Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:51

دۆخی عێراق و ساڵی 2024

100%

دۆخی عێراق و ساڵی 2024
نزیكه‌ی 10 مانگه‌ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردن كراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ناكۆكی تایفی، سیاسی و پێگه‌یی هێشتا له‌ عێراق بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تی نوێ هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌، پێشتر له‌ عێراق ته‌نیا له‌ نێوان سێ پێكهاته‌ی كورد، عه‌ره‌ب و سوننه‌دا ناكۆكی هه‌بوو به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م ناكۆكییانه‌یش سازانێك ده‌كرا و هه‌ر چۆنێك ده‌بوو حكوومه‌تێك درۆست ده‌كرا، به‌ڵام دۆخی ئه‌مجاره‌ سه‌ره‌مه‌رگی دۆخی 19 ساڵه‌ی عێراقه‌ زۆر جیاوازه‌. چونكه‌ نێو ماڵی شیعه‌یش ئه‌مجاره‌ كه‌لێنی تێكه‌وتووه‌ و ئه‌ویش بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی بێ چاره‌سه‌ر له‌ نێو مه‌یدانی سیاسی عێراقدا.
به‌ هۆی كه‌لێنی نێو ماڵی شیعه‌، حاڵیحازر په‌رله‌مان په‌ك خراوه‌، حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ریش كاریگه‌ری و سامدارییه‌كی ئیداری نه‌ماوه‌، لایه‌نگرانی سه‌در نیوه‌ی زۆری به‌غدایان كۆنترۆڵ كردووه‌ و لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ته‌قالا بۆ كۆنترۆڵ كردنی نیوه‌ی دیكه‌ی ده‌ده‌ن له‌ ژێر ناوی پاراستنی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تدا.
كوردیش سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانیان، حاڵی حازر سه‌رنجی خستووته‌ سه‌ر دۆخی به‌غدا و چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كات تا بزانێت ئاراسته‌ی رووداوه‌كان به‌ره‌و كامه‌لا ده‌ڕوات و ماف و شایسته‌كانی خۆی چۆن له‌ نێو دۆخه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.
سوننه‌یش كه‌ تا راده‌یه‌ك خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی پاسیفی به‌ره‌ژوه‌ندیخوازه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ی كورد، سه‌ره‌ڕای ناكۆكی عه‌شایری نێوان خۆیان به‌ڵام سه‌یری لایه‌نه‌ شیعه‌كان ده‌كات و چاوه‌ڕوانی یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان شێعه‌كانه‌.
شیعه‌ له‌ عێراق بووه‌ته‌ دوو به‌ش، به‌شی سه‌ربه‌ ئێران و به‌شی سه‌ربه‌ سه‌در. ئه‌م دابه‌ش بوونه‌ به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژیه‌تی نوێ ئه‌مریكا له‌ به‌رامبه‌ر عێراق و ئێران، چونكه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ یه‌ك تیر دوو ئامانج بپێكێت و وه‌كو رابردوو مه‌یلی به‌كار هێنانی زۆر و چه‌كی بۆ لاواز كردنی هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق نییه‌، بۆیه‌ په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر چه‌كی ئایدئۆلۆژیكی و ئاینی. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌مریكا له‌ بنه‌وه‌ هانی سه‌در ده‌دات كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خۆی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ شیعه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران نه‌واندوویه‌تی. ئه‌مریكا به‌مجۆره‌ هه‌م خۆی له‌ دۆخی چه‌ند جه‌مسه‌ری له‌ عێراق رزگار ده‌كات و هه‌م بۆ داهاتووی عێراق تاقه‌ جه‌مسه‌رێكی نوێ درۆست ده‌كات و به‌مجۆره‌یش له‌ بنه‌وه‌ كار بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژموونی ئێران له‌ نێو سیاسه‌تی عێراقدا ده‌كات. 
سه‌دریش كه‌ حاڵیحازر له‌ پێناو شه‌ڕی دژی گه‌نده‌ڵی، به‌ فرۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی و بۆنیاد نانی عێراقێكی سه‌رده‌مییانه‌ و دادمه‌ند ده‌ستی به‌ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی توندی مه‌یدانی له‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كردووه‌، چه‌ند ئامانجی گرنگی تایبه‌تی هه‌ن.
یه‌كه‌م ئامانجی سه‌در، بۆنیاد نانی ناوه‌ندێكی مه‌رجه‌عییه‌تی نوێیه‌ بۆ شیعه‌ له‌ عێراق و ده‌یه‌وێت كاریگه‌ری مه‌رجه‌عییه‌تی قوم له‌سه‌ر شیعه‌ له‌ عێراق نه‌هێلێت و خۆی بكاته‌ مه‌رجه‌عی نوێ شیعه‌ له‌ عێراق.
دووه‌م ئامانجی سه‌رد بۆنیادنانی سیسته‌مێكی ته‌كنۆكراتی سانترالیستییه‌ كه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ ده‌ستی یه‌ك كه‌سدا بێت. 
ئه‌م دوو ئامانجه‌ی سه‌در له‌ راستیدا به‌شێكی گرنگی ستراتیژیه‌تی نوێ ئه‌مریكان له‌ به‌رامبه‌ر عێراق. چونكه‌ ئه‌مریكا نایه‌وێت ئه‌زموونی ئه‌فغانستان له‌ عێراق دووباره‌ بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی دیار و به‌رچاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌در به‌ پاڵپشتی نهێنی ئه‌مریكا ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ حاكم مۆتڵه‌قی عێراق و سیاسه‌تی عێراق له‌ چه‌ند جه‌مسه‌رییه‌وه‌ بكاته‌ ته‌ك جه‌مسه‌ر، كه‌ ئه‌مه‌یش كارئاسانییه‌كی زۆر باشه‌ بۆ ئه‌مریكا و هاوكات شكه‌ستێكی زۆر گه‌وره‌یش ده‌بێت بۆ ئێران. بۆ به‌دێ هاتنی ئه‌م ئامانجه‌ سه‌در ئاماده‌ نابێت كه‌ به‌ ئاسانی له‌ مشتومڕه‌كانی تایبه‌ت به‌ درۆست كردنی حكوومه‌تی نوێ به‌شدار بێت و هه‌ر حكوومه‌تێكیش كه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی یا به‌ بێ به‌شداری سه‌درییه‌كان درۆست بكرێت ته‌مه‌نی زۆر كۆرت ده‌بێت. 
زۆر شاره‌زا پێیان وایه‌ كه‌ ئاژاوه‌ی نێو ماڵی شیعه‌ ده‌بێته‌ هۆی درۆست بوونی شه‌ڕی نێوان شیعه‌ و شێعه‌، به‌ڵام من پێم وا نییه‌ كه‌ سه‌در به‌ رێگه‌ی شه‌ڕ و خوێن رشتنه‌وه‌ كار بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ هێنانی ئامانجه‌كانی بكات، زۆر دووره‌ كه‌ سه‌در رێگه‌ به‌ درۆست بوونی شه‌ڕ بدات، چونكه‌ شه‌ڕ پێگه‌ی ئاینی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و دیپلۆماتیكی سه‌در لاواز ده‌كات. بۆیه‌ سه‌در له‌ رێگه‌ی نیشاندانی هێزی جه‌ماوه‌ری خۆی، زه‌مینه‌ بۆ لاواز كردنی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی شیعه‌ خۆش ده‌كات و زۆر عاقڵانه‌ یاری ده‌كات. ده‌زانێت كه‌ دووباره‌ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجامی كاره‌سات باری بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ده‌بێت و دڵنیایه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، ره‌وتی سه‌در ژماره‌ی كۆرسییه‌كانی زیاتر ده‌كات و به‌مجۆره‌ له‌ رێگه‌ی سه‌ندۆقه‌وه‌ كووده‌تایه‌كی دیموكراتیك له‌ دژی ركه‌به‌ره‌كانی خۆی ده‌كات و خۆی ده‌بێته‌ حاكمی مۆتڵه‌قی عێراق و سیسته‌می ته‌كنۆكراتی سانترالیستی خۆی به‌سه‌ر عێراقدا ده‌سه‌پێنێت.
ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كه‌ هه‌ر چه‌ند نابێته‌ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی عێراق، ده‌بێته‌ هۆی له‌ ناوچوونی به‌ره‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ لایه‌نگری ئه‌و به‌ره‌یه‌ن، چونكه‌ به‌ گوێره‌ی رای شه‌قام و بینینی دۆخی خه‌ڵك ئه‌وه‌ زۆر به‌ ئاسانی ئاشكرا ده‌بێت كه‌ له‌و لایه‌نانه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆریان له‌ده‌ست داوه‌.
دۆخی هه‌نۆكه‌یی عێراق بووه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ كوردیش له‌خۆی بكه‌وێت و كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاڵترناتیف بكات. چونكه‌ ئه‌گه‌ر كورد ئاڵترناتیف و كارتی به‌هێزی به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا نه‌بێت، ده‌بێته‌ زه‌ره‌رمه‌ندی دۆخه‌كه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌در سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ عێراق په‌یڕه‌وی بكات ( گۆڕینی ده‌ستوور، به‌هێزتر كردنی سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، قۆرخ كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و بڕیاردان) كوردیش تێیادا زه‌ره‌مه‌ند ده‌بێت. چونكه‌ له‌ عێراق نه‌ فیدرالیزم ده‌مێنێت و نه‌ هه‌نگاویش به‌ره‌و كۆنفیدراڵییه‌وه‌ ده‌نرێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌ركه‌زییه‌ت ده‌سه‌پێنرێت. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ ئێستاوه‌ كورد ئاڵترناتیفی به‌هێزی خۆی ئاماده‌ بكات و كارتی سیاسی، ده‌ستووری، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌و دۆخه‌ ئاماده‌ بكات و كارته‌كانیشی به‌ ئاسانی نه‌فه‌وتێنێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كورد یه‌ك ساڵ و چه‌ند مانگی له‌به‌رده‌ست دایه‌ و دتوانێت هه‌نگاوی زۆر گرنگ بنێت و داهاتوو و  پێگه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات. چونكه‌ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای عێراق تا ساڵی 2024 به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام له‌ ساڵی 2024 به‌دواوه‌ حاكمێكی مۆتڵه‌قی راستگه‌ر له‌ ئایدئۆلۆژی و سانتراڵگه‌را له‌ ئیداره‌داندا ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست، ئه‌م حاكمه‌ پشتیوانی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیشی له‌ پشت ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت عێراق له‌ ژێر هه‌ژموونی ئێران رزگار بكات و مه‌رجه‌عیه‌تێكی نوێ شیعه‌ كه‌ دۆست و هاوپه‌یمانی سیسته‌می جیهانی بێت و بتوانێت پێگه‌ی مه‌رجه‌عییه‌تی قوم لاواز بكات، بۆنیاد بنێت.
ئه‌رده‌لان گۆران

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.