Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:43

لە داڤۆس پەیامی مەسرور بارزانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چی بوو؟

فرسەت سەید شوكر
100%

لە داڤۆس پەیامی مەسرور بارزانی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چی بوو؟

كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، ڕێكخراوێكی ناحكوومیی قازانج نەویستە و له ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسی بەناوبانگ (كلاوس شواب) دامەزرێنراوە، زیاتر لە هەزار كۆمپانیای نێودەوڵەتی و فرەڕەگەز ئەندامن لەو كۆڕبەندە، لە ناویاندا كۆمپانیای نەستەلە و نیكی و مایكرۆسۆفت و دەیان كۆمپانیای زەبەلاحی تری دنیا، گەورە بەرپرسانی كۆمپانیاكانی دنیا و سەركردە سیاسییەكان، ساڵانە لەو شارە كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر كێشە گەورەكانی ئابووری و سیاسەت لە دنیا دەكەن، هاوكات گرێبەست و پڕۆژەی ئابووریی هاوبەشی گەورە گەورە لەنێوان وڵاتان واژوو دەكرێ، ئامانجی ئەو كۆڕبەندە، ئابووریی ئازاد و رەخساندنی ژینگەیەكی لەباری وەبەرهێنانە لە سەرتاسەری دنیا بۆ كۆمپانیاكان.
کۆربەندی جیھانی داڤۆس کە زیاتر باسوخواسەکانی ئابووریین، باس لە ھەموو ئەو کێشانە دەکات کە رووبەڕووی جیھان دەبنەوە، جگە لە پەیوەندیی ئابووریی نێوان وڵاتان، بەردەوامیی پەیوەندی و برەودانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و داڕشتنەوە سیاسەتی تازە بۆ جیھان، لە کارنامەی کوڕبەندی ئەمساڵی داڤۆسدا، جەخت لە چەند بابەتێک كرا، لەوانە: زاڵبوونی جیھان بەسەر کۆرۆنا، بەگەڕخستنی تەکنەلۆجیاکانی شۆڕشی چوارەمی چاکسازی، دروستکردنی داھاتوویەکی باشتر بۆ کار، ڕێگری لە گۆڕانی کەشوھەوا.
ھەرێمی کوردستان، گەرچی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و لە چوارچێوەی عێراقدایە، بەڵام بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە جیھان و ناوچەکە و بە دیاریکراوی ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە ڕووی سیاسی - ئابووری و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و چەقی گفتوگۆ و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان و زەمینەڕەخساندن بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر، هۆکارن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشداریی سەرەکی و کارای کۆڕبەندەکە بێت.
بۆ ئەمساڵ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە پانێڵێکدا کرد لەژێر ناونیشانی (پێکھاتەیەکی نوێی ئاسایش لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا) هاوکات باسی لە قەیرانەکان و پرسی سەقامگیری و ئاشتیی ئێستای عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، ئەم بابەتە و ناونیشانەکەی، خۆی گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا دەردەخات، بەو پێیەی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە دژی جەنگی بێ ھۆکار و پێکدادان بووە، تەرەفی ئاشتی و سەقامگیری بووە، ڕۆڵی خۆیشی بەباشی گێڕاوە لە چارەسەرکردنی گرژییەکانی ناوچەکەدا.
لە كۆڕبەندی داڤۆس لە پانێلێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لۆژیکییانە چەندان بابەتی بۆ نوێنەر و کاربەدەستی دەوڵەتانی جیهان ڕوون کردەوە. لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییەوە گوتی: ”هه‌رێمی كوردستان، به‌ یاسایه‌ك كاری له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت كردووه‌، كه‌ له ‌لایه‌ن په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌ و ئه‌وه‌ش یاسایی و ده‌ستوورییه‌“ هەروەھا تیشکی خستە سەر ئەوەی: ”بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ناده‌ستوورییه‌ و پێشێلكردنی بنه‌ماكانی ده‌ستووری عێراقە.“
بۆ ئەم قۆناغەش کە چەندان ئاڵنگاری ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێم راشكاوانە بە ئامادەبوانی گوت: ”عێراق تاكه‌ نموونه‌یه‌ له‌ جیهاندا كه‌ ده‌بێت دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كانت هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا ناتوانی حكوومه‌ت پێكبهێنیت، ئەمەش بەردەوام دوای ھەر ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەیەکی زۆر دۆخی وڵاتەکەی بە چەقبەستوویی ھێشتووەتەوە و ڕێگری لە براوەکان کراوە، سیاسەتی نوێ بۆ دەوڵەتەکە دابڕێژنەوە.“
بەو پێیەی ناونیشانی بابەتەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر پەیوەندییان بە ئاسایش و سەقامگیریی و نوێترین مەترسییەکان بەتایبەت لەبارەی تیرۆرەوە هەبوون، دروست لەسەر ئەو خاڵە وەستا کە بێ هۆ هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان دەدرێت، ڕوونتر، پرسی بۆردومانكردنی ناوچە سەقامگیرەکانی هەرێمی كوردستان لەلایەن گرووپ و میلیشیاکانی عێراقەوە، پەیوەندیی بە پێکهێنانی هاوپەیمانی زۆرینەوە هەیە لە عێراق، ده‌كرێت ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییانه‌ وه‌ك فشارێك به‌كار هێنرابن بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی له‌نێوان كورد و سوننه‌ و شیعه‌ دروست كرا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هاوپه‌یمانییه‌ بكشێینه‌وه، په‌یامێكی دیكه‌شی هه‌بوو، كه‌ هه‌ژموونی وڵاتان له‌سه‌ر عێراق به‌رده‌وامه‌، بۆ سنوورداركردنی ئه‌و هێرشانه،‌ پێویستی به‌ هه‌وڵێكی فراوانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، به‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و وڵاتانه‌ش كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ عێراقدا هه‌یه.
مەسرور بارزانی، لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکانەوە، ڕوون و ئاشکرا دوا و گوتی: ”له‌ عێراق ئه‌گه‌ر سه‌یری ره‌وشه‌كه‌ بكه‌ین به‌گشتی، ده‌بینین چه‌ندان بڕیاری هه‌ڵه‌ی سیاسی هه‌بووه‌ كه‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كانن. له‌وانه‌: قه‌یرانی نه‌وت، پشتگوێخستنی ده‌ستوور، هه‌بوونی هه‌ژاری، نادادپه‌روه‌ری، نایه‌كسانی، بڕیاری هه‌ڵه‌، حكوومه‌تی خراپ و به‌ڕێوبردنی هه‌ڵه‌، بوونه‌ته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كان، بەو واتایەی کە عێراق لە ماوەی چەندان کابینەی ڕابردووی حکوومەتەکەیدا نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خەڵک بێت، جا ئەگەر کەموکوڕییەکە لەنێوخۆدا بێت یاخود دەستی دەرەکیی لەپشت بووبێت.
ئەم گوتانەی مەسرور بارزانی لەم قۆناغە و بۆ ئەم کاتە، پێوست و گرنگ بوو، ئێستا ئەوەی خەڵکی کوردستان دەیەوێ ڕاشکاوی و دەربڕینی لۆژیکییانەیە لەلایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانەوە، بە شێوەیەک لەسەر بنەمای ئەو راستگۆیی و ڕاشکاوییە بێت کە هەمیشە مەسرور بارزانی پێ ناسراوە.
ڕەنگە خستنەڕووی شەفافانە و بوێرانەی زانیاری و بەڵگەکان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش باشتر لەو حەقیقەت و ڕاستییانە تێبگەن کە ڕۆژانە دەسەڵاتدارانی عێراق، بە فۆرم و شێوازی جودا و بە مەرامی سیاسی، هەوڵی شکاندنی دەدەن.‌ ئەمە جگە لەوەی ھەرێمی کوردستان وەک یەكێك لە پارێزەرانی گەورەی ئاسایش و ئارامی و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر دەمێنێتەوە لەم ناوچەیە، لەڕووی ئابوورییشەوە لەپێناو بەگەڕخستن و ڕەخساندنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکان، بێ وچان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پەرە پێدەدات.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.