ئاسۆ حاجی
رێبازی بارزانی کە کۆکراوەی باوەڕ و مێژووی تێکۆشان و خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستانە کە لە دەستەواژەی (کوردایەتی) کورد کراوەتەوە، پرسی رەمزییەتی لە ناویدا بریتی نییە تەنها لە ئاماژەیەک یان هێزێکی روحی و نادیار، هەروەها بریتی نییە لە خۆسەپاندن و بە زۆر خۆبەڕەمزکردن، وەک پەرچەکردارێک لە بەرامبەر نەیاراندا، بەڵکو رەمزییەتی لە رێبازی بارزانیدا کە ئێستا پارتی نوێنەرایەتی دەکات، خۆکردەیە و پێویستی و مێژوو دروستیان نەکردووە، بەڵکو هێزێک بووە و هێزێکە کە مێژووی دروستکردووە و مێژوو دروست دەکات.
ئێستا کە رێبازی بارزانی و چەمک و مێژووی کوردایەتی و نموونەی دیار و ئاماژەی گەش و زیندوو هەموویان لە کەسایەتی و بیر و هزر و دیرۆکی سەرۆک بارزانیدا کورت کراونەتەوە، سەرۆک نوێنەرایەتی ئەو مێژوو و بەها و شکۆیانە دەکات، ئەوانە هۆکاری بە رەمزبوونی بارزانین وەک سەرۆک و لێڤەگەڕی نەتەوەیی و نیشتمانی.
سەرۆک مەسعود بارزانی درێژکراوەی مێژووی تەکیەی بارزان و کۆکراوەی مێژووی تێکڕای پارچەکانی کوردستانی دایکە، ئەو بە گیانی پێشمەرگایەتی ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکات و هەموو شیان و پێکرایی و تەمەنی خۆی بەو ئامانجە بەخشیەوە، ئامانجی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و گەیاندنی کوردستان بە سەربەخۆیی.
رەمزییەتی لەو رێبازە و لەو حیزبەدا، وەک مێژووی بنەماڵەی بارزان و پارتی دیموکراتی کوردستان شتێکی بەرجەستەیە، هەموو کەس دەتوانێ دەستی لێ بدات، بیبینێ، لەگەڵی بژیێ، چونکە ئەوە راستەقینەیە و لە هەر کەسێکدا بوونی هەیە و لە ئاکار و کرداریدا رەنگدانەوەی هەیە کە باوەڕی بەو رێبازە بێت و پەروەردەی ئەو تێگەیشتنە بێت.
بۆیە کۆنگرەی 14 پارتی کۆنگرەی سەرۆک بارزانییە و رەنگدانەوەی کاریزما و مێژووی پڕ لە شکۆ و پێشمەرگایەتی ئەوە، کە هەمووی لە یەک دروشم کۆ دەبێتەوە، ئەویش کوردستان یان نەمانە.