Erbil 15°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 19:45

كارته‌ لاوازه‌كه‌ی پوتین كاریگه‌ری چۆنی له‌سه‌ر رووسیا ده‌بێت؟

هۆكاری سه‌ره‌كی شه‌ڕه‌كه‌، هه‌وڵه‌كانی ناتۆ بۆ په‌ل و پۆ كردنه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا و نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ سنووره‌كانی رووسیا
100%

ئاڵۆزییه‌كانی نێوان رووسیا له‌گه‌ڵ ئۆكراینا و وڵاتانی دیكه‌ی رۆژئاوایی (ناتۆ) كه‌ ساڵی 2014 به‌ رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ دوو هه‌رێمی دونتسك و لۆهانسك له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا چه‌سپاندنی دوورگه‌ی كریمیا به‌ رووسیاوه‌ پێ نابوویه‌ نێو قۆناخێكی نوێیه‌وه‌، دواجار گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ دیپلۆماسی ئه‌نجامی نه‌بێت و شه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌كه‌ روو بدات.

ئه‌و شه‌ڕه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك بوو وڵاتانی رۆژئاوایی چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد دواجار سه‌عات 6ی به‌ره‌یانی ئه‌مڕۆ ده‌ستی پێكرد.  بێگۆمان سه‌رده‌ستی سه‌ربازی و ته‌كنۆلۆژیكی رووسیا له‌ به‌رامبه‌ر ئۆكراینا جێگای هه‌ڵسه‌نگاندن نییه‌ چونكه‌ رووسیا له‌ بواری سه‌ربازی و ته‌كنۆلۆژیای سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر له‌ ئۆكراینا له‌ پێشه‌وه‌یه‌. 

به‌ڵام ئایا ئه‌م سه‌رده‌ستییه‌ سه‌ربازی و ته‌كنۆلۆژیكییه‌ دبێته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی رووسیا به‌رامبه‌ر ئۆكراینا و ناتۆ یا نا؟

هۆكاری سه‌ره‌كی شه‌ڕه‌كه‌، هه‌وڵه‌كانی ناتۆ بۆ په‌ل و پۆ كردنه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا و نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ سنووره‌كانی رووسیا، ئۆكراینایش دوای وڵاتانی ده‌راوسێ خۆی، خۆ بۆ ئه‌ندام بوون له‌ ناتۆ ئاماده‌ ده‌كات و رووسیایش له‌ ترسی ئه‌مه‌، دوای بێ ئه‌نجام بوونی هه‌وڵه‌ دیپلۆماتیكییه‌كان، ده‌ستی به‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر ئۆكراینا كرد.


پۆتین ده‌ڵێت ئامانجمان داگیركردنی ئۆكراینا نییه‌ به‌ڵكو له‌ناوبردنی سوپا و توانای سه‌ربازی ئۆكراینایه‌. ناتۆیش كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژه‌ پلان له‌ دژی رووسیا داده‌نێت و ده‌یه‌وێت رووسیا به‌ سنووره‌كانی خۆی به‌رته‌سك بكاته‌وه‌ سووره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئۆكراینا به‌ڵام له‌ جیاتی ناتۆ، زیاتر وڵاتانی ئه‌ورووپایی وه‌كو وڵات و یه‌كێتی ئه‌ورووپا هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌مریكا نایه‌وێت وه‌كو وڵات راسته‌وخۆ ده‌ستوه‌ردانی دۆخه‌كه‌ بكات به‌ڵكو ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی ناتۆیه‌وه‌ كار له‌سه‌ر دروستكردنی هاوسه‌نگی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا بكات.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تایه‌وه‌ رووسیا دوو كارتی به‌هێزی هه‌بوو كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئۆكراینا و رۆژئاوا به‌كاریان بهێنێـت، یه‌كه‌میان هێزی سه‌ربازی و ئه‌وی دیكه‌یشیان دان نان بوو به‌ سه‌ربه‌خۆیی كۆماره‌ نوێیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا كارتێكی زۆر لاوازی رووسیایش هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌بێت.
پوتین هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی و ستراتیژیكی زۆر  گه‌وره‌ی كرد كه‌ وه‌كو یه‌كه‌م هه‌نگاو رێككه‌وتنی منیسكی هه‌ڵوه‌شاند و دوو كۆماره‌ تازه‌ دامه‌زراوه‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینای قه‌بووڵ كرد.

ده‌بوایا پوتین ئه‌م كارته‌ی دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌ به‌كار هێنابا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌ستكه‌وتی دیپلۆماتیكی به‌ده‌ست بخات، به‌ڵام پوتین به‌ هه‌ر هۆكارێك، كه‌ بوو كارته‌ به‌هێزه‌كه‌ی ده‌ستی وه‌كو یه‌كه‌م هه‌نگاو به‌كار هێنا ئه‌و جا ده‌ستی به‌ به‌كار هێنانی كارتی سه‌ربازی كرد. 

ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ پوتین بتوانێت سوپای ئۆكراینا له‌ ناو ببات یاخۆ ئۆكراینا داگیر بكات، له‌ حاڵه‌تێكی له‌و جۆره‌دا دیسا رووسیا ده‌بێته‌وه‌ جیرانی ناتۆ، چونكه‌ وڵاتانی ده‌راوسێ ئۆكراینا هه‌موویان ئه‌ندامی ناتۆن، هه‌ر بۆیه‌ به‌ داگیر كردنی ئۆكراینا، رووسیا ناتوانێت مه‌ترسی ناتۆ له‌سه‌ر خۆی دوور بخاته‌وه‌. 

واتا ئه‌و مه‌ترسییه‌ی پوتین ده‌یه‌وێت به‌ داگیركردنی ئۆكراینا له‌ رووسیای دوور بخاته‌وه‌، دوور ناخرێته‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێـت، بۆیه‌ ده‌ڵێم پوتین كارته‌ به‌هێزه‌كانی ده‌ستی زوو به‌كار هێنا و ئه‌نجامیشیان نه‌بوو.

كه‌ بێنه‌ سه‌ر كارته‌ لاوازه‌كه‌ی رووسیا و پوتین ئه‌وا پێویسته‌ باس له‌ دۆخی ئابووری رووسیا بكه‌ین. رووسیا له‌ سه‌رده‌می پوتیندا تۆزێك له‌ بواری ئابووریدا توانی بوو هێزی خۆی جارانی كۆ بكاته‌وه‌ و په‌ره‌ به‌ ئابووری وڵاته‌كه‌ی بدات، به‌ڵام پێ ده‌چێت كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ دووباره‌ هه‌ره‌س به‌ ئابووری رووسیا بهێنێـت. 

هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ساته‌كانی شه‌ڕدا به‌ هۆی دابه‌زینی له‌ راده‌بده‌ری پشكی بورسه‌ی رووسیا و گه‌وره‌ كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته‌، پوتین فه‌رمانی داخستنی بۆرسه‌ی وڵاته‌كه‌ی داوه‌، بێجگه‌ له‌مه‌یش به‌های رۆبیلی رووسیا به‌ رێژه‌ی سه‌دا 11 تا سه‌عات 12ی ئه‌مڕۆ كه‌ شه‌ش سه‌عات له‌ شه‌ڕه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێت، دابه‌زیوه‌.

به‌هێزی ئابووری رووسیا له‌ فرۆشتنی غاز به‌ ئه‌ورووپاوه‌ گرێدراوه‌، یه‌كه‌م گۆرزیش له‌ ئابووری رووسیا له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ وه‌شێنرا، ئه‌ڵمانیا به‌ فه‌رمی پڕۆژه‌ی نۆرس ستریم 2ی رووسی كه‌ گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی گواستنه‌وه‌ی غازی رووسییه‌ بۆ ئه‌ورووپا راگرت.
ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ گه‌مارۆ جیاجیاكانی وڵاتانی دیكه‌ كه‌ به‌سه‌ر رووسیایان سه‌پاندوونه‌.


له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌ورووپا هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆت كردنی غازی رووسی و ئاڵوێری بازرگانی له‌گه‌ڵ رووسیا ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ مسمارێكی گرنگی تابووتی ئابووری رووسیا.

بێجگه‌ له‌مه‌یش توركیا وڵاتێكی دۆستی رووسیا و ئه‌ندامی ناتۆیه‌، ئاڵوێرێكی زۆری بارزگانی له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی رووسیا زۆربه‌ی زۆری به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی له‌ توركیاوه‌ هاورده‌ ده‌كات، ناتۆیش گۆشار ده‌خاته‌ سه‌ر توركیا كه‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ رووسیا رابگرێت كه‌ ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆی دروست بوونی گرانی له‌ رووسیا.

زیاتر له‌مه‌یش، ئۆكراینا و ناتۆ داوایان له‌ توركیا كردووه‌ كه‌ رێككه‌وتنی مۆنترۆ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و رێگه‌ به‌ كه‌شتییه‌كانی رووسیا نه‌دات كه‌ هاتووچۆی قه‌ره‌دنیز بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌یش هه‌م له‌ رووی ئابووری و هه‌م له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ زه‌ره‌ری زۆری بۆ رووسیا ده‌بێـت. چونكه‌ به‌ رێگریكردنی هاتووچۆی كه‌شتییه‌ رووسییه‌كان ترانزیكی ئابووری رووسیا په‌كی ده‌كه‌وێت و له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی مۆنترۆ، رێگه‌ به‌ كه‌شتییه‌كانی ناتۆ ده‌درێت كه‌ ده‌ربازی حه‌وزه‌ی قه‌ره‌ ده‌نیز ببن كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌نگاوێكی دیكه‌ی مه‌ترسیداره‌ كه‌ رووسیا چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌كرد.

بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌توانین بڵێن كه‌ به‌ داگیركردنی ئۆكراینا له‌ لایه‌ن رووسیاوه‌، مه‌ترسی ناتۆ له‌سه‌ر رووسیا له‌ناو ناچێت چونكه‌ وڵاتانی ده‌راوسێ ئۆكراینا هه‌موویان ئه‌ندامی ناتۆن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێم پوتین هه‌ڵه‌ی ستراتیژیكی كرد و كارته‌ به‌هێزه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌تای یارییه‌كه‌دا به‌كار هێنا. دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ لایه‌ن رووسیاوه‌ ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ ده‌ستی وڵاتانی رۆژئاواییه‌ و هه‌موویان به‌ یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ئامانج كار له‌سه‌ر كارته‌ لاوازه‌كه‌ی رووسیا كه‌ ئابووری ئه‌و وڵاته‌یه‌، ده‌كه‌ن و مه‌به‌ستیان داڕماندن و هه‌ره‌س پێهێنانی ئابووری ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش مه‌ترسی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت بۆ رووسیا زیاتر ده‌كات.

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.