Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:40

پرسیار گه‌لێك له‌ به‌رده‌م كۆنگره‌دا

100%

كۆنگره‌ی پارتی روداوی گه‌رمی رۆژه‌‌. پارتی و غه‌یره‌ پارتییه‌كانیش به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌‌چوون و راسپارده‌ و ئه‌نجامه‌كانی ده‌ڕوانن، له‌ ده‌وروبه‌ریشه‌وه‌ متابه‌عه‌ ده‌كرێ. هۆكاره‌كه‌ش روونه‌: پارتی كاراترین حزبی بڕیاربه‌ده‌ست و حوكمڕانه له‌ كوردستاندا‌‌، حزبی ژماره‌ یه‌كی كوردستان و عێراقیشه‌، خه‌ڵك وا راهاتوون هه‌رچی له‌م هه‌رێمه‌‌ بگوزه‌رێ، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ چاوی پارتی ببینن، هه‌ر بۆیه‌ش چاوی هه‌موان له‌سه‌ر كۆنگره‌كه‌یه‌تی‌.  
پرسیار ئه‌وه‌یه‌، حزبێك به‌و قه‌باره‌ و سه‌نگه‌وه‌‌، به‌و ئه‌ركه‌ قورسانه‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌تی و به‌و چاوه‌روانییه‌ی لێی ده‌كرێت، ده‌بێ چ جۆره‌ كۆنگره‌یه‌ك ببه‌ستێ تا له‌ ئاست ئه‌و چاوه‌ڕوانی و بایه‌خپێدانه‌ گشتییه‌دا بێت‌.
له‌ راستیدا نه‌ زێده‌رۆییه‌ و نه‌ كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ له‌ قه‌دری كه‌س‌، گه‌ر بڵێین كۆنگره‌ی پارتی كۆنگره‌ی كوردستانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی حزبێكدا نه‌ك كۆنگره‌ی حزبێك له‌ چوارچێوه‌ی كوردستاندا، به‌و مانایه‌ی كۆنگره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ماجه‌رای دوازده‌ ساڵی رابردووی ئه‌م هه‌رێمه‌ و به‌رنامه‌ڕێژییه‌ بۆ داهاتووی.
له‌م پێودانگه‌وه‌، چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك له‌ ئێمه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی پارتی ئه‌وه‌یه‌‌: كۆنگره‌كه‌مان تەنها لە هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تیی نوێ و‌ كێبه‌ركێی به‌ده‌ستهێنانی كورسی له‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ نوێیه‌دا، قه‌تیس و بچوك نه‌كه‌ینه‌وه و بابه‌ته‌ ژیاری و گرنگه‌كانی دیكه‌ نه‌كه‌ین به‌ بابه‌تی لاوه‌كی.
كۆنگره‌ی پارتی ‌له‌به‌رده‌م پرسیارگه‌لێكی جه‌وهه‌ریدایه‌ كه‌ ئه‌و دوازده‌ ساڵه‌ و به‌ تایبه‌تیش پێنج شه‌ش سالی رابردووی پڕ كێشمه‌كێش هێنانیه‌ ئاراوه‌. هه‌ر یه‌ك له‌و پرسانه‌ش خوێندنه‌وه‌ و وه‌ڵامی مه‌وزوعییانه‌ و موقنیع ده‌خوازن كه‌ ره‌نگه‌‌گفتوگۆی سه‌رپێی راپۆرتی گشتی‌، وه‌ڵامگۆی هه‌موویان نه‌بێ و شه‌ن وكه‌وی زیاتریان پێویست بێ.
پرس و پرسیاری زۆر له‌به‌رده‌م كۆنگره‌دان، ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ندێكیان بن:

_ ئێمه‌ و به‌غدا تاكه‌ی له‌ كێشمه‌كێشدا ده‌بین و ده‌گه‌ینه‌ كوێ، دوای ئه‌و هه‌موو بگره‌ و به‌رده‌یه‌ی رابردوو، له‌ ئیستادا پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوانمان چییه‌، حاڵی حازر بۆ ئێمه‌ به‌ هه‌موو سه‌نگمانه‌وه‌ كێبه‌ركێمانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا بین و كه‌چی به‌غدا لێره‌ نییه‌ و هاوڵاتیانمان هیچ خێر و بێرێكی ئه‌و وجوده‌مان له‌ به‌غدا، لێره‌ ناچننه‌وه‌؟

دوای ئه‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتن و وه‌ك كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر پێشێلكردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم و بۆ ئه‌وه‌ی دنیا تێبگات له‌ چ حاڵێكی خراپداین به‌ ده‌ست حوكمڕانانی به‌غدای نوێوه‌، سه‌رۆك بارزانی پیشڕه‌ویی كردین به‌ره‌و ریفراندۆم، دوای ریفراندۆم و گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ به‌غدا، بۆچی هێشتا پێشێلكردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی كورد وه‌ك پێش ریفراندۆم و خراپتریش، هه‌ر به‌رده‌وامه‌؟  

پارتی هه‌میشه‌ په‌رۆشی برایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی بووه‌ له‌ عێراقدا و مێژووه‌كه‌ی شاهیده‌، ئه‌ی كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا پارتی به‌ ته‌فره‌قه‌چێتیی نیشتمانی و تێكدانی پێكه‌وه‌ژیانی كورد و عه‌ره‌ب و ناوماڵی شیعه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و شه‌قامی عێراقمان به‌ گژدا ده‌كه‌ن، پشت به‌ چی ده‌به‌ستن و به‌ چی ده‌میان گه‌رمه‌؟  
 
پارتی‌ وویستویه‌تی و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی دیكه‌ به‌ پرنسیپی شه‌ریكایه‌تی، كوردستان به‌ڕێوه‌‌ببات، زۆر جاریش له‌و پێناوه‌دا له‌ ئیستحقاقی خۆی‌ داشكاندووه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ ئێستادا پارتی به‌ تاكڕه‌وی و بێ ده‌سه‌ڵاتكردنی شه‌ریكه‌كانی خه‌تابار ده‌كه‌ن، به‌هانه‌یان چییه‌ و چۆن بۆیان چۆته‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ لای به‌شێكی هاوڵاتیان بچه‌سپێنن؟
 
په‌یوه‌ندیی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دوای ئه‌و هه‌موو  هه‌وراز و نشێوه‌، به‌كوێ ده‌گات، بۆ رێگه‌ی جارانی لێكگه‌یشتنمان ئێستا وا سه‌خت ولێ وون بووه‌، پێكه‌وه‌یی ئه‌و دوو حزبه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولا و كوردستان ده‌یخوازێ، چی دیكه‌ وه‌ك ئیلتزام ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی پارتی، له‌وان چی و له‌ ئێمه‌ چی دیكه‌ مه‌تڵوبه‌؟
 
ماف و ئامانجه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان و نه‌گۆڕه‌ نیشتمانییه‌كان ده‌بێ خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی حزبه‌كانی كوردستان بن له‌گه‌ڵ پارتی، پارتی كه‌ له‌ داڕشتنی ئه‌و سه‌وابیت و نه‌گۆڕه‌ نیشتمانییانه‌دا، ته‌قسیری نه‌بووه‌‌، هۆكارچییه‌ له‌ زۆر وویستگه‌ی گرنگ و هه‌ستیاردا به‌ ته‌نیا له‌ سه‌نگه‌رێك و باقی حزبه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ری‌؟ 
 
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و شه‌خسی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، كه‌ جێگری سه‌رۆكی پارته‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، له‌ پێناو فۆرمۆله‌بوونی خیتابێكی كوردستانیی یه‌كگرتوو كه‌ له‌ سایه‌یدا كوردستان ئارام به‌ڕێوه‌بچێت و له‌ به‌غداش ده‌نگمان زوڵاڵ بێت، به‌ یه‌ك مه‌سافه‌ له‌ هه‌موو حزبه‌كان وه‌ستا و له‌ گه‌رمه‌ی ناكۆكی نێوخۆییدا، چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌ و هۆكاری خاوكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان بوو، ئه‌دی بۆ هه‌وڵه‌كانی له‌ پێناو یه‌كڕیزیی نیشتمانی به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتن، بۆ ئه‌و هاوخیتابییه‌ كوردستانییه‌ نه‌هاته‌دی، بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی پێ یه‌كنه‌خرا، بۆ نه‌توانرا له‌ واده‌ی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێ، بۆ هه‌نگاو و هه‌وڵه‌كانی نووسینه‌وه‌ و په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوری هه‌رێم به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشت؟

سیاسه‌تی سه‌رۆك بارزانی و پارتی له‌ هه‌مبه‌ر خه‌باتی كوردانی پارچه‌كانی دیكه‌ سیاسه‌تێكی روونه‌‌، پارتی پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاورباری دراوسێكان، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ریی دۆزی كورده‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك به‌ پێی تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و ووڵاته‌ و به‌ رێگه‌ی ئاشتی، ئه‌دی ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆ هه‌رێمه‌كه‌مانی له‌ تۆمه‌تی ده‌خاڵه‌ت و له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و موشه‌كباران نه‌پاراست‌؟

پارتی حزبی داكۆكییه‌ له‌ مافی مرۆڤ، ئازادی و ئه‌و به‌ها مرۆییانه‌ی له‌گه‌ڵ جیهانی ئازاد كۆمانده‌كاته‌وه‌، پارتی له‌ هه‌موان باشتر ده‌زانێ كه‌ بوون و مانه‌وه‌مان به‌نده‌ به‌وه‌ی چه‌نده‌ پابه‌ندی ئه‌و به‌ها جیهانییانه‌ین، ئه‌وانه‌ی پێمان ده‌ڵین هه‌رێمه‌كه‌تان له‌و رووه‌وه‌ له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ و له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ ئامۆژگارییه‌وه‌ تا هۆشداری، سیگناڵ بۆ حكومه‌ته‌كه‌مان ده‌نێرن، قه‌ناعه‌ته‌كه‌یان له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه و چ بكه‌ین ئه‌و وێنایه‌ راستبكه‌ینه‌وه‌‌؟
 
به‌غدا به‌ هه‌ر شێوازێك بۆی بلوێ، شه‌ڕی ئابوریمان له‌ دژ ده‌كات و پێشكه‌وتنی كوردستان ئیفلیج وگوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاسته‌نگ ده‌كات، حكومه‌ته‌كه‌مان به داهاتی خۆیی، شانی داوه‌ته‌ به‌ر دابینكردنی بژێوی خه‌ڵكی خۆمان، نه‌گه‌یشتنی ئه‌و راستییه‌ به‌ كه‌رتێكی فراوانی خه‌ڵك و ناڕه‌زاییان له‌ دۆخه‌كه‌ تا حه‌ددی خۆخه‌تاباركردن و به‌غدا به‌ حه‌ق ‌زانین، خه‌تای چییه‌ و له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟
 
هێزو پشت و په‌نای پارتی ته‌نیا جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تی، له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، گه‌رچی به‌ ژماره‌ی كورسی زیادمان كرد، به‌ڵام به‌ ده‌نگ كه‌مبووینه‌وه‌‌، ئه‌م ئاماژه‌یه‌ چۆن بخوێنینه‌وه‌ و كۆنگره‌ چۆن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌ ده‌وه‌ستێ؟
 
پارتی له‌ ناو ماڵی خۆیدا چۆن به‌رخورد له‌گه‌ڵ خەباتی پێكه‌وه‌یی نه‌وه‌ی تێكۆشه‌رانی رابردوو و نه‌وه‌ی تازه‌ هه‌ڵكه‌وتووی ناو ریزه‌كانی بكات، ئه‌و په‌روه‌رده‌ مۆڕاڵییه‌ چۆن له‌ زهنی نه‌سلی نوێدا به‌ پته‌وی بچێنین كه‌ ئه‌م حزبه‌ بارگرانه‌ مه‌حاڵه‌ بی حیكمه‌ت و ئه‌زمونی نه‌وه‌ی زێڕین، هه‌نگاو به‌ ناو كێڵگه‌ی مینی سیاسه‌تدا هه‌ڵینێ، چ بکەین تا به‌ ناوی خوێنی نوێوه، له‌ ئه‌زمون و دانایی ئه‌و نه‌سله‌ی‌كه‌ كوردستان و پارتییان له‌ ده‌یان له‌مپه‌ڕ و ئاسته‌نگ په‌ڕاندۆته‌وه‌، مه‌حروم نه‌بین؟

پارتی ماڵه‌ بابه‌ و ده‌رگاكانی هه‌میشه‌ بۆ هه‌موو كه‌س له‌سه‌ر پشتن. له‌ هه‌ر وویستگه‌یه‌كدا باوه‌ڕداری نوێ دێنه‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، ئه‌وانه‌یان كه‌ لێزانن پێشده‌كه‌ون و فورسه‌ت وه‌رده‌گرن، چ بكرێت ئه‌م ئیستیعابه‌ نه‌بێته‌ مایه‌ی نیگه‌رانیی هیچ كادرێكی‌ دێرین وقوربانیده‌ری پارتی و وا هه‌ست نه‌كات ئه‌و ئیستیعابه‌ فورسه‌تی پێشكه‌وتن و ده‌رفه‌تی پله‌ وه‌رگرتن له‌و كه‌مده‌كاته‌وه‌. چ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ هاوسه‌نگ بێت و ئه‌و نیگه‌رانییه‌ دروست نه‌بێ؟

هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن پارتی سه‌وابت و رێبازی هه‌یه‌ و یه‌كده‌ست و یه‌ك ئامانجه‌، به‌ڵام كه‌سیش نییه‌ باوه‌ڕ بكات له‌ حزبێكی زیندووی دینامیكی وه‌ك پارتیدا تێڕوانین و خوێندنه‌وه‌ی جیا بۆ به‌رخورد له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو روداو و پێشهات و ئه‌گه‌ره‌ جۆراوجۆره‌ی دێنه‌ئاراوه‌، وجودی نییه‌. هه‌ر خودی ئه‌و جیاوازییه‌ دیارده‌یه‌كی ته‌ندروست و به‌ڵگه‌ی دیموكراتیه‌تی نێوخۆیی حزبه‌كه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ پارتیدا كولتوره‌. چ بكه‌ین ئه‌و جیاوازی بیروڕایه‌ی ناو پارتی، به‌ كه‌ناڵی ئاسایی خۆیدا گوزارشت له‌ خۆی بكات و له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی كه‌س ته‌ماع نه‌یگرێ ته‌فسیری دیکەی بۆ بكات؟
 دواجارو دوایین ئه‌ركیش:  چ بكه‌ین و چۆن كارێك بكه‌ین له‌م كۆنگره‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نێكی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێرین كه‌ یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌ندامه‌كانی به‌رپرسیارێتی به‌  ته‌كلیف بزانن‌ نه‌ك ته‌شریف، وه‌ك سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێ: پارتی به‌ وه‌سیله‌ی خه‌بات بزانن‌ نه‌ك ئامرازی به‌ده‌ستهێنانی مه‌نفه‌عه‌ت و مه‌سڵه‌حه‌ت .
به‌ هیوای كۆنگره‌یه‌كی سه‌رکەوتوو..

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.