هۆی نه‌مانی ئاڵۆزی و نائارامی له‌ عێراق، یه‌مه‌ن، لوبنان و هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی لاوازی زیاتری رژیمی ئه‌سه‌د له‌ سووریا. له‌ به‌رامبه‌ریشدا نزیكبوونه‌وه‌ی شێعه‌ له‌ كورد له‌ عێراق زیاتر ده‌بێت، فارس له‌ ئێران كه‌ چینی رۆشنبیری خۆی به‌ به‌شێك له‌ كورد ده‌زانێت نزیكی كورد ده‌بێته‌وه‌. توركیا و ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر كریدۆری زه‌نگه‌زۆر هه‌نگاوی كرداری ده‌نێن و به‌شێك له‌ خاكی ئه‌رمه‌نستان داگیر ده‌كه‌ن، له‌ باشووری ئێرانیش به‌لووچه‌كان زیاتر نزیكی تالیبان و وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌بنه‌وه‌. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌یشدا گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ هاوسه‌نگییه‌ جهانییه‌كانی تایبه‌ت به‌ میحوه‌ری ئێران روو ده‌ده‌ن و هاوسه‌نگی نوێ دێنه‌ ئاراوه‌ كه‌ ئاساییترینیان نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا و ئیسرائیله‌ له‌ خه‌ڵكی ئێران.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.