Erbil 8°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:18

دۆخی ناوچه‌كه‌ له‌ چاوه‌روانی گۆڕانكاریدا

100%


زۆرێك له‌ خه‌ڵك داواده‌كه‌ن یان روونكردنه‌وه‌یان ده‌وێت، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دۆخی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌ چی به‌سه‌ر دێت یان به‌ره‌و كوێوه‌ ده‌روات؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ كه‌ ره‌نگه‌ رۆژانه‌ خۆشمان ئاراسته‌ی خودی خۆمانی بكه‌ین، ئه‌م گریمانانه‌ گرنگن هه‌مومان بیزانین.

یه‌كه‌م: سه‌ردانی به‌رێز كاك مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتانی كه‌نداو دواتر توركیا و به‌ریتانیا و شیمانه‌ ده‌كرێت له‌داهاتوو سه‌ردانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش بكات، ده‌رئه‌نجامی هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی خواسته‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی جیهان بۆ بابه‌تی گازی سروشتی و ئه‌منیه‌تی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌ت دوای هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا و گرژیه‌كانی نێوان رووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌هه‌موویان زیاتر باس له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی به‌ریتانیا ده‌كرێت له‌ بابه‌تی وه‌به‌رهێنانی گازی سروشتی كوردستان، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی به‌ئاشكرا و له‌ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌ریتانیا نیازی به‌هێزكردنی ئه‌و كه‌رته‌ی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان، پێش هه‌مووشتێك ده‌بێت تا ئه‌و ماوه‌ی به‌ریتانیا دێته‌ ناوچه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانی گازی سروشتی ده‌كات هه‌ندێك شتمان نیشان بدات؟ بزانین به‌ریتانیا ئه‌و هێزه‌یه‌ له‌عێراق كه‌ هه‌موو گۆرانكاریه‌كانی پێوه‌ ده‌به‌ستێرێته‌وه‌ یان ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ عێراق سنوورداره‌؟

بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ریتانیا ئابووری له‌ كوردستان به‌هێز بكات، ده‌بێت هاوكیشه‌ی كوردستان و عێراقیش له‌هه‌ندێك روه‌وه‌ راست بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر روویدا، پێویستی به‌ پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن خودی به‌ریتانیاوه‌. دۆخی شه‌نگال و هه‌ره‌شه‌ی میلیشیاكان و پرسی پێكهێنه‌هێنانی حكوومه‌تی عێراق و دۆخی ناوچه‌كانی سنووری ماده‌ی 140 و پرسی په‌كه‌كه‌ ته‌حه‌دای گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ش پرسیاری جدین ده‌بێت خۆیان وه‌ڵامم بده‌نه‌وه‌، خۆ ناكرێت ئابووری گه‌وره‌ی به‌ریتانیا له‌ كوردستان به‌گه‌ر بخرێت له‌م لاشه‌وه‌ موشه‌ك ئاراسته‌ی هه‌ولێر بكرێت؟؟ به‌ریتانیا دوای ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌رچوو ئێستا خاوه‌نی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی كه‌وایه‌ گرنگه‌ شتێك ببینن له‌وه‌ی به‌ریتانیا جیاوازی خۆی ده‌ریخات به‌به‌راودی سیاسه‌تی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له‌ عێراق و كوردستان.

دووه‌م: له‌پرسی بابه‌تی گازی سروشتی مقۆمقۆیه‌ك هه‌یه‌ له‌ ناو كوردستان كه‌ یه‌كێتی به‌دیاریكراوی رێگره‌ له‌پرسی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی گازی سروشتی، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت ئه‌م پرسه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ چوار چیوه‌ی دووحزب یان زیاتر گه‌وره‌تریشه‌ له‌ ململانێی حزبی پارتی و یه‌كێتی بۆ؟ چونكه‌ خواستێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌، و ناكرێت به‌عه‌قڵیه‌تێكی بچوكه‌وه‌ رێگری له‌و پرۆسه‌ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌پرسی نه‌وتی كوردستان ئاسته‌نگ و رێگری زۆر هه‌بوون، به‌تایبه‌ت له‌به‌غداوه‌ كه‌ تائێستا 23 داوای یاسایی تۆمار كراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆه‌سه‌ به‌ڵام دواجار نه‌یان توانی بگه‌نه‌  ئامانج بۆ؟ چونكه‌ بابه‌تی نه‌وتی كوردستان بوه‌ته‌ ئه‌مری واقع یان به‌غدا ده‌بێت به‌ گفتووگۆ و ده‌ركردنی یاسایی نه‌وت و گاز چاره‌سه‌ری بكات یان ویستی نه‌وتی كوردستان گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی رێگری بۆ دروست بكرێت بۆ گازه‌كه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌. به‌ڵكو پرسه‌كه‌ گه‌وه‌رتریشه‌ چونكه‌ هاوكێشه‌ی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناودایه‌ و خودی یه‌كێتی و هاوپه‌یمانه‌كانیشی ده‌بێت قوڵتر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن.

سێیه‌م: پرسی هاوپه‌یمانی پارتی و به‌رێز موقته‌دا سه‌در و سوننه‌كان، جۆرێك له‌ گۆڕانكاری سیاسی بوو له‌ عێراق بۆچی؟ چونكه‌ له‌ 18 ساڵی رابردوو هیچ كاتێك زۆرینه‌ی شیعه‌ و سوننه‌ و كورد به‌یه‌كه‌وه‌ هاوپه‌یمان نه‌بوون، به‌ڵكو زیاتر رێككه‌وتن بوو له‌نێوان ماڵه‌كانی خۆیان، ویستی عێراق پێویستی به‌و گۆرانكاریه‌ بوو، ئێستا ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ زۆرینه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی 200 كورسییه‌ قسه‌ی خۆی ده‌كات، و پیشنیاری خۆی ده‌خاته‌روو، موقته‌دا سه‌در له‌ 40 رۆژی رابردوو وه‌ك ته‌حه‌دایه‌ك داوای له‌ چوار چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرد كه‌ بریتییه‌ له‌ (نووری مالیكی و هادی عامری و حه‌یده‌ر عه‌بادی و عه‌ممار حه‌كیم و یه‌كێتی نیشتیمانی) كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا حكوومه‌ت دروست بكه‌ن چوار چێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نه‌یتوانی ئه‌وه‌ بكات 3 رۆژه‌ موقته‌دا سه‌در، مۆڵه‌تی 15 رۆژی داوه‌ته‌ 40 په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێك دیاری بكه‌ن ئه‌وانیش پشتیوانی ده‌كه‌ن.

 بۆیه‌ ئێستا سه‌ربه‌خۆكان له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین ته‌حه‌دادان چونكه‌ ئه‌وان ده‌توانن به‌پشتیوانی سێ كوتله‌كه‌ (سه‌در و سوننه‌ و پارتی) حكوومه‌ت دروست بكه‌ن و پرسی سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆكان نه‌یان توانی ئه‌وه‌ بكه‌ن. عێراق ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ر. یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت كه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ كۆتایی به‌ پرسی سه‌ربه‌خۆكان دێت. دووه‌م: ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ش نه‌كرێت عێراق تووشی گرفتی گه‌وره‌ ده‌بێت، چونكه‌ هیچ یه‌كێك له‌ سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆماری عێراق ناتوانن به‌م شێوه‌یه‌ شه‌رعیه‌ت به‌خۆیان بده‌ن به‌م هۆیه‌وه‌ گرنگه‌ سه‌ربه‌خۆكان تا ئه‌و ماوه‌ی له‌به‌رده‌میانه‌ خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.