Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:53

سه‌رپۆشه‌كه‌ی ژینا فتیلی دینامیته‌كه‌ی بن كۆشكی رژیم

100%

سه‌رپۆشه‌كه‌ی ژینا فتیلی دینامیته‌كه‌ی بن كۆشكی رژیم
رژیمی ئێران كه‌ ئێستا رێبه‌ره‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌مه‌رگدایه‌ و بێجگه‌ له‌ قه‌یرانی دارایی چه‌ندین قه‌یرانی دیكه‌ وه‌كو قه‌یرانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئائینی و ئه‌خلاقی به‌رۆكیانی گرتووه‌، به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر سه‌ركوت كردنی خه‌ڵك.
كورد و به‌لووچ دوو پێكهاته‌ی ئه‌تنیكی ئێرانن كه‌ زۆرترین زه‌ره‌ر و زیانیان له‌ سه‌ر ده‌ستی رژیمه‌ به‌ رواڵه‌ت ئیسلامییه‌كه‌ی ئێران به‌ركه‌وتووه‌.
پێشتر ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌به‌ر هۆكاری سیاسی، سه‌ربازی و هه‌نگاو و چالاكییه‌كانی دژی رژیم تاكه‌كانی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ له‌ لایه‌ن رژیمه‌وه‌ به‌ بێ به‌زه‌ییانه‌ ده‌كۆژران، ئه‌مڕۆیش به‌ ناوی ئاین و ئه‌خلاقه‌وه‌ تاكه‌كانی ئه‌و پێكهاتانه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ قه‌مه‌ی (شمشێری) رژیمی ئێران.
رژیمی ئێران كه‌ ئێستا هیچی پێ نییه‌ و ناتوانێت به‌ڵێنی هیچ داهاتوو و هیچ شتێكی باش به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی و به‌ پێكهاته‌كانی بدات، ناچاره‌ له‌ جیاتی هێنانی به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی، په‌نا بباته‌ به‌ر په‌ره‌ پێدانی كه‌شی ترس و خۆف.  هه‌ر چه‌ند كه‌ له‌ ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و هه‌رێمیدا رژیمی ئێران به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه‌ و تووشی كێشه‌ و قه‌یران ده‌بێت، ئه‌وا رژیم له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی گۆشاره‌كانی بۆ سه‌ر خه‌ڵك زیاتر ده‌كات. زیاتر كردنی ئه‌و گۆشارانه‌یش كه‌ گرتن، ئه‌شكه‌نجه‌ كردن و كۆشتنه‌، نیشانه‌یه‌كی به‌رچاو و دیاری لاوازی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری رژیمه‌كه‌ ده‌سه‌لمێنێت.
ئه‌گه‌ر به‌ كۆرتی سه‌یری دۆخی سیاسی ئێران له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و جیهانی بكه‌ین ئه‌وا به‌ روونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئێران له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ تووشی كێشه‌ و قه‌یرانی زۆر گه‌وره‌ بووه‌ته‌وه‌ و هه‌ژموونه‌ هه‌رێمییه‌كه‌ی ئێرانیش به‌ره‌و نه‌مان سه‌راوژێر بووه‌ته‌وه‌. دوایین گه‌ڕی دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، كه‌ ئێران زۆر دڵی پێ خۆش بوو و شادی ئیمزا كردنی رێككه‌وتنی دیكه‌ی ده‌كرد، به‌بێ ئه‌نجام كۆتایی پێهات و ستراتیژیه‌تی ئیسرائیل له‌ به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران به‌سه‌ر پلان و ستراتیژیه‌تی ئێراندا سه‌ركه‌وت و رێككه‌وتن ئیمزا نه‌كرا، هه‌ر بۆیه‌ گه‌مارۆكان بۆ سه‌ر ئێران درێژه‌یان ده‌بێت. له‌ قه‌فقاسیایش كردنه‌وه‌ی كریدۆری زه‌نگه‌زۆر له‌لایه‌ن توركیا و ئازه‌ربایجانه‌وه‌ گۆرزێكی كۆشنده‌یه‌ له‌ هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا و گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی جۆگرافییه‌ كه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كانی ئێران، ئازه‌ربایجان و ئه‌رمه‌نستان به‌بێ ره‌زامه‌ندی و رۆلی خۆدی ئێران دروست ده‌بێت و ئێران توانایی نانی هیچ جۆره‌ هه‌نگاوێكی نییه‌. له‌ لای رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه‌ تالیبان وه‌كو شمشێری دیمۆكلیس له‌سه‌ر سه‌ری رژیمه‌كه‌ی ئێرانه‌ و رژیمیش نه‌ته‌نیا توانای رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ له‌گه‌ڵ تالیبان به‌ڵكو ناتوانێ هیچ جۆره‌ رێكارێكی سیاسی و سه‌ربازیش له‌ به‌رامبه‌ر تالیباندا بگرێته‌ به‌ر. 
له‌ گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا دۆخی ئێران به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، دانووستانه‌كانی ئێران و سعوودییه‌ تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه‌ ، له‌ یه‌مه‌ن پێگه‌ی ئێران به‌ هۆی ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی سوننه‌ی وه‌كو توركیا و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداو ورده‌ ورده‌ له‌ لاوازبووندایه‌، له‌ سووریا، ئیسرائیل وایكردووه‌ كه‌ ئێتر ئێران و ئه‌و گرووپانه‌ی به‌ وه‌كاله‌تی ئێران شه‌ڕ ده‌كه‌ن نه‌توانن به‌ ئاشكرا باس له‌ هه‌بوونی خۆیان بكه‌ن. له‌ عێراقیش هه‌وڵه‌كانی سه‌درییه‌كان وایان له‌ ئێران كرد كه‌ به‌رپرسه‌كانی ئێران كه‌ تا چه‌ند مانگێك به‌ ئاشكرا ئه‌سپیان له‌ مه‌یدانی به‌غدا ده‌سووڕاند ئێستا به‌ نهێنی و به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن. 
ئه‌مه‌ كۆرته‌یه‌كی پۆختی دۆخی سیاسی ئێرانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی و هه‌رێمی، جا له‌به‌ر ئه‌م دۆخه‌ كه‌ ئێران تێكه‌وتووه‌، رژیمه‌كه‌ ناچاره‌ بۆ درێژه‌دا به‌ ته‌مه‌نی خۆی په‌نا به‌ر فاكته‌ر و سۆژه‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی ببات. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیشدا هیچ سۆژه‌یه‌ك كه‌ بتوانێت دڵی خه‌ڵكی ئێران خۆش بكات له‌ به‌رده‌ستی رژیمدا نییه‌، چونكه‌ ئابوورییه‌كه‌ی وا داڕماوه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ قه‌رز نان ده‌كڕن و هه‌ژاری و برسیتی گه‌یشتووته‌ لووتكه‌ و بێكاریش له‌ به‌رزترین ئاستی مێژووی ئێراندایه‌. بۆیه‌ ته‌نیا دوو سۆژه‌ له‌ ده‌ستی رژیمدا ماون كه‌ ئه‌ویش دین و ئه‌خلاقن. ماوه‌ی زیاتر له‌ 8 مانگه‌ به‌ ناوی پاراستنی دین و ئه‌خلاق، رژیم هێزه‌كانی ئه‌مر به‌ مه‌عرووف و نه‌هی ئه‌ز مۆنكه‌ری به‌هێزتر و زیاتر كردووه‌ و له‌ شار و شارۆچكه‌كان ناوه‌ندی زۆر گه‌وره‌ی بۆ دروست كردوونه‌. كاری سه‌ره‌كی ئه‌م هێزانه‌ گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و ژنانه‌یه‌ كه‌ گوایا سه‌رپۆشیان له‌سه‌ر نییه‌ و حیبجابی ئیسلامییان به‌جێ نه‌هێناوه‌. رۆژانه‌ له‌ تاران و شاره‌ گه‌وره‌كان به‌ سه‌دان و هه‌زاران كچ و ژنی ئێرانی له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی رژیمه‌وه‌ ده‌ستگیر و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن. مه‌هسا ئه‌مینی یا ژینای ئه‌منی كه‌ خه‌ڵكی سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، نموونه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی رژیمه‌ بۆ چاوترساندنی خه‌ڵك. ژینا به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی كه‌ حیبجابی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ ده‌ستگیر و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێت و به‌هۆی لێدانی شتێكی قۆرس به‌ سه‌ری، پێكهاته‌ی مێشكی تێكده‌چێت و دووچاری خوێنبه‌ربوونی مێشك ده‌بێت و دواجار گیانی له‌ ده‌ستدا.
ئه‌م رووداوه‌ تیشكێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ رزگاری گه‌لانی ئێران، نموونه‌ی تازه‌ی ئه‌مه‌یش ده‌توانین له‌ ده‌ستپێكردنی به‌هاری عه‌ره‌بیدا له‌ توونس ببینین، كاسبكارێكی توونسی عه‌ره‌بانه‌كه‌ی سووتاند و شۆڕش ده‌ستی پێكرد، گه‌لی توونس له‌ دیكتاتۆرێك زرگاری بوو، دواتر وڵاتانی دیكه‌ی  عه‌ره‌بیش به‌ هه‌مان شێوه‌. 
دۆخی ئێرانیش ئێستا رێك هه‌مان دۆخه‌، رژیم به‌ خۆلقاندنی كه‌شی ترس و له‌رز وا ده‌زانێت كه‌ خه‌ڵك ناتوانێت له‌ دژی رژیم بڕژێسته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆی بۆ دژی رژیم ئاماده‌ بكات. به‌ڵام كۆشتی ژینا ئه‌مینی له‌ ئه‌هوازه‌وه‌ تا گیلان، له‌ مه‌شهه‌ده‌وه‌ تا مه‌ریوان به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كپارچه‌یی خه‌ڵكی ئێرانی به‌ تایبه‌تی ژنانی هێنایه‌ سه‌ر شه‌قام و درۆشمی نا بۆ سه‌رپۆشی زۆری و خاك به‌ سه‌ری، مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر، دژی رژیم هێزی خۆیانیان نیشاندا. مردنی ژینا به‌ جۆره‌ دڕه‌ندانه‌یه‌ هه‌ر چه‌ند ناخ هه‌ژێنه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا فتیلێكه‌ كه‌ له‌سه‌ر دینامیته‌كه‌ی بن كۆشكه‌كانی رژیم دانراوه‌ و گڕی گرتووه‌. ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ وا بڕوات ئه‌گه‌ر زۆر هه‌یه‌ كه‌ كاوه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ له‌ دژی زه‌حاكه‌ هه‌نۆكه‌ییه‌كه‌ی ئێران ژن بێت و سه‌رپۆشه‌كه‌یش كه‌ رژیم ده‌یه‌وێت به‌ زۆر به‌سه‌ر ژنان و كچانی ئێراندا فه‌رزی بكات به‌ ناوی دین، ببێته‌ سه‌رپۆشی یه‌كجاری بۆ سه‌رپۆش كردنی ئه‌و رژیمه‌.
چونكه‌ ئه‌و رژیمه‌، نه‌ته‌نیا ژنان به‌ڵكو هه‌موو خه‌ڵكی ئێرانی خستووته‌ نێو دۆخێكی زۆر ئازاربه‌خش كه‌ بریتییه‌ له‌ سه‌پاندنی زۆره‌كی  ئه‌و شتانه‌ی كه‌ خه‌ڵك بڕوای پێیان نییه‌،به‌سه‌ر خه‌ڵكدا له‌ ژێر ناوی دین و ئه‌خلاقدا. ئه‌مه‌یش گه‌وره‌ترین خیانه‌ته‌ كه‌ رژیم له‌ دژی خه‌ڵكی ئێرانی ده‌كات، چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی خستووته‌ نێو چاوه‌ڕوانی هیوایه‌كی وه‌همییه‌وه‌ كه‌ به‌دێ هاتنی مه‌حاڵه‌ و ده‌یه‌وێت خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی ئه‌و مه‌حاڵییه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی رژیمه‌كه‌ درێژتر بێت. 
ئه‌رده‌لان گۆران
You sent
 

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.