Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 00:51

‎چەمکی نیشتیمانپەروەری لە وەڵامەکانی مەسرور بارزانیدا

ئاسۆ حاجی
100%


‎چەمکی نیشتیمانپەروەری لە وەڵامەکانی مەسرور بارزانیدا

‎                                                  ئاسۆ حاجی

‎دیدار و دانیشتنی راستەوخۆی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگا میدیاییە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، پەیامێک و وەڵامی پرسیارێکی جدی و گرنگ بوو، کە لە سەرەتای وەرگرتنی سەرۆکایەتی حکومەت زۆرجار و بە زۆر مەبەست ئەو پرسیارە وروژێندراوە، کە کابینەکەی مەسرور بارزانی کابینەیەکی داخراو دەبێ بەسەر رۆژنامەوانان و توند دەبێت بەرامبەر کاری رۆژنامەوانی و ئەگەری پاشەکشێ کردنی ئازدییەکان بەهێزە چونکە سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی  بەتایبەتی ئەوانەی لە بازنەی یەکەمی نزیک لە خۆینی لە پاشخانێکی ئەمنیەوە هاتوون. پەیامەکە ئەوە بوو کە باشترین شوێن بۆ گەیاندنی رەخنەکانتان نووسینگەی سەرۆکی حکومەتە و باشترین گوێگریش بۆ رەخنە و گازندەکانتان سەرۆکی حکومەتە.
‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەکانی سەرەتا و لە وەڵامدانەوەی پرسیار و تێبینی و سەرنج و کۆمێنتی بەرپرسانی دەزگا میدیایەکان، هەوڵیدا سەرنجیان بۆ سەر پرسێکی یەکجار گرنگ و پڕبایەخ رابکێشێت، کە پێویستە نیشتیمان و پرسە نەتەوەییەکان لەگەڵ کاری حکومەت و دەوڵەتداری تێکەڵ نەکرێن، پێویستە دامەزراوە نیشتیمانیەکان کە دامەزراوەی حکومەت یەکێکە لەو دامەزراوە نیشتیمانیانە بە حیزبێک و کەسێک گرێنەدرێ، بەڵکو وەک مولک و دەسکەوتی گشتی و بەرهەمی تێکۆشانی زیاتر لە سەت ساڵی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان تەماشا بکرێت. مەسرور بارزانی پێی گوتن کە ئاساییە رکابەرایەتی حیزبێک و کەسێک بکەن تا دەگاتە رادەی دژایەتی کردن و هەوڵدان بۆ لادانیان لە دەسەڵات، بەڵام ناکرێ نیشتیمان کە دایکمانە و خاڵی هاوبەش و هەبوونی هەموومانە تێکەڵی ئەو پرس و رکابەریە سیاسیانە بکرێت، دەبێت رکابەریمان لە سەر ئەوەبێت کامەمان کوڕ و کچی دڵسۆزی ئەو دایکە بین و زیاتر خزمەتی بکەین و بیپارێزین، نەک لە رکی یەکتری و بۆ شکاندنی یەکتری هەڕاجی بکەین و بسکە سپیەکانی و سەری بەرزی دایکی کوردستانمان بدەینەوە دەستی داگیرکەر و بن رەحمی تیغی جەلاد.

 مەسرور بارزانی بە ناراستەوخۆ پێی گوتن کە پێویست نیە ئیوە دریژکراوەی گوتاری سیاسی و ململانێی نێوان حیزبەکان بن، لەوەش زیاتر ناکرێ و شەرمەزاریە ببنە دەنگی داگیرکەران و گوتاری میدیاییتان ببێتە هۆکاری ناشیرین کردنی مێژوو و کلتور و وڵاتی خۆمان، لە پێناو شیرین کردن و جوانکردنی رووی رەشی داگیرکەران.

‎مەسرور بارزانی وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، لە رەخنەکان دڵگران نەبوو، گازندەکانی بە سنگ فراوانی وەرگرت، دانی بە کێماسیەکان نا و رێگەچارەی بۆ چارەسەرکردن پێشکەش کرد، نە خۆی لە بەرپرسیارێتی دزیەوە و نە رەخنەکانی پشتگوێ خست، بەڵکو وردەکاری و زانیاری پێویستی پێگەیاندن، لە بەردەم پرسیاری هیچ یەکێک لە ئامادەبووان دانەما، لەوەش زیاتر وەڵامەکانی دوور بوون لە زمانی دبلۆماسی و پێچ و پەنای سیاسەت، کوردانە و برایانە وەڵامەکانی راست و رەوان و بوون، چونکە بۆ هەموو پرسیار و رەخنەیەک خۆی ئامادە کردبوو. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر سەرنجی راکێشام پرسیارەکانی سەرۆکی حکومەت بوو نەک پرسیاری ئامادەبووان، چونکە ئەوانەی حکومەتیان تۆمەتبار کرد بە گچکەکردنەوەی رووبەری ئازدییەکان و دەستگیرکردنی خەڵک لە سەر ئازادی رادەربڕین، نەیانتوانی تەنها ناوێک لەو زیندانی کراوانە بڵێن! لە بەرامبەر جیاوازی پێشکەوتن و ئاوەدانی کوردستان لەگەڵ بەشە عەرەبستانەکەی عێراق، نە قسەیەکیان هەبوو و نە وەڵامێک.

‎سوودمەندی گەورەی ئەو دیدارە خەڵکی کوردستانە، چونکە بە دۆخی راستەقینەکەی میدیای کوردستان و کارنامە و دونیابینی حکومەت و سەرۆکەکەی ئاشناتر بوون و وینە گەورەکەیان بینی، کە نە ئەوەی میدیای بلاوی دەکاتەوە هەمووی راستە، نە ئەوەی دەربارەی حکومەتیش دەگووترێ هەمووی راستە، بەڵکو راستی و راستەقینە رێژەییە و رەها نیە، بۆیە لە هەر پەیامێک میدیایی بێت یان سیاسی کە تەنها یەک لایەن وەرگیرا و نیشاندرا لە سەر حیسابی کپکردنی دەنگی لایەنەکەی دیکە، ئەوە پەیامێکی ناهاوسەنگ و ناکامل دەبێت، بۆیە لە پێکانی ئامانجەکەشی کورت دەهێنێت، بەڵکو تەنها دەبێتە مایەی ئاڵۆزکردنی ژیانی خەڵک و بڵاوکردنەوەی نیگەرانی.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.