مەسرور بارزانی لە لەندەن، گوتارێکی نوێ بۆ سەرەتایەکی نوێ
گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە چاتهام هاوسی لە لەندەن، بە قەبارەی فراوانی رەهەندەکانی و خستنەڕووی نەخشە رێگایەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کێشە کەڵەکەبووەکانی عێڕاق بە تایبەتی، دەنگدانەوە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا نەهێنا، رەنگە هۆکارەکەش لە ناوەڕۆکی پێشنیارەکان بێت کە پێشنیاری نوێ لە خۆ دەگرن، هەروەها لە جورئەتی خستنە روویان بێت. بە دڵنیایەوە قسەکردن دەربارەی پێشنیار و خستنەڕووێکی لەو شێوەیە بۆ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و ناوەندە فەرمیەکان کاتی دەوێ، هەر وەک سەرۆک وەزیر مەسرور بارزانی لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئەوەی بە ئامادەبووان راگەیاند کە ئەوە تەنها دەستپێکردنی گفتوگۆیەکەی بەرهەمدارانەیە بەو هیوایەی بەردەوامی هەبێت " دڵخۆشم بهوهی توانیبێتم گفتوگۆیهكی بهرههمدارانهم دهستپێكردبێت، بهم هیوایهی ببێته ههوێنی گفتوگۆی زیاتری نێوان داڕێژهرانی سیاسهت و بیرمهندان لهم ژووره و له ههر شوێنێكی دیكه بێت".
لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی جگە لە ناوەڕۆکەکەی، دوو لایەنی دیکەی گرنگی لە خۆ گرتووە، شوێنکاتی گوتارەکە و واقیعی ئێستا و مێژووی عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵ دەدەین لە سەر ئەو سێ ئاستە شڕۆڤەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
شوێنکاتی گوتارەکە:
شوێن و کاتی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە لە هەوڵدان بۆ شڕۆڤەکردنی گوتارەکە، ئەو شوێنەی گوتارەکەی تێدا پێشکەش کرا وەک مەسرور بارزانی لە سەرەتای قسەکانیدا وەسفی کرد، ناوەندێکی گرنگ و سەرچاوی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیایە " سهدهیهك زیاتره چاتام هاوس سهرچاوهی سیاسهتی دهرهوهی شانشینی بهریتانیا بووه و كاریگهریی و تێگهیشتی زیاتری ههبووه لهسهر دهرهوهی ئهم سنووره" لێرەدا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە سەرنجی ئامادەبووان بۆ ئەوە رابکێشێ کە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا، بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان تا چەند سەرکەوتوو بووە، لەوەش گرنگتر ئەو میللەت و کۆمەڵانەی لە ناو ئەو جوگرافیایانە دا دەژین تێڕوانین و بۆچوونیان دەربارەی بڕیارە سیاسیەکانی بەریتانیا چۆنە، ئەو بڕیارانەی ژیان و ئایندەی ئەوانی بە شێوەیەک داڕشتووە کە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی بەریتانیا سنووری نێودەوڵەتی بۆ کێشاون، کوردستان وەک نیشتیمانێکی پارچەکراو، کە یەکێک لە پارچەکانی بە لکاندنیەوە بە پارچەیەکی دیکەی جوگرافی کە نە رەگەز و رەسەن و نەتەوە و زمان و کەشوهەواو و پێکهاتەی جوگرافی نایانگەینێتەوە یەکتر، تەنها بڕیارێکی سیاسی وڵاتانی زلهێزی ئەو سەردەم (بەریتانیای مەزن و کۆماری فەڕەنسا) نەبێت.
زۆر کەس و ناوەند بۆ ئەوە دەچن کە دوای رووداوەکانی یازدەی سپتەمبەری ساڵی 2001 کە نەخشە رێگای (رۆهەڵاتی مەزن) بووە باسی گەرمی ناوەندە فکری و سیاسیەکان، هەروەها دوای ئازادکردنی عێڕاق لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتڕاکی، رۆلێ بەریتانیا بەرەو لاوازی چووە و ئەمریکا کە سەرکردایەتی پڕۆسەی ئازادی عێڕاقی کردووە، تا ئەو دوایانە و بە تایبەتر دوای دەرکەوتنی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق، کە لە سەر ئاستی گوتاری میدیایی و سیاسی، باسی رۆڵ و کاریگەری بەریتانیا کرایەوە، لە وێنەکردنی سیاسەت و ئایندەی عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئەو رادەیەی دەگوترێ بەریتانیا بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، هەروەها میرنشینی ئیماڕاتی عەرەبی بە نوێنەرایەتی هێزە ئیقلیمیەکان دۆسیەی عێڕاق بەڕێوە دەبەن، لەو چەند مانگەی رابردووش ئەوەمان بینی کە بەرپرسانی کوردستان بە تایبەتی سەرۆک وەزیران چەند جارێک سەردانی ئیماڕاتی کردووە، هەروەها بەرپرسانی بەریتانیاش بە ئاستی جیاواز سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگای بایەخێکی یەکجار گەورەی بەریتانیایە و مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا ئەوەی بە روونی باسکرد و هەر وەک چۆن بۆ هەرێمی کوردستانیش بڕیار و بۆچوونەکانی بەریتانیا هەمان بایەخی گرنگیان هەیە "لێرهدا ئهم دهرفهته دهقۆزمهوه تا ئهمڕۆ قسهتان بۆ بكهم و تاووتوێی رووداوهكانی ههرێمهكهمان، ههرێمی كوردستانی عێراق و رۆژههڵاتی ناوهڕاست بكهم، كه بهشێكن لهو جیهانهی كه له دهیه نزیكهكانی رابردوو، پانتاییهكی زۆری له كار و كاتی ئێوه گرتووه، دڵنیاشتان دهكهمهوه كه ئهمه بۆ منیش راسته".
لە رووی کاتەوە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو فاکتەرە کردوە، لە رێگای باسکردنی ئەو ئاڵۆزیە سیاسیەی بەرۆکی ئێستا و ئایندەی عێراقی گرتووە، هەروەها لە ڕێگای بەستنەوەی بەو بڕیاری بەریتانیا بە هاوبەشی فەڕەنسا کە عێڕاقیان وەک دەوڵەتێک لە دەرەوەی بڕیار و ئیرادەی خەڵکەکەی(لایەنی کەم خەڵکی کوردستان)دروست کردوە، ئەو عێڕاقەی زیاتر لە سەت ساڵە کە نەتواندراوە بکرێتە ناسنامە و خەمی هاوبەشی ئەو میللەتانەی لە ناو سنوورەکانی دەژین، هەروەها نەتواندراوە وەک زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەهەمان لۆژیک و لێکدانەوە دامەزراون، لە خزمەت سیاسەتی وڵاتانی زلهێز و لە دژی بەرژەوەندی ئەو گەلانەی ناچارکراون لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەزۆر سەپێندراو بژیێن.
هەروەها مەسرور بارزانی لە رێگای گوتارەکەی و گێڕانەوەی مێژووی چەند ساڵی رابردوو لە هەبوونی مەترسی تیرۆر و شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەموو هاوکێشە و تێگەیشتنەکانی بەرەواژی کردنەوە و جارێکی دیکە سەرنجی جیهانیان بۆ ئەوە راکێشایەوە کە تەنها بە راستکردنەوەی هەلەکانی رابردوو دەتواندرێ بە گژ ئەو گرفتە رژدانە دابچینەوە، "ئهو هۆكارانهی توانا و وزهیهكی زۆری ئێمهیان برد، پێكهاتبوون له داعش، كۆچی به كۆمهڵ، ئاوارهبوون، چهوساندنهوه تاڕاددهیهك، یان له خراپترین بارودۆخ له شێوازی كۆنتڕۆڵكردندان، ئێستا شیاوی ئیدارهیهكی باشترن. من له هۆكارهكانی بهردهم ئهو دهرهنجامانهی تێدهگهم، بهڵام لهگهڵ رێزمدا، بهوپهڕی رژدییهوه لهگهڵیان ناكۆكم، دوور له سهردێری ههواڵهكان، هێشتا رۆژههڵاتی ناوهڕاست ئهگهری ئهوهی ههیه جارێكی دیكه گڕ بگرێت و ببێته هۆی ململانێ و كێشهیهكی دیكهی جیهانی". ئێستا کە هەمان مەترسی و بگرە گەورەتر پەڕیوەتە ناو جەرگەی ئەوروپا و مەترسی لە سەر ژیان و ژیاری دانیشتوانی کێشوەرێک دروست کردووە، لە هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆکڕانیا، خەریکە جارێکی دیکە جیهان بە سەر دوو بەرەی تەواو دژ بەیەک دابەش بکاتەوە، هەر ئەوەشە وامان لێدەکات کە لێکەوتەکانی شەڕی روسیا و ئۆکڕانیا لە لێکەوتەکانی شەڕی تیرۆر بە مەترسیدارتر بزانین، چونکە لە شەڕی تیرۆر هەموو جیهان بە هەموو جیاوازی و ناکۆکی و ململانێکانیانەوە بوونە بەرەیەک و لە دژی رێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام (داعش) جەنگان.
ئەوەی جێی سەرنج و لێوردبوونەوەی پترە و پێویستە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژەران بایەخی زۆری پێبدەن، لە دەست نیشان کردنی خاڵی هاوبەشە لە کۆتایی نەهاتنی کێشەکان، کە دەکرێ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکڕانیای تێدا کورت بکەیەوە، کە کێشە بنچینەیەکە خۆی دەبینێتەوە، لە کێشانی ئەو سنوورانەیە کە لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بە هەڕەمەکی بەبێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی گەلانی ناوچەکە و بێ بەری کردنیان لە بڕیار و لەبەرچاونەگرتنی ئیرادەیان لە بڕیاردان لە چارەنووسیان "لهو كاتهی جهنگ له ناوهڕاستی ئهوروپا تهشهنه دهكات، ئاماژهی دابهشبوون و جهمسهرگیری جیهانی روونن، به ههمان شێوه وا بهدهردهكهوێت كاروانی رووداوهكان له ناوچهی ئێمهوه له رۆژههڵاتی ناوهڕاست بهردهوامه، وهك بڵێی پهیوهندییان نهبێت بهم رووداوانهی له ناوچهكانی دیكهوه روودهدهن. دوای چهندین نهوه له جهنگ و ههڵگهڕانهوه و كودهتا و كارهسات، ئێسا نۆرهی كیشوهرێكی دیكهیه بۆ ئهو رووداوانه".
مەسرور بارزانی لە سوود وەرگرتن لە شوێنکاتی گوتارەکە لە تیشک خستنە سەر لایەنی دیرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ بەستنەوەیان بە رووداوەکانی ئێستا، مەبەستی سەرەکی و خاڵی هەرە گرنگی لەوە دەست نیشان کرد، کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەشی پێکدەهێنا بۆ بەریتانیا کە لە باڵاترین ئاستی وڵات و بە شیاوترین پڕۆتۆکۆل پێشوازی لێکرا، بە هەمان تەدارەک و پڕۆتۆکۆلی پادشا و سەرۆک وڵاتانی جیهان. ئەو خاڵەی کە مەبەستی مەسرور بارزانی بوو سەرنجی بەریتانیا و لە رێگای بەریتانیاشەوە سەرنجی جیهانی بۆ رابکێشێت، تەماشاکردنی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانە، هەروەها پێداچوونەوە بە مێژووی چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ کردنی، لە شڕۆڤەکردنی ناوەڕۆکی گوتارەکە لە سەر چەند ئاستێکی جیاواز تیشکی دەخەینە سەر.
گوتاری پێداچوونەوە وەک سەرەتایەکی نوێ
لە تیکڕای گوتارەکەی مەسرور بارزانی، کە دەکرێ وەک وەچەرخانێک لە فکری سیاسی کوردی لێی وەرد بیەوە و بەرخوردی لەگەڵ بکەی، بە تایبەتی لە سەر ئاستی باشوری کوردستان(کوردستانی عێڕاق)، چونکە داخوازیەکانی لە سەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بردە ئاستێکی دیکە، کە لە ئاستی ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدا دەژیێین جیا دەکاتەوە، ئەویش بە پێشنیار کردنی هێشتنەوەی دەوڵەتی عێراق بە یەکگرتوویی بە گۆڕینی سیستەمی حوکم لە فیدڕالیەوە بۆ کۆنفیدڕالی، کە لە ڕێگەیەوە دەکرێ عێراق وەک دەوڵەت و نیشتیمانێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو نەتەوەی سەرەکیەکەی ( کورد و عەرەب) بنیات بندرێتەوە، لە رێگای گەڕانەوە بۆ ئەو راستەقینە مێژووییەی کە عێراق وڵاتێکی بە زۆر لێکدراوە، پێک دێت لە دوو نیشتیمانی جیاواز کە دوو ناو و مێژوو و کلتور و دابە و نەریت و ئاوهەوا و جوگرافیای جیاوازیان هەیە، یەکیان کوردستانە و ئەوەی دیکەشیان کە عەرەبستانە. کە هەولێر ناوەندی بڕیاری کوردستانە و بەغداش ناوەندی بڕیاری عەرەب بووە بە درێژایی مێژووی دروست بوونی دەوڵەتی عێراق و ناوەندێک بۆ بڕیاردان لە سنووردارکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان تا دەگاتە رادەی ئینکاری کردنە و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە رێگای سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن و جینۆسایدکردنی کورد، بۆیە دوورکەوتنەوەی بەغدا لە مەرکەزیەت جۆرێک لە دڵنیایی دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان بۆیە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەوە پیشنیار دەکات:"به لهبهرچاوگرتنی ئهو كێشانهی ئاماژهم بۆ كردن، پێویسته ههولێر و بهغدا بیر له رێگهچارهی دیكه بكهنهوه. بههۆی ئهو مێژووه ناوهندگهراییهی له بهغدا ههیه، كه ههرگیز ئهو راستیه دهستوورییهی قهبووڵ نهكردووه كه حكومهتی ههرێمی كوردستان، وهكو دهسهڵاتی رهها له كوردستان قهبوڵ بكات، له نێوانیشیان، ئاسایش، باج، ژێرخان و سهرچاوه سرووشتییهكان".
ئەوەش سەردەبات بۆ خاڵێکی دیکەی گرنگ کە دەکرێ وەک بناغە و دەستپێکی گۆڕانی سیستەمی حوکم لە عێڕاقدا تەماشا بکرێ، ئەویش لە گۆڕینی تێڕوانین و بۆچوونی بەریتانیایە لە سەردەری کردن لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باوەڕ بوونی بە هەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی(حکومەتێکی مەرکەزی) هەروەها کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند(مەرکەز)، ئەو تێڕوانینەی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق کە سەت ساڵی تێپەڕاندووە، وەک مۆدێلێکی شکستخواردوو، تەنها بۆتە مایەی هەبوونی ژمارەیەک وڵاتی شکستخواردوو لە سەر هەموو ئاستەکاندا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هەست کردن بە هاوڵاتی بوون یان هەست کردن بە ئارامی و ئاسایش، کە مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا بۆ دەستپێکەکەی دەیگەڕێنێتەوە کە بە دەست پێکێکی خەوشدار ناوی دەبات "دهرهنجامی ئهو دهستپێكه خهوشدارهش بووهته هۆی ئهوهی دۆزینهوهی چارهسهر له چوارچێوهی بیرۆكهی دهوڵهت - نهتهوه ئهستهم بێت. ئهو وڵاتانهی له رۆژههڵاتی ناوهڕاست سهركهوتووبوونه له دابینكردن و بووژاندنهوهی ئابووری و پێشكهوتنی كۆمهڵایهتی و پاراستنی سنوورهكانیان و ئاشتهوایی لهگهڵ دراوسێكانیان، نموونهی زۆر دهگمهنن. به هیچ شێوهیهك پێویست ناكات شهرم لهوه بكهین كه بڵێین عێراق یهكێك نییه لهو وڵاته دهگمهنانه". گۆڕینی تێڕوانینی بەریتانیا لەو بارەیەوە گرنگە لە بەر دوو هۆکار: یەکەمیان، چونکە خۆی ئەندازیاری دروستکەری ئەو دەوڵەتەیە کە ناوی لێندراوە عێراق. دووەمیان، هەموو وڵاتانی دیکەی زلهێز و خاوەن بڕیار کە دەتوانن کاریگەریان هەبێت لە سەر گۆڕینی هاوکێشەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا، کە خاوەندی هەبوونێکی بەهێزی سیاسی و ئابوری و سەربازیە لە تیکڕای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رەنگە چەقی هەبوونەکەی لە عێڕاق بێت بە تایبەتی لە هەبوونی ژمارەی سەرباز و بنکەی سەربازی و تێکەڵاو بوون لەگەڵ پێکهاتەکان و پڕۆسەی سیاسی، لەوانەش گرنگتر عێراق بۆتە مەیدانی یەکلایی کردنەوەی هەبوونی هێز و دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، کە ئێران لە دوای روخانی رژێمی بەعس هەبوونێکی کاریگەری هەیە تا رادەی هەبوونی توانا لە یەکلایی کردنەوەی پرسە گرنگەکان بە گوێرەی خواستی خۆی، یان لایەنی کەم رێگەی نەداوە زۆربەی بڕیارە گرنگەکان لە دژی ئەو وەربگیرێن، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێڕاق زیندووترین نموونەیە بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران.
گۆڕان لە تێڕوانینی بەریتانیا لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی عێراق و هاوبەشی کردنی پێکهاتەکانی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، واتا گۆڕانکاری لە تێڕوانینی ئەمریکا و ئەوروپا دەربارەی هەمان پرس، واتا گۆڕینی فەلسەفەی دەوڵەتداری لە عێڕاق لە دەوڵەتێکی یەک ناوەند بۆ دەوڵەتێکی فرەناوەند، ئەوەش لەگەڵ بۆچوونی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا جۆ بایدن تەواو یەکانگیرە، کە خاوەندی بیرۆکەی عێڕاقە بۆ سێ هەرێمی فیدڕالی کە دەکرێ بگۆڕدرێ بۆ سێ هەرێمی کۆنفیدڕالی.
رەنگە زۆر کەس بە تایبەتی رکابەرە سیاسیەکانی مەسرور بارزانی بابەتێکی گرنگ لەو بارەیەوە بوروژێنن، بۆ لێدان لە بۆچوون و پێشنیارەکەی مەسرور بارزانی و هەوڵدان بۆ لێ کەمکردنەوەی گوتارەکەی، بەوەی کە کەمتر لە پێنج ساڵ بەر لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە چاتهام هاوس، حیزبەکەی مەسرور بارزانی کە باوکی سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، رابەرایەتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستانیان کرد، کە تێیدا زیاتر لە %92 خەڵکی کوردستان ( هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان) دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی، چۆن دەکرێ لە مافی سەربەخۆیی تەنازول بکرێ و پێشنیاری سیستەمی کۆنفیدڕاڵی بکرێ بە مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا.
دەکرێ بپرسین، ئایا لە فیدڕالیەوە چوون بۆ کۆنفیدڕالی پاشەکشێ کردنە لە ئامانجی سەربەخۆیی یان نزیک بوونەوەیە لێی؟ سادەترین پێناسەی کۆنفیدڕالی ئەوەیە، (لە چوارچێوەیەکی سیاسی و دامەزراوەیی نێوان وڵاتانە کە بە ئارەزووی خۆیان بڕیاری لێدەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ لایێکیان دەستبەرداری سەروەریە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خۆیان بن، لە سیستەمی کۆنفیدڕالی لایەنەکانی ئابوری و دارایی و گومرگ و سنوورەکان یەک دەخرێن، هەروەها لە سیستەمی کۆنفیدڕالی بڕیارەکان وێکرا دەدرێن، ئەگەر یەکێک لە حکومەتەکان هەستی کرد کە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی ئەو نیە، ئەوە دەتوانێ پێگیر نەبێت پێیەوە)، لە بەردەم سیستەمی کۆنفیدڕالی دوو بژاری سیاسی هەیە، یەکەمیان پێکەوە مانەوە، دووەمیان جیا بوونەوە، سەرکەوتنی ئەزموونەکە و گەشەکردنی وڵات و کۆمەڵگە و باشتربوونی دۆخی ژیانی و ژیاری خەڵک ئەزموونەکە بە یەکگرتووی دەهێلیتەوە وەک نموونەی سویسڕا، ئەگەر ئەوانەش رووینەدا بە ئاراستەی مۆدێلی بەلجیکا دەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2007 دەوڵەتی بەلجیکا تووشی قەیرانێکی توند بوو، کە وڵات بۆ ماوەی نۆ مانگ بەبێ حکومەت مایەوە، بەهۆی هەبوونی ناکۆکی لە نێوان هەردوو هەرێمی فیلاندەر(بە هۆلەندی دەئاخفن) و هەرێمی والۆنی فرانکۆفۆنی کە (بە فەڕەنسی دەدوێن)، ئەوە قەیرانەش لەوە سەرچاوەی گرت کە باکوریەکان(هەرێمی فیلاندەر) ئەوانەی دیکەیان بە دەستگرتن بە سەر دەسەڵات بڕیار تۆمەتبار دەکرد، لە ساڵی 2010 کێشەکان توندتر و گەورەتر بوون، کە بۆ ماوەی هەژدە مانگ وڵاتی بێ حکومەت کرد، هەردوو هەرێمەکە بە ئاراستەی لێک دوور کەوتنەوە جیابوونەوە هەنگاویان نا لە بەکارهێنانی زمانی فەرمی و ئاراستەی سیاسی دەوڵەت و بناغەی ئابوری، ئەو کێشانە تا ئیستاش ماوە و رەنگە ئەو وڵاتە بە ئاراستەی جیابوونەوەی ئاشتیانە بڕۆن کە هیچ شتێکی هاوبەشیان لە نێواندا نەمێنی جگە لە ئەندام بوونیان لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوەش لایەنێکی گەش و باشی سیستەمی کۆنفیدڕالی نیشان دەدات کە دەرفەت بە میللەتان دەدات بە ئاشتیانە لەیەک جیاببنەوە، وەک ئەوەی لە نێوان چیک و سلۆڤاکیەکان لە ساڵی 1992 رویدا و ناویان لێنا جیابوونەوەی ئاشتیانە.
ئەو پێناسە و هەبوونی ئەو جۆرە مۆدێل و دەرفەتەی لە بەردەم پێکهێنەران و بەشدارانی سیستەمی کۆنفیدڕالی دا هەیە، هەرگیز ئەو سیستەمە پاشەکشێ نیە لە مافی سەربەخۆیی بەڵکو نزیک بوونەوەیە لەو مافە بە رەچاوکردنی باردوخۆی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کە هەوڵدەدەین لە روانگەی گوتارشیکاریەوە بۆ گوتارەکەی مەسرور بارزانی کە لە چاتهام هاوس پێشکەشی کرد تیشک بخەیەنە سەر هەر سێ ئاستەکە، و چۆنیەتی بەرجەستە کردنیان لەو گوتارە هەروەها چۆنیەتی ئاراستەکردنی گوتارەکەش لە سەر هەر سێ ئاستدا:
لە سەر ئاستی ناوخۆیی:
مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا، عێراقی وەک جوگرافیا بە هەردوو بەشەکەیەوە (هەرێمی کوردستان) و (بەشی عەرەبی عێڕاق) بە یەک ئاست هەژمار کردووە، وەک ئاستی ناوخۆیی بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز گوتارەکەی دابەش کردووە و هەر بەو شیوەیەش گوتارەکەی ئاراستە دەکات، گوتاربێژ کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە هەرێمێکی فیدڕالی دانپێدانراوە لە ناو دەستوری هەمیشەیی عێڕاق کە لە ساڵی 2005 زیاتر لە %80 خەڵکی عێڕاق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەنگی پێدا، تاکە هەرێمێکی فیدڕالیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە سەر بناغەی نەتەوەیی و نیشتیمانی دامەزاروە، کە مەسرور بارزانی دەتوانێ بەناوی ئەوان و نوێنەرایەتی ئەوان قسە بکات و پیشنیار و چارەسەریەکان لە روانگەی قەوارەی دەستوری کوردستان پێشکەش بکات، ئەوەش بە روونی بە ئامادەبووان رادەگەینێ کە ئەو وەک کوردێک لەو مینبەرە قسە دەکات کاتێک دەڵێ:"من لێره وهك كوردێك قسهتان بۆ دهكهم" بەڵام هەر لە تەواو کردنی ئەو دێڕەیدا ددان بەوە دادەنێ کە ناتوانێ بەناوی عێراقیەکان قسە بکات هەرچەندە ئەو هیوایە دەخوازێ:"هیوادارم بتوانم دهنگی عێراقییهكانیش بگهیهنم، خوازیاریشم بهم شێوهیه بێت". لەو گوزارشتانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەبووان لەوە تێدەگەن کە عێراق لە دوو بەش و ئاراستە و دونیابینی پێکهاتووە، کە تەنها هیواخواستن و خۆزگە لە نێوانیاندا هاوبەشە، کە تەمەنی ئەو خۆزگە خواستنە بە ژیان و گوزەرانێکی باش سەت ساڵ لە مێژوو و تەمەنی عێڕاقیەکان تێپەڕی بەبێ ئەوەی رۆژێکی خۆش لە ژیانیان ببینن و دوای سەت ساڵیش لە تەمەنی دەوڵەتەکەیان هیچ ئومێدێکیان بە ئایندەی وڵاتەکەیان نیە، کە سبەیان لەمڕۆ باشتر بێت.
لە گوتارەکەی مەسرور بارزانی شکستهێنان لە دروست کردنی پەیوەندیەکی دروست لە نێوان بەغدا و هەولێر کە بناغەکەی دەستور بێت بە روونی دیارە، چونکە بەغدا هێشتا درێژکراوەی ئەو مێژووە خوێناویەیە کە کوردی وەک میللەت تێدا جینۆساید دەکرا و کوردستانی وەک نیشتیمان تێدا خاپوور و سووتماک دەکرا، بۆیە کورد تا ئێستاش نەیتوانیەوە باوەڕ بەوە بهێنی کە بەغدا بەرژەوەندیەکانیان لە بەرچاو بگرێ:" ئێمه له كوردستان ههرگیز نهگهیشتووینهته ئهو بڕوایهی كه بهغدا له دڵهوه بهرژهوهندییهكانی ئێمه رهچاو دهكات، له ساڵهكانی دوای رژێمی سهددام، زۆربهی رێككهوتنهكان كه لهگهڵ برایانمان له پهرلهمانی فیدرالی گفتوگۆمان لهسهر كردووه، پێویستمان به چاودێری ورد ههبووه، تا دڵنیا بین لهوهی بهرژهوهندییهكانمان لهبهر چاو دهگیرێن". بە بڕوای مەسرور بارزانی کە بڕوای زۆرینەی گەلی کوردە، عێڕاق لە دامەزراندنیەوە تا بە ئێستا دەگات، گیرۆدەی هەمان کێشەیە کە بۆتە مایەی زیاتر لێک دوورکەوتنەوەی پێکهاتەکانی و زیاتر خۆپاریزی لەیەکتر، هەروەها زاڵبوونی پێناسەکانی دیکەی وەک پێناسەی نەتەوەیی و مەزهەبی بەسەر پێناسەی عێراقی بوون، بە شێوەیەک تا ئێستا نەتواندراوە کەسایەتی و عەقلیەتێکی عێڕاقی گشتگیر دروست بکرێت، کە هەمووان لەناویدا هەست بە بوون و پێگەی خۆیان بکەن و کەڕامەت و مافەکانیان تێدا پارێزراو بێت، بۆیە مەسرور بارزانی بانگ لە عێراقیەکان(عەرەبەکان) دەکات بە هەردوو لایەنەکەیەوە (شیعە و سوننە) کە ئەوانیش هاوکار بن لە تاقی کردنەوەی رێگایەکی دیکەی جیاواز لەو رێگایەی کە زیاتر لە سەت ساڵە تاقی کراوەتەوە، رێگای ئەوجارە مایەی یاشتەوایی و رەوانەوەی ترس بێت هەروەها رێگای بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر بێت:"دهمهوێت به برایانم له ئهنبار، بهسره، مووسڵ، نهجهف و بهعقووبه بڵێم، كاتی ئهوه هاتووه كارهكان به شێوهیهكی جیاوازتر ئهنجام بدهن، ههموومان شایهنی ئهوهین به ئاشتهوایی لهگهڵ یهك بژین، له بری ئهوهی ناچاری دژایهتی و رقهبهرایهتی بین و ترسمان له داهاتوومان ههبێت".
مەسرور بارزانی بۆ سەرکەوتن لە تاقی کردنەوەی رێگایەکی نوێ، لە پیناو دەست پیکردنەوەیەکی نوێ، یەکەمجار بۆ عێڕاقیەکان (شیعە و سوننە) پێشنیاری دابەشکردنی دەسەڵات دەخاتە روو، بە ئارستەی خۆبەڕێوەبەری کە خۆی لە نا ناوەندێتی دەوڵەت دەبینێتەوە:" پێویسته به شێوهیهكی مانادار دهسهڵات دابهش بكهین، كه ئهم رێگهیهش بۆ ههمووان باشترینه. پێویستمان بهوهیه به ئاراستهی خۆڕێبهری كار بكهین، چونكه ئێستا له جێبهجێكردنی سیستهمی فیدرالی، كه دوای رژێمی له كارلادراوی سهددام حوسێن كاری پێدهكرێت، شكستی هێناوه". بە بڕوای مەسرور بارزانی خاڵی دەست پێکردنی ئەو قۆناغە نوێیە دوو چەمک و دەستواژەی پێویستە کە ببنە بناغەی گوتاری هاوبەشی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ ئەوانیش راستگۆیی و راشکاوییە، بەو شێوەیە ئەو چەمکانەیان بۆ شی دەکاتەوە:" ئێستا كاتی ئهوه هاتووه، زۆر راشكاو و راستگۆیانه له بارهی داهاتوو و پێشهاتهكان گفتوگۆ بكهین"، لە کۆتایی پەیامەکەشیدا بۆ ناوخۆی عێراقی مەسرور بارزانی تاکە رێگەی پێکەوە مانەوە و مسۆگەر کردنی ژیان و داهاتووێکی باشتر و گەشتر تەنها لە چەمکی (هاوبەشی) بوون دەبینێتەوە کە بە کلیلی کردنەوەی هەموو دەرگاکان و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دادەنێت، کە دەست نەگرتن فاکتەری هاوبەشی تەواو پشت گوێخستنی لەلایەن کاربەدەستانی بەغدا کێشەکانی عێڕاق بە تایبەتیی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوقێکی ئاگرین لە ملی عێڕاق و لێی نابێتەوە، دەرفەتی چارەسەریش کە بەردەم هەمووان ماوە تەنها بە گۆڕینی سیستەمی حوکمە بۆ سیستەمێکی کۆنفیدڕالی رێز لێگیراو و قبوڵکراو لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە، کە ئەوەش بە گوێرەی بۆچوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەچەکردن و بێهێزکردنی عێڕاق ناگەیەنێ بەڵکو پێچەوانەکەی راستە:"دهمهوێت لێره دڵنیایی بدهمهوه ههموو ئهوانهی پاڵپشتی لهو بۆچوونە دهكهن كه ئێستا من قسهی لهسهر دهكهم، ئهمهش ئهوه ناگهیهنێت عێراق له ههموو دهسهڵاتهكانی دابماڵرێت. له ههمان كاتدا ئهوهش ناگهیهنێت سنووره نیشتمانییهكان ههڵبوهشێنرێنهوه، بهڵكو ئهمه زیاتر ناناوهندیكردنه له بڕیاردان (لامهركهزی) پێویستی به بیركردنهوهی جددی ههیه، پێموایه یارمهتیدان له بڕیاردان له چارهنووس بهو شێوازهی من بۆی دهچم، دهتوانێت ببێته كۆڵهكهی بنیاتنانی دهوڵهت".
لە کۆتایی قسەکانیدا کە ئاراستەی عێڕاقیەکانی دەکات مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو باسی دابەشبوونی عێڕاق ناکات و ئەوە بەشێک نیە لە تێهزرینی ئەو، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵدانە بۆ رەخساندنی دەرفەتێکی دیکە و تاقی کردنەوەی مۆدێلێکی دیکەی حوکمڕانی کە لە جێگای دیکە و لەلایەن میللەتانی دیکە تاقی کراوەتەوە کە بۆتە مایەی خێر و خۆشی بۆیان:" کە ئهو مۆدێڵهی كه له هزری مندایه، واتا دابهشبوون ناگهیهنێت، ئهمه راگوزهرێكی تهواوه له دهسهڵات له پێناو متمانه و پێكهوهژیانی بهردهوام، مۆدێڵی كۆنفیدرالی له شوێنهكانی دیكهی جیهان ههن، كه بوونهته هۆی دروستبوونی كۆمهڵگهی گهشهسهندوو، خۆبهڕێوهبهر، كه له ههمان كاتدا به شانازییهوه لهژێر یهك درووشمدان".
لە سەر ئاستی ئیقلیمی
بە لە بەر چاوگرتنی هەڵوێستی زاندراوی ولاتان لە سەر ئاستی ئیقلیمی، بە تایبەتی ئەو ولاتانەی بە داگیرکەری کوردستان هەژمار دەکرێن کە عێراقیش یەکێکە لەوانە کە پێک دێن لە (ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق)، کە هەرگیز دژایەتی کردنیان نەشاردۆتەوە بۆ دروست بوونی هەر قەوارەیەک بۆ گەلی کورد، ئەو چوار دەوڵەتە بۆ ماوەیەکی درێژ کۆمیەی هەماهەنگیان هەبوو لە سەر ئاستی وەزیرانی ناوخۆیان، بۆ رێگری کردن لە بەروپیشچوونی پرسی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکانیان، بۆیە مەسرور بارزانی لە ئاراستە کردنی گوتارەکەی بۆ ئاستی هەرێمایەتی کە جگە لەو چوار دەوڵەتە، وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە کە زۆربەیان وڵاتانی عەرەبی سوننەن، کە دراوسێی عێڕاق(کوەیت، سعودیە، ئوردن) هەروەها وڵاتانی دیکە کە بە سیاسەتی عێراق کاریگەرن وەک وڵاتانی کەنداو و میسر، کە هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی باش و ئاسایی لەگەڵیاندا هەیە، دڵنیاییان پێدەدات، کە پێشنیارەکەی ئەو بە واتای تێکشکاندنی سنوورە نێودەوڵەتیەکان نیە کە بارزانی بە سنووری نیشتیمانی ناوی بردوون، ئەو گوتاری دڵنیایە بە دیاریکراوی ئارستەی ئەو وڵاتانەیە کە کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە و کوردیان تێدا دەژیێ، کە پێویست ناکات گومانیان لەو پێشنیارە هەبێت و بە مەترسی بۆ سەرخۆیانی هەژمار بکەن، لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی بە روونی و بە دیقەتەوە وشەکان هەڵدەبژێرێ، هەمووانیش دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتیەکی مەزن و مێژووی کە بۆ هەڵگرتن و هەست کردن بەو بەرپرسیارەتیە پێویستی بە نەترسان و دوو کەوتنەوە لە لاینەگری کردنی لایەنێک لە سەر حیسابی لایەکەی دیکە:" لهوه تێدهگهم بهشێكیان له ههرێمهكه ترسیان لهوه ههبێت ئهمه كاریگهریی لهسهر وڵاتهكانی خۆیان ههبێت، ئهگهر به ئاراستهی ئهو بیرۆكهیه ههنگاو بگرینهبهر و گهشتهكهمان دهستپێبكهین، بهڵام كاتی ئهوه هاتووه رێگهچاره نوێیهكان تاووتوێ بكهین، له ههمان كاتدا، كاتی ئهوهش هاتووه بهبێ ترس و لایهنگیری قسه بكهین". مەسرور بارزانی لە قسەکانیدا ئەو وڵاتانەش هاندەدات کە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە جورئەتەوە هەڵبژێرن و ئەوە بکەنە شاڕێگای گەشەپێدانی وڵات و خزمەتکردنی خەڵک و پێداچوونەوە بە کەموکوڕیەکان، لەو پێناوەدا ئەو دەستپێشخەریە و نەخشە ریگایە وەک کرانەوە بەسەر یەکتری دا و دەست کردن بە گفتوگۆیەکی بنیاتنەنرانە لە سەر ئاستی کۆمەڵگاکان(نەتەوە، ئاین و ئاینزاکان) کە بەرهەمدار بێت بۆ هەموو لایەک ئەوەش دەبێتە مایەی چارەسەری کێشەکان "من دڵنیام كه گفتوگۆی چڕ و پڕ و تاووتوێكردنی ئهم بابهته به ئاراستهی چارهسهری هاوشێوهمان دهبات، با چیتر شهرم لهوه نهكهین دان بهوه بنێین كه پێویسته ئازایهتی ئهوهمان ههبێت رووبهڕووی كهموكوڕییهكانمان ببینهوه. ئهو شێوه رێكار و رێكخستنه نوێیه خاڵی دهستپێك دهبێت بۆ گفتوگۆی نێوان كۆمهڵگهكان، ئهوانهی خاڵی دهستپێكیان له خاڵی بههێزی نێوان لایهنهكان دهستپێدهكات". رێکخستنەوەی رێڕەوەکانی پێکەوە کارکردن و ژیان لە دوو خاڵ دەخاتە روو، یەکەمیان رێزگرتنی دوولایەنە و دووەمیان رەچاکردنی بەرژەوەندی گشتی لە سەر ئاستی پێکهاتەکانی دەوڵەت لەو میللەتانەی تێیدا دەژین نەک تەنها لە چوارچێوەدانی دەوڵەت لەو کەسانەی کە دەسەڵاتەکەیان بەدەستە، ئەوەش پرسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پرسی دەسەڵات سەرلەنوێ دادەرێژرێتەوە بە شێوەیەک لە خزمەتی هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان بێت، هەرگیز ناکرێ وا لێک بدرێتەوە کە لە دژی پێکهاتەی دەوڵەتە وەک دامەزراوەیەکی سیاسی، یان لە دژی میللەتێکە بە لێستاندنەوە دەسەڵات یان کەمکردنەوەی، بەڵکو فەلسەفەی دەوڵەتداری و دەسەڵات لە تێڕوانینی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گوتارەکەیدا، دەکرێ بەو شێوەیە بخوێندرێتەوە کە دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتە لە نێوان ناوەند و هەرێمەکانە، بەبێ کەمبوونەوە لە بەهای دەوڵەت بەڵکو پێچەوانەکەی راستە:" له بهرژهوهندی ههموومانه، نهك تهنیا ئهو خهڵكانهی بهخۆیان دهڵێن عێراق، بهڵكو تهواوی ههرێمهكه به بهرفراوانی، ئهو مۆدێڵه، ئهوه رێكدهخات كه چۆن دهسهڵات و هێز له نێوان ناوهند و ههرێمهكان دابهش بكرێت، ئهم سیستهمه له بههای دهوڵهت كهمناكاتهوه. له راستیدا رێك پێچهوانهكهی لێدهكهوێتهوه، ئهویش ئهگهر مانهوهیهكی زیاتر و درێژخایهنتر دێنێته كایهوه، كه ئێستا بهردهست نییه".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆی دەزانێ خستنەڕووی ئەو جۆرە بیرۆکە و پڕۆژانە بە ئاسانی قبوڵناکرێن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، هەروەها دڵنیایە لەوەی کە کەس و لایەن هەنە، لە دژیان دەوەستنەوە، بۆیە هەوڵ دەدات کە سەرنجی هەمووان بۆ سەر راستەقینەیەکی دیکە رابکێشێ کە ئەویش پەیوەندی بە ئاستی هەرێمایەتیەوە هەیە، کە قبوڵنەکردنی ئەو پێناسانە بۆ دەسەڵات و ئەو فەلسەفەی حوکمڕانیە مێژووێکی خوێناوی و دوژمنکارانەی تا ئەمڕۆ درێژ کردۆتەوە، کە لە باشترین حالەتدا پەیوەندی میللەتانیان لە حالەتێکی نا دروست و نە پەسند هێشتۆتەوە، کە بەردەوام لە چەند دەستەواژەیەکی قەبەی بێ گیان گچکەیان کردۆتەوە، کە رەنگە دیارترین ئەو دەستواژانە 'دەستەواژەی برایەتی' نێوان گەلان بێت، کە لە باشترین حالەتدا لە نێوان میللەتانی سەر دەستە و میللەتانی ژێر دەستە، وەک پەیوەندی برای گەورە و برای بچوکە، کە برا گەورە واتا دەسەڵات و بڕیار دان، برای بچوکیش واتا پاشکۆ و خزمەتکار(بێگومان لە زۆربەی حالەتەکان بەوشێوەیە)، هەر بۆیەشە لە کلتور و زمانی میللەتانی ئەوروپی و بە تایبەتی لە زمانی ئینگلیزی برا گەورە – Big Brother هاو واتای دەسەڵات دەگەیەنێ، مەسرور بارزانی بانگردنەکەی لە هەمووان لە پیناو دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەو پەیوەندیانەیە کە لە سەر بناغەی دادپەروەری دابڕێژرێنەوە نەک لە سەر بناگەی یەکسانی کە هەرگیز وەدینایەت، بۆ ئەو مەبەستەش رێکاری کرداری و دوور لە دروشم و تیۆر و خۆ دووبارەکردنەوە پێشنیار دەکات، بۆیە دووبارە دڵنیایی بە وڵاتانی ئیقلیمی دەدات کە ئەو پڕۆژەیە جێگای مەترسی نیە لە سەر سنوور و پێکهاتەی دەوڵەتەکان، بەڵکو پڕۆژەیەکە بۆ چارەسەری لە چوارچێوەی سنوورە نیشتیمانیەکان بەلایەنی کەمەوە بۆ عێڕاق کە مەبەستی سەرەکی مەسرور بارزانیە:"دووباره دهمهوێت دووپاتی بكهمهوه، ئهو كێشانهی لێره دهیانخهمهڕوو، هیچ ههڕهشهیان بۆ سهر سنووره نیشتمانییهكان نییه. بهڵكو ئهمه له سادهترین شێوهی خۆیدا، دانپێدانانێكی زیاتره بهوهی له نێوانیان روودهدات و چۆن بتوانین به ئاراستهی باشتر گۆڕانكاری تێدا ئهنجام بدهین".
باسکردنی رۆڵی وڵاتانی ئیقلیمی لە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناکرێ تەنها لەو روانگەیەوە لێکبدرێتەوە کە ئەوان هەستیارن بەرامبەر بە هەر دەسکەوتێک کە لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد هەژمار بکرێ، بەڵکو لەو روانگەیەشەوەیە کە وڵاتانی ئیقلیمی کاریگەری زۆریان هەیە لە سەر بریاری سیاسی عێراقی، ئەوەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە لە دوو دەیەی رابردوودا رێگر بووە لە چارەسەرکردنی گرفت لە نێوان عێڕاقیەکاندا:"ئهوهش توانای عێراقمان نیشاندهدات له مامهڵهكردن و ئیدارهدانی كێشه ناوخۆییهكان، كه به ڕوونی دهریدهخات پرۆسهی بڕیاردان له بهغدا به تهواوهتی سهربهخۆ نییه". زیندووترین نموونە بۆ سەربەخۆیی نەبوونی بەغدا نەوەک تەنیا لە سەر ئاستی ناوەندە سیاسیەکانی، هەروەها دامەزراوەکانی حکومەت، بەڵکو سیستەمی دادوەری و بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری وڵات کە دادگای باڵای فیدڕالییە کە بە لە بڕیاری یەکلایی کردنەوەی کەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەری ئیقلیمی و لە بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی عێڕاق کە بە ئەجێندای دەرەکی گرێدراون بڕیاریدا، ئەوەش تێکڕای سیستەمی حوکمڕانی عێڕاق وەک وڵاتێکی فیدڕالی دەخاتە ژێر پرسیار، چونکە لە سادەترین وەسفدا سیستەمی دادوەری نادادوەرە:" له سهرهتای ئهمساڵدا، دادگای بهناو فیدرالی له بهغدا، بڕیارێكی دهركرد كه دژی مافهكانی ئێمهیه له پێشخستنی پیشهسازی نهوت و گاز، بڕیارهكهش به تهواوهتی بڕیارێكی سیاسی زهق بوو. بڕیارهكه له دژی ههڵوێستهكانی ئێمه سهرچاوهی گرتووه كه بۆ پێكهێنانی حكومهتی نوێی فیدرالی، گرتوومانهته بهر. دهزانین ههموو كێشه ههرێمییهكان له گۆڕهپانهكهدا یارییان پێدهكرێت، دهشزانین كێ له پشت ئهم یاری و بڕیارانهیه". ئەو ئاماژەیەی مەسرور بارزانی بە دادگای فیدڕالی لە بەغدا دەمانخاتە بەردەم راستەقینیەکی ترسناک، ئەو گوتەیەمان وەبیر دێنیتەوە کە دەربارەی بۆگەن بوون و گەندەڵی یان تێکچوونی بارودۆخێک دەهێندرێتەوە کە چارەسەرکەی زەحمەت بێ، چونکە ئەوانەی کە چاوەڕوانی چارەسەریان لێ دەکرێت خۆیان بوونەتە بەشێک لەو گەندەڵیە و بۆگەنیان کردووە، گوتەکە دەڵێت:"ماسی لە سەریەوە بۆگەن دەکات"، لێرەدا 'سەر' وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵات و خاوەن بڕیار بەکاردەهێندرێت.
لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی:
مەبەستی گەورەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەو گوتارەیدا، لە ئاراستەکردنی گوتارەکەی لە سەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی(هەرێمی کوردستان – عێڕاق) هەروەها لە سەر ئاستی هەرێمایەتی، سەرنج راکێشانی ئاستی سێیەمی گوتارەکەی بووە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە کە بەریتانیا سەبارەت بە کوردستان و عێڕاق، گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە، بەهۆی هەبوونی مێژووێکی هاوبەش کە خۆی لە دروستکردنی دەوڵەتی عێراق و پاشان دامەزراندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دانانی پادشایەک بۆی لە رێگای خواستنەوە لە ماڵباتێک کە رەچەڵەکیان بچێتەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام، چونکە ئیسلام وەک ناونیشانە گشتیەکە تاکە خاڵی هاوبەشی هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێڕاقە، کورد و شیعە و سوننە، لە قۆناغەکانی دواتریش تا ئێستا بەریتانیا لە هەموو گەورە و گچکەیەکی عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەیە، ئەو کاریگەری و ئامادەییەی بەریتانیا ئەوەندە ئاشکرا و هەست پێکراوە تەنانەت لە سەر ئاستی میللی و لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبۆچوونێک دروست بووە، کە رەگ و ریشەیەکی مێژووی هەیە و دەڵێن:"ئەگەر دوو ماسی لە بنی دەریا بەشەڕ بێن دەستی ئینگلیزی تێدایە".
بۆ ئێمەی کورد ئەو حەقیقەتە تاڵە زۆر ئاشکراتر و هەست پێکراوترە، بەریتانیا بە درێژیی مێژووی سەت ساڵی رابردوو بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو قۆناغەکاندا دژی خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستان وەستاوەتەوە، لە راگەیاندنی مەملەکەتی کوردستانەوە لە لایەن مەلیک مەحمودی حەفیدەوە، تا شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشی ئەیلول و لە هەموو ئەو کارەساتانەی بە سەر گەلی کورد دا هاتووە، بەردەوام لایەنگری بەغدا بووە، ئینگلیز دەوڵەتی عێڕاقی وەک منداڵی خۆی چاو لێکردەوە و پاراستوویەتی، هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بووە بەغدا بکاتە ناوەندێکی بەهێز و لەو رێگەیەوە ناسنامەی عێراقی بوون بکاتە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی سنووری بەزۆر سەپێندراوی عێراق دا دەژین، بەریتانیا لەوەی دووەم شکستی هێناوە، دوای سەت ساڵ نە توانی عێراق دروست بکات و نە عێڕاقی، بۆیە ئێستا کاتێکی گونجاوە کە سەرنجی بەریتانیا بۆ سەر خاڵی یەکەم رابکێشرێتەوە، کە دەکرێ لەو سنوورەی کێشراوە و ناوی لێندراوە سنووری نێودەوڵەتی، عێڕاقێکی نوێ بنیات بندرێتەوە، کە عێراقێکی نا ناوەندی(لا مەرکەزی) بێت، لە جیاتی ئەوە عێڕاقێک بێت بریتی بێت لە چەند ناوەندێک، هەر ناوەندە و مشوری کاروباری خۆی بخوا، بەڵام هەموو ناوەندەکانیش بە ئاراستەی تەواوکردنی یەکتر و بەهێزکردنی یەکتر کاربکەن و هەماهەنگ بن نەک پێچەوانەکەی. ئەوەش تەنها لە رێگای پێ رەوا بینینی مافە بە پێکهاتە سەرەکیەکانی عێڕاق لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان.
ئەوە ناوەڕۆک و کڕۆکی گوتارەکەی مەسرور بارزانیە کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵیدا موخاتەبەی عەقڵی وڵاتانی رۆژئاوایی و لە پێش هەموویانەوە بەریتانیا بکات، مەسرور بارزانی زیرەکانە، باسی لە شێوازی بەرجەستە کردن و بەکرادەری کردنی ئەو مافە کرد، ئەوەی لە سەر ئاستی هەموو عێراق و بۆ هەموو عێڕاقیان گشتاند، کاتێک ئاماژەی بە هەوڵەکانی خەڵکی بەسڕا کرد بۆ دەستبەرکردنی ژیانێکی شایستە، بە شێوەیەک بتوانن خێر و بێری شارەکە ببێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی، نەک هۆکاری هەژاری و دەردەسەریان بێت، هەمان شت بۆ شارە سوننە نشینەکانی وەک رومادی و موسڵ و تکریتیش راستە:"تهنانهت ئهوانهی لهسهر كاغهزیش سوودمهندبوون له عێراق نوێ، به ههمان شێوه شكستیان هێناوه. بهسره وهك نموونه، لهسهر دهریایهك نهوت و ژێرخانی ئابوورییه، بهڵام خهڵكهكهی له مافه ههره سهرهتاییهكانی بێبهشه"، " دانیشتووانی بهسره پێویسته مافی ئهوهیان ههبێت بڕیار له داهاتووی خۆیان بدهن، خهڵكی فهللووجه و رهمادیش به ههمان شێوه".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، بۆ پێداچوونەوە بە مێژووی ناوچەکە و راستکردنەوەی هەلەکان، لە سەر هەر ئاستی ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی رایدەگەینی کە:" ئێستا كاتی ئهوه هاتووه، زۆر راشكاو و راستگۆیانه له بارهی داهاتوو و پێشهاتهكان گفتوگۆ بكهین". بە بۆچوونی ئەو چارەسەریەکە خۆی لە نا ناوەند کردنی دەوڵەت دەبینێتەوە هەروەها گۆڕینی سیستەمی فیدڕالی بۆ سیستەمی کۆنفیدڕالی لە چوارچێوەی سنوورە نیشتیمانیەکانی عێراقدا، لەو پێناوەشدا لە کۆتایی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی داوا دەکا و هیوا دەخوازێ گفتوگۆکان لە سەر ئەو بابەتە بەردەوام بن.