Erbil 9°C شەممە 23 تشرینی دووەم 04:43

سوپای پاسداران بزمارێكی دیكه‌ی له‌ تابووتی رژیمی ئێراندا

ئێران شه‌ڕی ئیسرائیل ناكات و ناتوانێت شه‌ڕێكی له‌و جۆره‌یش بكات
100%

شه‌وی 13ی ئادار، سوپای پاسدارانی ئێران، له‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌ ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ 12 مووشه‌كی كاتۆشیای فاتێح هێرشی سه‌ر شوێنێكی مه‌ده‌نی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت كرد. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و هێرشه‌ بێجگه‌ له‌ زه‌ره‌ری مادی هیچ زه‌ره‌رێكی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بوو.

پاساوه‌كانی ئێران بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه‌ هه‌ر چه‌ند له‌ راستی زۆر دوورن به‌ڵام نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ ئێرانیش له‌ نێو خۆیدا رووبه‌رووی كێشه‌ و ناكۆكی ناوخۆیی بووه‌ته‌وه‌ و ترسی له‌ ده‌ستدانی هه‌ژموونه‌كه‌ی له‌ عێراق، تاروپۆی رژیمه‌كه‌ی ئێرانی ته‌نیوه‌.

سوپای پاسداران و میدیا جیره‌خۆره‌كانی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ هۆی هه‌بوونی بنكه‌ و باره‌گای ئیسرائیله‌وه‌ ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و ئامانجه‌كه‌یان پێكاوه‌. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت له‌به‌ر چالاكی حزبه‌ كوردییه‌كانی دژی رژیمی ئێران ئه‌و هێرشه‌ ئه‌نجام دراوه‌، بالیۆزی ئێران له‌ به‌غدا ده‌ڵێت هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر كۆنسۆلخانه‌ی ئه‌مریكا نه‌بووه‌.

ئه‌م سێ لێدوانه‌ جیاواز و ناكۆكه‌ی به‌رپرسانی ئێرانی، نیشانه‌ی درۆ كردنی رژیم، سوپای پاسداران و هه‌روه‌ها بوونی ناكۆكی زۆر قووڵ له‌ نێو جۆمگه‌كانی رژیمی ئێراندا ده‌سه‌لمێنێت.

ئێران شه‌ڕی ئیسرائیل ناكات و ناتوانێت شه‌ڕێكی له‌و جۆره‌یش بكات چونكه‌ توانایی سیاسی، ئابووری، سه‌ربازی و مرۆیی ئه‌م شه‌ڕه‌ی نییه‌ بۆیه‌ به‌ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ڵێ شه‌ڕی ئیسرائیل ده‌كه‌م. ئێران ئه‌گه‌ر توانای شه‌ڕی دژی ئیسرائیلی هه‌بایا، ئیتلاعاتی ئێران ئه‌گه‌ر به‌هێز بایا، ئه‌وا رۆژنامه‌نووسی ئیسرائیلی به‌ ره‌گه‌ز بریتانی كاترین شكده‌م، نه‌یده‌توانی به‌ ئاسانی بگاته‌ به‌یتی ره‌هبه‌ری و ببێته‌ راوێژكاری هه‌ره‌ نزیكی خامنه‌یی و سیخۆری له‌ 100 به‌رپرسی باڵای رژیمی ئێران بكات.

مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم پاساوه‌كانی رژیم بۆ هێرشه‌كه‌ دوورن له‌ راستی، ئه‌و شوێنه‌یش بۆردمان كراوه‌، له‌ رووی عه‌قڵی سه‌ربازی، ئیستیخباراتی و ئاسایشییه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی و ئیستیخباراتی گۆنجاو نییه‌.

مه‌به‌ستی راسته‌قینی ئێران له‌م هێرشه‌ سێ په‌یامی تێیادایه‌ كه‌ بریتین:

یه‌كه‌م: گوشار خستنه‌ سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مل كه‌چ كردن بۆ داواكارییه‌كانی ئێران و ئیتاری ته‌نسیقی ئێرانی بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تی نوێ عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆككۆماری عێراق. ئێران ده‌زانێت كه‌ رێككه‌وتنی سوننه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌در، هه‌نگاوێكی به‌هێزه‌ بۆ لاواز كردن و نه‌هێشتنی هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراقدا، بۆیه‌ ئێران له‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌ترسێت و ده‌یه‌وێت به‌مجۆره‌ هێرشانه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان ناچار بكات كه‌ خۆی له‌ سه‌در و سوونه‌كان دوور بخاته‌وه‌ و ده‌ست بخاته‌ ده‌ست لایه‌نه‌كانی دیكه‌ كه‌ فه‌رمان له‌ ئێران وه‌رده‌گرن.

دوویه‌م: ئێران به‌م هێرشه‌ په‌یامێك ده‌داته‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بواری وزه‌. ئێران پێ ناخۆشه‌ كه‌ حكوومه‌تی كوردستان به‌ شێوه‌ی راسته‌وخۆ ده‌ست به‌ به‌كار هێنانی كارتی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ بكات، چونكه‌ به‌كار هێنانی كارتی وزه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی لاواز بوونی پێگه‌ی ئێران له‌سه‌ر ئاستی جیهانی له‌ رووی وزه‌ و سه‌رچاوه‌كانی وزه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی غازی سروشتی.

په‌یامی سێیه‌می ئێران له‌م هێرشه‌ بۆ ئه‌مریكا بوو، ئێران به‌م هێرشه‌ ویستی جۆره‌ی نوێ مووشه‌كی فاتێح تاقی بكاته‌وه‌ و هاوكات به‌ ئه‌مریكایش بڵێت توانای لێدانی بنكه‌ و باره‌گاكانی تۆم هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌توانم به‌ مووشه‌ك لێیان بده‌م به‌ڵام مووشه‌كبارانیان ناكه‌م و وه‌ره‌ با له‌ دانوستانه‌كانی ڤییه‌نا له‌سه‌ر رێككه‌وتنێك كه‌ به‌ گوێره‌ی به‌ره‌ژوه‌ندییه‌كانی ئێران بێت رێك بكه‌وین.

سوپای پاسدارانی ئێران به‌م هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ی خۆی له‌ راستیدا بزمارێكی دیكه‌ی له‌ تابووتی رژیمی ئێراندا، چونكه‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی رۆژئاوایی به‌نیاز بوون له‌به‌ر گه‌مارۆكانی سه‌ر رووسیا، له‌گه‌ڵ ئێران رێككه‌وتن بكه‌ن و گه‌مارۆكانی سه‌ر نه‌وتی ئێران لا ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی  ئێران نه‌وت روانه‌ی بازاڕه‌كان بكات. به‌ڵام ئه‌م هێرشه‌ بوو هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌  نه‌ته‌نیا دانوسته‌كانی ڤییه‌نا رابوه‌ستێن، به‌ڵكو سه‌ناتۆرانی ئه‌مریكایی و به‌شێكی زۆری به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی رۆژئاوایی باسیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دوای هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نابن هیچ جۆره‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئێران ئیمزا بكه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌م هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆر گرنگی به‌دوای خۆیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق هێنا كه‌ ئه‌ویش، هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانه‌ بۆ دابین كردنی سیسته‌می دژه‌ مووشه‌كی سه‌رانسه‌ری بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، كه‌ ئه‌مه‌یش به‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆر گرنگی سیاسی و سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ئه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌ كورتی وه‌كو چۆن له‌ خستنه‌ خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ ئۆكراینییه‌كه‌، ئێران سه‌ره‌تا وای زانیبوو ئازایه‌تی كردووه‌ و هێزی خۆی نیشانداوه‌ به‌ڵام دواتر بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی كردووه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ كه‌وتووته‌ ژێر باری قۆرسی كۆمه‌ڵێك قه‌رزی زۆره‌وه‌، ئه‌مجاره‌یش سوپای پاسداران وای زانی ئازایه‌تی كردووه‌ به‌ڵام نه‌یزانی كه‌ به‌م هێرشه‌ هه‌یبه‌ت، مه‌سداقییه‌ت و حورمه‌تی خۆی به‌ ده‌ستی خۆی شكاندووه‌، بێجگه‌ له‌مه‌یش وای كرد كه‌ له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ ماوه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران درێژتر بكرێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش بۆ له‌ ناوبردنی رژیمه‌كه‌ی سوپای پاسداران گۆرزێكی زۆر كۆشنده‌یه‌.

ئه‌رده‌لان گۆران

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.