Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:12

بۆچی ئێران هه‌ولێر موشه‌ك باران ده‌كات؟

100%

 

یه‌كێك له‌ مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كان كه‌ ئێرانییه‌كان لێی ده‌ترسن ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ولێر وه‌ك پنتێكی نوێی ئابوری جیهانی چه‌كه‌ره‌ بكات و گه‌شه‌یه‌كی وه‌ها بكات كاریگه‌ری له‌سه‌ر پایته‌خته‌كانی خۆیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ ته‌نها ئێرانییه‌كان نیین كه‌لێی ده‌ترسن به‌ڵكو زۆر ده‌وڵه‌تی دیكه‌ له‌وه‌ سڵده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌روه‌ها كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن لاوازی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین كاری گه‌وره‌یان گرتوه‌ته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌ی هه‌ولێر ناسه‌قامگیر بكه‌ن.

 

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئێرانییه‌كان هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی موشه‌كییان و پێشیان وایه‌ هه‌ولێر ده‌بێته‌ نیویۆڕكێكی بچكۆله‌ و رۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌بینن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یدا و هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت ئه‌و پێگه‌یه‌ لاواز بكه‌ن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش چه‌ندین رێگای مه‌ترسیداریان گرتوه‌ته‌ به‌ر، كه‌ خراپترینیان مووشه‌ك بارانكردنی فرۆكه‌خانه‌ و هه‌روه‌ها شوێنی هاووڵاتییان و هه‌روه‌ها بنكه‌س سه‌ره‌كی كۆمپانیای كار گرووپه‌، كه‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ كارگروپ شوێنگره‌وه‌ی نوێی ئارامكۆ ده‌بێت.

 

ئێران چیی ده‌وێت له‌ هه‌ولێر؟

ئێران راستیه‌ك به‌ ئاشكرا توڕه‌ی كردووه‌، ئه‌ویش ئه‌و پێگه‌  به‌هێزه‌یه‌ كه‌ هه‌ولێر هه‌یبووه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  ستڕاتیژی نوێی هه‌ولێر به‌رامبه‌ر به‌ جیهانی نوێی به‌ تایبه‌تی له‌ پڕۆژه‌ی پلانی به‌دیل و هه‌نارده‌ی گاز و غازی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌كی نوێی ستڕاتیژی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ رووی دیبلۆماسیه‌تی جیهانیدا، به‌ ته‌واوه‌تی ئێرانی نیگه‌ران كردووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیبلۆماسی هه‌وڵیاندا رووبه‌رووی هه‌ولێرببنه‌وه‌ به‌ڵام له‌وه‌ بێهیوابوون، ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربازی رووبه‌رووی هه‌ولێر ببنه‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ موشه‌ك بارانی هه‌ولێر ده‌كه‌ن و ده‌شیانه‌وێت كۆمپانیای كار بكه‌نه‌ پنتی سه‌ره‌كی كاره‌كانیان و به‌به‌رده‌وام هێرشی له‌سه‌ر بكه‌ن.

 

له‌راستیدا ئێرانیه‌كان ده‌یانه‌وێت هه‌ولێر وه‌ك سنعا و به‌غداد و به‌یروت كۆنترۆڵی بكه‌ن و به‌ ئاره‌زووی ویلایه‌تی فه‌قێ هاتووچۆی تێدابكه‌ن و مووشه‌ك بگره‌ن دۆست و دوژمنه‌كانیان، ئه‌وه‌ش هیوایه‌كه‌ كه‌ هه‌رگیز بۆ ئێرانییه‌كان نایه‌ته‌دی، چونكه‌ ئه‌مه‌ پلانێكی ستڕاتیژییه‌ و هه‌ر له‌ قازانجی كوردا نییه‌ به‌ڵكو له‌ قازانجی هه‌موو جیهاندایه‌ كه‌ هه‌ولێر وه‌ك ناوه‌ندێكی نوێی ئابووری و سیاسی روو له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بكات و رووبه‌رووی ئه‌و سته‌مه‌ سیاسییه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر ته‌واوی عێراق.

 

كاتێك تاران ده‌زانێت هه‌ولێر ده‌سته‌مۆی نابێت په‌ناده‌باته‌ به‌رهێرشی موشه‌كی چ له‌ رێگه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بێت یاخود له‌ رێگه‌ی داروده‌سته‌نزیكه‌كانی خۆیه‌وه‌بێت وه‌ك ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا وه‌ك هێزی كوردی و عێراقیش خۆیان به‌یان كردووه‌ و چه‌ند ساڵه‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد كاری ناڕه‌وا ده‌كه‌ن.

 

له‌ راستیدا ئامڕازه‌كانی ده‌ستی ئێران بۆ دژایه‌تی كردنی هه‌رێمی كوردستان زۆر و خراپن، به‌ڵام له‌ هه‌موویان خراپتر ئه‌و هێزه‌ كوردییه‌ نێوخۆیانه‌ن كه‌ پێیان وایه‌ خزمه‌ت به‌ كوردایه‌تی ده‌كه‌ن كه‌چی نه‌یانتوانیوه‌ هیچ شتێك بكه‌ن و چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ دژی مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد ده‌جوڵێنه‌وه‌، له‌ تازه‌ترین هه‌وڵێشیاندا له‌ سه‌ر ئاستی باڵا ده‌یانه‌وێت هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕۆژی رووناك ده‌ڵێن ئه‌وان رێگه‌ناده‌ن له‌ شنگال و شێخانه‌وه‌ گاز و غاز بگاته‌ ئه‌وروپا و هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی بكات.

 

گرفتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌م چه‌كه‌ی ده‌ستی ئێران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌كێكی كوردییه‌، هه‌ركاتێك تۆ رووبه‌ڕووی ببیته‌وه‌ میدیا و په‌یجه‌كانی ده‌كات به‌گژتا و تۆمه‌تبارت ده‌كات به‌ شه‌ڕی براكوژی و هه‌زاران تۆمه‌تی دیكه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تتدا خۆی بۆیدامه‌زراوه‌.

 

ئێستا هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ قۆناغێكی نوێی جیهانییه‌وه‌، پشتیوانیه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مریكای به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌ به‌هۆی دوژمنی ناوخۆوه‌ ئه‌و گرفته‌گه‌ورانه‌ دروستببێت كه‌ ببێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان رووبه‌رووی كێشه‌ی گه‌وره‌ ببێته‌وه‌.

 

ئێرانییه‌كان هێرشی دیكه‌ش ده‌كه‌ن؟

كاتێك قاسم سلێمانی كوژرا، ئێران له‌ هه‌ولێر تۆڵه‌ی خۆی كرده‌وه‌، كاتێكیش ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌ به‌غداد و سنعا و به‌یروت و دیمه‌شق بۆدرومانی ئێران و ئێرانیه‌كانی ده‌كرد، ئێران جارێكی دیكه‌ هه‌ولێری بۆردومان كرد، كاتێكیش رووسیا هێرشی كرده‌ سه‌ر ئۆكرانیا و ئه‌وروپیه‌كان روویان له‌ رێره‌وێكی نوێی گازی كرد دیسان ئێران هه‌ولێری كرده‌ ئامانج و نایه‌وێت كوردستان هیچ گه‌شه‌بكات.

 

‎بێگوومان ئێران لە گوشاری سیاسی و ئابوورییەكانی  بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی كار لەسەر ستڕاتیژی پلانەكە بكات بە ئاڕاستەیەك كە خۆی سودمەندبێت لە پڕۆسێسەكە.

 

‎هەرچەندە گۆڕانكارییەكان بەدڵی ئێرانییەكان نەبێت بەڵام هەردەیانەوێت لە هاوكێشە سیاسی و ئابوریە نوێكەدا پێگەی تایبەتییان هەبێت  ئەوەش دەبێتە باشترین بژاردە لەبەردەمیاندا

بۆچی ئێران كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌كات؟

ئێران نایه‌وێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جگه‌ له‌خۆی هیچ زلهێزێكی دیكه‌ هه‌بێت و هه‌روه‌ها هیچ شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئیسڕایل و هیچ دۆستێكی دیكه‌ بۆ ئیسرائیل و ئه‌مریكا هه‌بێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وا بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان نماینده‌ی ئیسرائیل و ئه‌مریكایه‌ له‌گةڵ ئه‌وه‌شدا مه‌ترسی له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی دروست ده‌كات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت رووبه‌روویی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌وه‌ له‌ رووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ش تا ئه‌و كاته‌ درێژه‌ پێده‌دات كه‌ كۆده‌نگی و سزایه‌كی گه‌وره‌ی جیهانی دژی ئه‌و وڵاته‌ دروست ده‌بێت.

 

ئه‌مریكا بۆچی بێده‌نگه؟

به‌شێكی زۆری بێده‌نگی ئه‌مریكا له‌ پرسی هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها بابه‌تی هه‌نارده‌ی گاز و غاز هه‌یه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ كابینه‌كه‌ی سه‌رۆك جۆ بایدنه‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ كابینه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك ستته‌ و نایه‌وێت زۆر له‌ به‌رامبه‌ر ئێراندا هیچ كردارێكی گه‌وره‌ی هه‌بێت چونكه‌ پێێ وایه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر پرسه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ كه‌ له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌دان، به‌شێكی دیكه‌شی په‌یوه‌ندی به‌وه‌ هه‌یه كه‌ ئه‌م پرۆسێسه‌ زیاتر قازانجی بۆ ئه‌وروپییه‌كانه‌ نه‌ك بۆ ئه‌مریكییه‌كان بۆیه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت زیاتر ئه‌وروپییه‌كان ده‌رباره‌ی ئێران بدوێن له‌و پرسه‌دا نه‌ك خۆیان، چونكه‌ ئه‌وروپا خێروبێره‌كه‌ی به‌رده‌كه‌وێت و كۆشكی سپیش سه‌رئێشه‌كه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌.

 

ستراتیژی ئێستای ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا بریتییه‌ له‌ ئارامی له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر به‌یاننامه‌یه‌كی توندیژ دژی ئه‌و كارانه‌ی ئێران له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربكه‌ن ئه‌وان به‌ زیاد له‌ پێویستی ده‌زانن، چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسێسی ئاسایی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌بێت.

 

له‌كاتێكدا ئێستا ئه‌مریكا زیاتر سه‌رقاڵه‌ به‌ناوخۆی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ وپرسی ئۆكرانیاش دكاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌ بۆسه‌ر ئاینده‌ و ئابووری و هه‌روه‌ها سه‌روه‌ریه‌ راستییه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ جیهاندا،كۆشكی سپی سه‌رقاڵكردووه‌ و نایه‌وێت هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پرسێكی نێوده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ بناسێنێت له‌م بابه‌تدا هه‌رچه‌نده‌ كاره‌كه‌ به‌وشێوه‌ بۆ ئه‌مریكاش نابێته‌ سود.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.