Erbil 10°C شەممە 23 تشرینی دووەم 01:18

واتا نەگوتراوەکان لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی دا

ئاسۆ حاجی
100%

لەوەتەی بۆتە سەرۆکی حکومەت گوتارەکانی مەسرور بارزانی سێ دەستەواژە بە بەهێزی ئامادەییان هەیە، راشکاوی و جورئەت و سادەیی. ئەو سێ خەسڵەتە لە گوتارەکەی ئەمڕۆی بە هەموو رەهەندەکانیانەوە بە تەواوی دیار بوون، دەربارەی بارودۆخی کوردستان، بە تایبەتی ئەو قەیرانە ئابوریەی لە سلێمانی دروست کراوە، مەسرور بارزانی لە دەقی قسەکانی(تێکست) وەک وشە و دەستەواژە بەسەر زاری دا نەهات، بەڵام لە کۆنتێکست (سیاق)ی گوتارەکەیدا،  بە هەر سێ حیزبی پێکهێنەری حکومەت و بە تایبەتی بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان(کە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری زاتی و مەوزوعی دەستی بەسەر دەڤەری سلێمانیدا گرتووە) گوت کە ئێستا قۆناغی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە و قۆناغی تەنها بەشداربوون لە
دەسکەوت و خۆ بە بەرپرس نەزانین کۆتایی هاتووە.
مەسرور بارزانی لە راگەیاندنی کارنامەی کابینەکەی لە پەڕلەمانی کوردستان، ئەوکاتیش رایگەیاند کە ئەو کابینەیە درێژکراوەی کابینەکانی دیکە نابێت و دەبێ پچڕانێکی مێژوویی و مەعریفی لە ئیدارەدانی کوردستان و خزمەت کردنی خەڵکەکەی هەبێت، ئەوەش نەک بەو مانایەی کە کابینەکانی دیکە خراپ بن و کار و خزمەتیان نەکردبێ، بەڵکو بەو واتایەی سەردەمی ئێستا وەک چۆن لە هەموو روو و بوارێک جیاوازە دەبێ لە شێوازی حوکمڕانیش جیاواز بێت.
سەرۆکی حکومەت وەک چۆن لە سەرەتای دەست بەکاربوونی، زۆر لێکدانەوە و پێشبینی دەکران، کە کابینەکەی ئەمنی و داخراو دەبێت و سەرۆکی حکومەت بەهەمان دنیابینی بەڕێوەبردنی دەزگایەکی هەواڵگری و ئەمنی حوکمەتداریش بکات، بەڵام ئەوانە تەواو پێچەوانە دەرچوون، لە هەبوونی ئەوپەڕی شەفافیەت لە داهاتی نەوتی و نانەوتی، هەروەها کارکردن بۆ راستکردنەوەی ئەو هێلە خێچ و خوارەی حوکمڕانی کە لە دەرئەنجامی بەحیزبی کردنی کۆمەڵگەی کوردستان و تێکەڵبوونی سیاسەت و بازرگانی دروست بووە و ئێستا خەڵک باجەکەی دەدەن.
لە کۆنتێکستی گوتارەکەی مەسرور بارزانی گوتاری سەرلەنوێ داڕشنەوەی پەیوەندی حکومەت و خەڵک ئامادەییەکی گەورەی هەبوو، لەوەی کە دەبێ خەڵک حکومەت و حەقیقەتی حوکمڕانی لە کوردستان بناسن، دەبێ لەوە تێبگەن کە هەبوونی دەسەڵاتی حیزبی و سەربازی و دارایی لە دەرەوەی حکومەت کارەسات دروست دەکات وەک ئەوەی ئێستا لە سلێمانی هەیە، لە بەبارمەتە گرتنی خەڵکی شارێک و سزادانیان لە پێناو دەسکەوتێکی شەخسی یان حیزبی. بۆیە ئەوەی یاری بە ژیان و پاروە نانی منداڵان دەکات حکومەت نیە، بەڵکو کەسانێکن کە بەهەمان شێوەی خەڵک دژایەتی و دوژمنایەتی حکومەتیش دەکەن. بەوەش نیشانی دا کە حکومەت و خەڵک لە یەک بەردان و پێویستیشە هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن بۆ ئەوەی بتوانن وێکڕا رێگری لەو کارە نە خوازراو و ناشیاوەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بە گشتی و دانیشتوانی سلێمانی و هەلەبجە و گەرمیان و راپەڕین بە تایبەتی دەکرێ.
دەرئەنجامەی کار و ئەو گوتارە نوێیەی مەسرور بارزانی بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و بەهێزکردنەوەی کوردستان و ئاشتکردنەوەی خەڵک و دەسەڵات لەگەڵ یەکتر بە دڵنیایەوە بەرهەمی دەبێت، چونکە لەو رووەوە( لە بازنەیەکی بچووکتر) ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە، کاتێک لە دوای تەواوکردنی ماستەرەکەی لە ئەمریکا و گەڕانەوەی بۆ کوردستان و وەرگرتنی بەرپرستارێتی دەزگای پاراستن، توانی پەیوەندی نێوان ئەو دەزگا هەواڵگری و ئەمنیە لە پەیوەندی (ترس و گومان) بگۆڕێت بۆ پەیوەندی(رێز و متمانە).
ئەوەی دەبێ خەڵک و لایەنە سیاسیەکان تێیگەیشتبن لە واتا نەگوتراوەکانی مەسرور بارزانی ئەوەیە کە مێژوو راناگیرێ و کات ناگەڕێتەوە دواوە، بۆیە دەبێ پێویستیەکانی ئەو قۆناغە لەبەرچاو بگرن و هەرسی بکەن، ئەگەر نا بەو قۆناغە راناگەن و بەجێ دەمێنن و لە کێبڕکێی خزمەت کردن دەکەونە دواوە و دەدۆڕێن، مێژوو و خەڵکیش رەحم بە دۆڕاوان ناکەن

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.